وەڵامێك بۆ گۆران عەلی كەریم‌و رێبوار كەریم

ژوان ئەحمەد سەعید 22/07/2019

بۆ ئەوەی نائومێد بیت، ئەبێ لە كەلاوەوە نەهاتبی‌و نائومێدیت تاقی كردبێتەوە
وەڵامێك بۆ گۆران عەلی كەریم‌و رێبوار كەریم

 

لەدوای راگەیاندنی پرۆژەكەی مەلا بەختیار بۆ كۆنگرە‌و چارەسەری كێشەكانی یەكێتی بە دیاری كردنی ئەركەكانی قۆناغەكە، لێرەو لەوێ چەند دەنگێك، كەوتونەتە وەڵامدانەوە، كە كۆی نوسینەكان هێندەی تۆمەتبار كردن‌و هەوڵی بەلارێدا بردنە، هێندە هەڵسەنگداندنێكی عەقڵانی‌و لۆژیكی نیە بۆ ناوەرۆك‌و جەوهەری پرۆژەكە، كە ئایا لە سودی یەكێتی یە یاخود نا.
گشت ئەوانەشی كە وتاریان نوسیوە وەك وەڵام، تەنیا ئەوانەن كە هاودیدی كاك بەرهەم ساڵح بون لە هاوپەیمانێتیەكەی‌و بە ئێستاشەوە كەسیان بە رەسمی گەرانەوەی خۆیان بۆ ناو یەكێتی رانەگەیاندوە، بەڵام ئەوەی سەمەرەیە وەك یەكێتیەكەی ساغ سەلیم‌و عەیارە بیست‌و چوار خۆیان نمایش دەكەن، وەك ئەوەی ئەوان نەبوبێتن كە تۆمەت‌و وتەی ناشرینیان ئاراستەی یەكێتیەكەی مام جەلال كردبێت.
لە هەموو بوارێكی ژیاندا،  ئەندازیاری، تەندروستی، پەروەردە،.. هتد، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشە‌و نەخۆشیەك بكەیت، پێویستە سەرەتا هۆكار‌و نیشانەكانی نەخۆشیەكە دیاری بكەیت‌و پاشان دەست بە چارەسەری ئەو كێشە‌و هەڵەو نەخۆشی یە بكەیت، سیاسەتیش وەك هەموو ئەو بوارانەی تر پێویستی بە دیاری كردنی هەڵەو كێشەكان‌و دەست خستنە سەر برینەكانە بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاویان بكەیت.
ئەو بەرێزانەی وەڵامنامە بە ئیعازەكەیان داوەتەوە، ئاشكرایە كە هەمویان موچەخۆر یان دەست لەپشتدراوی كاك بەرهەم ساڵحن، بۆیە رەنگە ئاسایی بێت بە پرۆژەكە نیگەران بن‌و راستەوخۆ بەبێ خوێندنەوەی دەست بە تۆمەت بەخشینەوە بكەن.
یەكێك لەوانە، رێبوار کەریمی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیە وتارێكی  نوسیوە بەناوی گەرانەوە لە كەلاوەكانی دەوروبەرەوە، خۆی تا ئێستا هەر یەكێتی نیە كەچی لێمان بۆتە مامەڕیشەی سەردەم‌و بەرگری لە یەكێتی دەكات، دڵنیام ئەگەر پرۆژەكە ناوی بەرهەم ساڵحی تیا نەبوایە، بە یەك ووشەش نەیدەخوێندەوە، جگە لەوەی كاكی نوسەر باسی ئەوەمان بۆ ناكات لەو كەلاوەیەوە كە باسی دەكات ( سێ جار تكای كرد ببێت بە كاندیدی یەكێتی، قبوڵ نەكرا، بۆیە بوو بە هاودید).
یەكێكی دیكە، كاك گۆران عەلی كەریمە، كە وەك ئەوەی زۆر پەرۆشی یەكێتی بوبێت، باس لەوە دەكات كە ئەم پرۆژەیە نائومێدتری كردوە، بۆ كەسێكی نامۆ ئەگەر بیخوێنێتەوە، پێی وایە كاك گۆران لە نەهامەتیەكاندا فرمێسكی وەك دەریا بۆ یەكێتی هەڵرشتوەو قەڵغان‌و سپەری یەكێتی بوە، نەك ئەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح چوبێتە دەرەوەو لەوێوە بێحورمەتی نەما بە یەكێتی نەكەن‌و لە تەنگەبەرێكی زۆر پڕ شەرمەوە هاتبێتنەوە ناو یەكێتی.
بۆ ئەوەی نائومێدی بزانی چی یە، پێویستە نائومێدیت بینیبێت‌و تاقیت كردبێتەوە:
پێویستە تاقیت كردبێتەوە كەسێكی بە ئەمەك بوبیت بۆ پەیرەوی حزبەكەت‌و لەبەر چاوی خۆت دەیان‌و سەدان هاودید پلەیان بەرز كرابێتەوەو تۆش مەراقت لێ خواردبێت
پێویستە تاقیت كردبێتەوە تۆ خەمت بۆ دابەزینی دەنگی یەكێتی خواردبێت‌و هاودیدەكانیش پێكەنیان پێـ هاتبێت
پێویستە تاقیت كردبێتەوە كە كاتێك پەیڕەو دەكرێتە پەرۆیەكی پیس‌و فڕێ دەدرێت‌و مەحسوبیەت‌و مەنسوبیەت ‌و دەستەگەری دەكرێتە بنەمای رێزلێنانت، چ ئازارێكت پی َدەگەیەنێت
پێویستە تاقیت كردبێتەوە چەند بە ئازارە لوتكەی هەرەمی حزبەكەت كە جێگری سكرتێری گشتی یە بە چەپڵە‌و تەسكیە لە كۆنگرەدا دەربچوێنرێت.
دوا نائومێدی
خەڵك بە چەپڵە دەرچێنرا‌و دواتر جیابۆوە، تەزیر لە كۆنگرەدا كرا، هاودیدان بە پیلانگێڕی هێنرانەوەو بەلێشاو پلەیان دەدێتێ‌و دڵسۆزان خراونەتە كونجێكی تاریك، ئەمانە هیچی نائومێدیە گەورەكە نیە، نائومێدی گەورە ئەوەیە دوای خولێكی دیكەی هەڵبژاردن، ئەگەر یەكێتی چارەسەری كێشەكانی نەكات، كۆنگرەی گۆرانكاری نەبەستێت، ئەوا یەكێتی هەرەس دەهێنێت، ئەو كاتە نائومێدی گەورەی یەكێتی یە دڵسۆزەكان دەست پێ دەكات كە دەبینێت حزبەكەی مردوە، لەولاشەوە بەرپرسە گەندەڵەكان، بازرگانە سیاسیەكان، ئەوانەش كە بێ ئەمەك بون بەرامبەر بە مام جەلال، لە گەركەی پرسەی یەكێتیدا پێ دەكەنن، وەك چۆن لەكاتێك مام جەلال نەخۆش كەوت‌و لە سەرەمەرگا بوو، لە سالۆنی نەخۆشخانەكە بە نوكتە دەتریقایەوەو هەفتەیەكیشی نەبرد داوای جێگەی مام جەلالی دەكرد.