شۆڕشگێڕانی دوێنێ و بازرگانە نەفرەتلێكراوەكانی ئەمڕۆ

ژوان ئەحمەد سەعید 18/11/2018





دوێنێ... كەم نەبون ئەوانەی كە گیانی خۆیان بەخت كرد بۆ ئەوەی ئایندەیەكی باشتر بۆ نەوەكانیان‌و گەلەكەیان بەدی بێنن، ئەو ئایندەیەش ئەمرۆیە كە دڵنیام هەرگیز خۆزگەیان پێ نەخواستوە كە بیبینن.
كەم نەبون ئەوانەی كە لە بۆتەی خەباتی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، چەكی مەردایەتیان كردە شان‌و دونیایەك خەونی ئاڵو واڵایان هەبوو بۆ حزب‌و نیشتمانەكەیان، بەشێكی زۆریان بە ئاواتی بینینی ئەو رۆژە سەریان نایەوەو چونە كاروانی نەمران، بەشێكیشیان ئێستا هەناسەی سارد بۆ تەمەنی بەباچویان هەڵدەكێشن، چون ئەمرۆ بەرهەمێك دەبینن كە هیچی لەو بەرهەمە ناچێت كە لەناو خەیاڵدانی شۆڕشگێرشی خۆیاندا وێنەیان كێشابوو.
ئەمرۆش
چەند نیشتمانپەروەر‌و ئازادیخواز‌و شۆڕشگێڕی دوێنێ دەبینیت، گەیشتونەتە دەسەڵات‌و روخساری راستەقینەی دەركەوتوە، لە بەها شۆڕشگێڕیەكانی هەڵگەڕاوەتەوە، رابردوی بیرچۆتەوەو بۆ ئێستا ئایندەی دۆڕاندوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئێستاش خۆی بە شۆڕشگێڕەكەی دوێنی َدەزانێت.
چەند قارەمانی نەبەردی‌و داستانەكان دەبینی كە هەر گەیشتە رۆخی پارە‌و ناوبانگ، دوێنێی بیرچۆوەو نقوم بوو لە لیخنی گەندەڵی‌و بازرگانی، بەڵام خۆی بە قارەمانەكەی دوێنێ دەزانێت.
چەند سیاسی‌و فەرماندەی دوێنێت بینیوە، هەر هێندە لەسەر كورسی دانیشتن لە حزبەكەی‌و نیشتمانە بچوكەكەیدا بونە دیكتاتۆرێكی گرگن‌و بچوك، ئەوەی دوێنێ خەباتی بۆ دەكردن، ئەمرۆ خۆی دەیانچەوسێنێتەوەو‌و پاروی دەمیان دەدزێت، بەڵام دان بە راستی ئێستایدا نانێت‌و بە پەردەی سەروەری دوێنێ ئەمڕۆ قێزەونەكەی دەشارێتەوە؟
كێشە ئەوەیە، ئەم شۆڕشگێڕ‌و قارەمان‌و نیشتمانپەروەرانەی دوێنێ، خەباتی دوێنیان كردوە بە بلیتی چونە ژورەوە بۆ دونیای پارە‌و بازرگانی‌و گەندەڵی،‌و بەو عەبایەش كارەكانیان دادەپۆشن، بەڵام تا كەی؟
چەند..‌و چەند‌و چەند... تا كەی؟

لەمێژە بڕوام بەوە بوە، ئەگەر حزبێكی وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یان هەر حزبێكی دیكە، هەرەس بهێنێت‌و لە گۆڕەپانەكە نەمێنێت، ئەوا تەنیا یەك هۆكاری دەبێت: ئەویش دوركەوتنەوەیەتی لە خەمی خەڵك‌و سەرقاڵ بونی بەرپرسانیەتی بە بازرگانی‌و گەندەڵیەوە.
كە ئەمانە دەوترێ مەبەست ئەوەنیە كە ئیدی هەر ئەبێ خەباتگێڕان لەدوای سەركەوتنی شۆڕشیش بە جلوبەرگی دڕاوو‌و ژیانی كولەمەرگی دوێنێ ژیان بكەن، نەخێر، دەبێت پاداشت بكرێن‌و بەشێوەی شایستە سەیر بكرێن لەپای دەیان ساڵ لە برسێتی‌و ماندوبونیان بۆ خەڵك‌و نیشتمان‌و خستنە مەترسی ژیانی خۆیان‌و خانەوادە‌و كەسوكاریان، پێگەیەكی رەسمی‌و میللی گەورەیان هەبێت لە ژیان‌و دڵ‌و دەرونی خەڵكیشدا، بەڵام ئەوەش هەر بە بڕیار‌و كردار‌و گوفتاری خۆیان بەدەستی دەهێنن نەك بە بڕیاری دەوڵەت‌و خەڵك.
هەرچی شۆڕشگێڕە بەو شێوەیە بینیومانن یان لەسەریان بیستومانە، چی گیڤارا ی شۆڕشگێڕی نەمر، دوەم كەسی شۆڕشی كوبا بوو، پاش سەركەوتن‌و چونە ناو هاڤانای پایتەخت، وەك خۆی نەمایەوەو شۆڕش ڕێزی لێنا بە:
بوو بە باڵیۆزی گەڕۆكی شۆڕشی كوبا، چوە چەندین وڵاتی بێلایەن‌و چاوی بە سەركردەكانی وەك عەبدولناسر‌و جەواهیر لال نەهرۆ‌و تیتۆی یوگسلافیا‌و سۆكارنۆی ئیندۆنیزیا كەوت، سەردانی ئیتاڵیا‌و ژاپۆن‌و پاكستان‌و چەندین وڵاتی تری كرد.
كرا بە وەزیری پیشەسازی
كرا بە سەرۆكی پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوەی كشتوكاڵ
كرا بە سەرۆكی بانكی ناوەندی كوبا
پلەی رائید بوو لە سوپای كوبا
لە هەموو ئەركەكانی سەركەوت‌و سەلماندی پیاوی ئەركە گەورەكانە، زۆرینەی ئەو شوێنانەشی پێشخست كە درایە دەستی!!!
بەڵام گیڤارا تا رۆژی شەهید كردنی، وتەیەكی هەبوو دەیوت: هیچ ژیانێك لە دەرەوەی شۆڕش نیە
بەڵی هەر بەو شێوەیە ژیا وەك شۆڕشگێڕێكی سادە‌و ساكار لە خواردن‌و خواردنەوەو جلوبەرگ.. هەمان بەرگی لەبەر كرد‌و هەمان ڕێچكەی شۆڕشگێڕی هەبوو، بە كردەوە سەلماندی كە بەڵێ شۆڕگێڕی ئەو لەپێ،او خەڵكدابوو، بۆیە گیڤارا تا ئەبەد بە نەمری مایەوە، بەڵام بۆچی؟؟
چونكە راستگۆ بوو لەگەڵ دروشمەكانی خۆی‌و شۆڕش
چونكە پشتیوانی رەنجدەران بوو
تا دوا هەناسەی وەك شۆڕشگێڕ ژیا
یەك دۆلاری لە بانكدا جێنەهێشت‌و جگە لە موچەی خۆی هیچی نەبوو
كۆشكی نەبوو، ئوتومبێلی نەبوو.. خزمەتكار‌و پاسەوانی نەبوو
كوڕی خۆی بە وەزیر
كچی نەكرد بە وەزیر یان بەڕێوبەر
زاوا‌و دەست‌و پێوەندی نەكردە خاوەن كۆمپانیای بازرگانی
بەراوردی جیڤارا بكە بە شۆڕشگێڕانی كورد، لەناو شۆڕشگێڕانی كوردیش بەراوردی بكە بە سەركردەكانی یەكێتی، كە بە ویژدانەوە ترسنۆكترینیان دە هێندەی جیڤارا نەبەردی‌و شەڕی گەورەی كردوە‌و گیانبازی كردوە، بەڵام ئێستای هیچ لە رەوشتی شۆڕشگێرانە ناچێ.. ئێستای هەموویان نا بەڵكو زۆربەیان:
-بە كۆشك‌و دوو كۆشك قایل نیە‌و گرد‌و شاری دەوێت لەسەر خۆی‌و كوڕەكانی تاپۆی بكات
-بە باخە گشتیەكان سوكنایی نایەت دەشتی بەرین داگیر دەكات‌و دەیكات بە باخ بۆ خۆی‌و مناڵەكانی
-تا دوێنێ چەپێكی خاوەن رەوشت، ئەمرۆش كەم مێینە هەیە لە چنگی رزگاری بێ، بێرە قایل نین‌و بۆی هاوردە دەكەن
-بە خزمەتكار‌و دوان قایل نیە‌و دەیەوێ هەموو كورد خزمەتكاری بن‌و وەك كۆیلە‌و دەربار سەیری نەك كادرانی حزبەكەی بەڵكو تەواوی خەڵك دەكەن.
-باسی ئوتومبێل مەكە چونكە كێبڕكێ یە لەسەر ئەوەی فرۆكەی تایبەت هەبێ
-ساوەر‌و پەرشە كە خواردنی شاهانەیان بوو، گۆڕاوە بە جۆرەها خواردنی گرانبەها‌و نەك قایل نین بەڵكو بە فرۆكەی تایبەت دۆمینۆز‌و كینگ بەرگریان بە دیلیڤەری لە عەمان‌و ئەستانبوڵ بۆ دێت
-نەك خۆیان بگرە هاوبەشە گرگنەكانیان بونەتە خاوەن كۆمپانیا، كارخانە، بیناساز، بازرگان بە هاوردە‌و هەناردەوە... ئای لە نەگبەتی ئەوەی ڕێگە لە خۆی یان هاوبەشەكانیان دەگرێت... تۆ بڵێی كێ بتوانێت چونكە ئەو ( نیشتمانپەروەر‌و شۆڕشگێڕ‌و قوربانیدەرە؟؟؟!!!) ساڵەها بۆ گەلەكەی تێكۆشاوە!!!
-وشك‌و تەڕ، سەوز‌و مۆر، ئەبێت لە هەمویدا پشكی هەبێت ئەگەرنا!!!!
-لەبانكە خنجیلانەكانی ماڵەوەو ئەوروپا ملیۆن ژمارە هەر نیە بە ناوی خۆی‌و مناڵە چاوگەشەكانیانەوە
-لە تەماتەدا هاوبەشن، لە پەیین... چەوری.. كۆمپانیای ئاسایش، بیناسازی، بەنزیخانە‌و نەوت‌و نەفتا، پرۆژەی بازرگانی تا دەگاتە كارگەی پەشمەك‌و لوقمەقازی كە تەشتێك‌و پەرەمێزێكە.!!!
-شەڕە لەسەر ئەوەی كامیان كچەكەی بكات بە وەزیر، كامیان كوڕەكەیان ببێتە بكوژ‌و ببڕ
-لە هەمووی سەیرتر... ئەو نیشتمانەی خەباتیان دەكرد نەك دوو لەت بەڵكو پارچە پارچەیان كردوە... هەریەك خاوەنی میلیشیا‌و تاقمی مافیای خۆیانن‌و خودا نەكردە یەكێكی دڵسۆز بڵێ خواری برۆتان چاوە، ئەوا دۆزەخی بۆ دادەخەن!!!
ئەوەی نامۆیە، تێر ناخۆن... وەك دۆزەخیان لێهاتوە تا بیاندرێتێ دەڵێن: زیاتر هەیە؟
برایان، بەخودا قەسەم، ئەگەر شۆڕشگێڕ وەك ئێوە بێت، بڕوا بكەن ئەوا شۆڕش درۆیەكی گەورە بوە، لەدوای شۆڕشگێڕانی سەدەی رابردوو هیچ شۆڕشگێڕێك نەماوە.
بە گۆڕی شەهیدانی هاوڕێتان قەسەم، نە ئەوان‌و نە مام جەلالی ڕابەریشتان شۆڕشیان بۆ ئەمە نەكرد... كە ئێستا ڕێبازەكەیتان كردۆتە كراسەكەی عوسمان‌و كەسیشتان فڕتان بەسەر ڕێبازی مام جەلال‌و شەهیدانەوە نیە‌و نابێ تا خاوەنی ئەم رەفتارە مافیاییانە بن.
ئێوە نوێنەر‌و خۆشەویستی گەل بون، پێشەنگ بون، تۆبڵێی پێشەنگ بەم شێوەیە بێت؟؟  ناپرسن ئێوەیەك كە بە كۆڵ دەهێنرانە خوارەوە بۆچی بون بە بار بەسەر كۆڵی خەڵكەوە‌و ئێستا بەبێ پاسەوان ناتوانن تا بەردەرگای ماڵەكانتان ڕێ بكەن؟؟؟!! تێناگەن حزبەكەتان لە حەوت سەد هەزار دەنگ‌و پێگەی هاوسەنگ لەگەڵ پارتی بۆچی بۆتە خاوەنی تەنیا سێ سەد هەزار دەنگ‌و دوو هێندە كەوتونەتە پشتی پارتی؟؟ بیرناكەنەوە رۆژێك دێت بەرۆكی هەموتان دەگیرێت‌و لە لوتكەوە فڕێ دەدرێنە سەرنگوێلكی مێژوو؟؟؟
هیچ وتەی ترم نیە‌و ووتەی تر بۆ شۆڕگێڕانی ئاخر زەمان با بیڵێن
تێبینی: مەبەست لەم نوسینە هەموو كەسێكە كە ئەو سیفەتانەی تیایە بەبێ جیاوازی... هەموان خۆیان دەناسن؟؟؟؟؟!!!