مەرگی هێواش یان كۆنگرەی ئازاد‌و گۆڕانكاری، یەكێتی كامیان هەڵدەبژێرێت؟

ژوان ئەحمەد سەعید 11/12/2018



بەر لە چەند مانگێك لە روخانی یەكێتی سۆڤێت، بۆریس یەلتسنی سەرۆك مەرسومێكی دەركرد كە بە كردار كاری حزبی شیوعی لە كارخانەو زانكۆكان‌و گشت شوێنكارەكانی تری روسیادا قەدەغە كرد وەك هەنگاوێك بۆ چاكسازی، بەڵام ئەو مەرسومە بوێرانەیەی یەلتسن لە هەندێك لایەنەوە پێویست نەبون، چونكە حزبی شیوعی یەكێتی سۆڤێت كە سەردەمانێك چەكێكی ڕێكخراوەیی ترسناك‌و كاریگەر بوو، كەوتبوە بارودۆخێكی خراپ‌و لەگیانەڵادا بوو لەڕوی هەژمون‌و گونجان لەگەڵ ئاراستە‌و بیركردنەوەی كۆمەڵ، بەویش بە هۆكاری دڕندایەتی‌و نەبونی توانای زۆر تیایدا بە جۆرێك كە ئیدی خەڵك گوێیان پێنەدەدا.
ساڵانێكە هەمان سیناریۆ لە تەواوی جیهاندا دەبینین، هەندێك حزب كە سەردار‌و گەورە‌و مەزن بون لە وڵاتەكەیاندا، توشی شكست‌و پاشەكشەی مەترسیدار دەبنەوە، هەندێكیان بە پلان هەڵدەستنەوەو هەندێكی تر لە قوڵایی خەونەكانیاندا ئامادە نین بێداربن تا كۆتایی دێن، ئەگەر ئەوەی حزبی شیوعی سۆڤێتی لێكدانەوەیەكی لۆژیكی بۆ بكرێت، ئەوا كشانەوەی حزبەكانی وەك فەرەنسا‌و هیند‌و پاشان بەراورد كردنیان بە لای خۆمان هەروا سانا نیە، بە تایبەت لە بەرامبەر حزبە كۆنەپارێزەكان وەك دەگوترێ ئەم پاشەكشەیە بكەیت.
لە فەرەنسا ئیمانوێل ماكرۆن پاش یەك ساڵ لە تەمەنی بزوتنەوەكەی توانی زۆرینە بەدەست بهێنێت، بەوەش توانی ئەگەرچی بە رواڵەتیش بێت حزبی سۆسیالیست رەوانەی زبڵدانی مێژوویی ترۆتسكی بكات، حزبی كۆماریخوازەكانیش كە سەر بە چەپە میانرەوەكانە دۆخی لەو باشتر نەبوو.
لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوش، لە هیندستان، حزبی كۆنگرەی هیندی، حزبەكەی جەواهیر لال نەهرۆی یەكەمین سەرۆك وەزیر، ئەو حزبەی سەركردایەتی هندستانی كرد بەرەو سەربەخۆیی، ئەم حزبە لە سایەی سەركردایەتی لاوازی بنەماڵەیی لەلایەن سۆنیا گاندی ( هاوسەری راجیف گاندی سەرۆك وەزیری پێشوو و نەوەی جەواهیر لال نەهرۆ‌و ئەندێرا غاندی سەرۆك وەزیر) هەروەها رائول ی كوڕی، وای بەسەرهاتوە كە ناتوانێ لەو شوێنانەش پارێزگاری لە قەڵەمڕەوی‌و دەنگەكانی بكات كە بە مۆڵگە‌و سەربازگەی حزبی كۆنگرە دادەنرا‌و تەنانەت باس لەوە دەكرێت حزبی بهاراتیا جاناتا لە ئێستاوە سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی 2019 دا مسۆگەر كردوە.
لە ئەفریقای باشور، حزبی كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی، كە سەركردایەتی وڵاتەكەی كرد بۆ ڕزگاربون لە سیاسەتی ئاپارتاید، دوای 18 ساڵ لە رۆیشتنی نیلسۆن ماندێلا لە سەرۆكایەتی، حزبەكە خەریكە هەرەس دەهێنێت بە هۆی سەركردایەتی پەڕپوت‌و گەندەڵكارانەی جاكوب زومای سەرۆكی پێشووی وڵات، ئەگەرچی سیریل رامافوزای سەرۆكی نوێ كەمێك هیوای بەخشی بەڵام هێشتا ئەو هیوایانە بۆ چاكسازی نەبونەتە راستی بە تایبەت لەناو حزبدا كە هێشتا سایەی زومای بەسەرەوەیە.
لە كەنەدا پارتی پارێزگاران بە تەواوی لەسەر شانۆی سیاسی سڕایەوە پاش ئەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا شكستی گەورەی توش بوو، بە جۆرێك لە كۆی 151 كورسی تەنیا دوو كورسی لەدەست نەدا.
شیكردنەوەی جیاجیا هەیە بۆ شكست‌و پاشەكشەی ئەو حزبە زەبەلاحانەی دونیا، بەڵام بەپێی وڵاتان ئەو هۆكارانە جیاوازن، بۆ نمونە لە حزبی كۆنگرەی هیندی، خۆسەپاندنی بنەماڵەیی بوە هۆی شكست، لە جەواهیر لال نەهرۆ بۆ راجیف‌و تا دەگاتە رائول، بنەماڵەی غاندی وەك ئەوە سەیری سەركردایەتی حزبی كۆنگرەیان دەكرد كە مافێكی بۆماوەیی یە‌و ناكرێت رەت بكرێتەوە، بەبێ ئەوەی توانا‌و لێوەشاوەیی ئەندامانی بنەماڵە لەبەر چاو بگیرێت ( بەشێك لەمەش لە حزبەكانی خۆمان بەدی دەكرێت).
لە حزبی كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی سەپاندنەكە شێوەیەكی دیكەیە، كە دەچێتەوە سەر ئەوەی لە حزبی شیوعی سۆڤێتی رویدا، كە بریتی بوو لە هەست كردن بەوەی دەوڵەت‌و هەرێمەكان موڵكی خۆیانەو ئیدی گەندەڵی‌و چەتەیی‌و سەرانە سەندن ببوە مافێكی پێدراو بە هەڵبژاردن بۆیان، ئەمەش حزبی لە لایەنگرە راستەقینەكانی دورخستەوە‌و تەنیا گروپێك لە ملكەچ‌و كاسەلێس مانەوە بۆ پیاهەڵدانی سەركردەكانیان، بۆیە لایەنگرانیش یەك ڕێگەچارەیان بۆ ماوەتەوە كە بە شوێن حزب‌و بەرنامەیەكی جێگرەوەدا بگەڕێن‌و هەرچی نوێ یە بە هیوای چاكسازی تاقی بكەنەوە ( ئەمە تا رادەیەك دەچێتەوە سەر دۆخی حزب لای خۆمان).

مەرگی حەتمی یان بورانەوە؟؟!!
بەڵام مەرگی حزبەكان هەمیشە حەتمی نیە لە جیهانی سیاسەتدا، حزب هەیە بەر لە گیانەڵا فریای بەخۆداچونەوەو چاكسازی دەكەوێت‌و خۆی لە مەرگی بێباكی ڕزگار دەكات، بەوەش خزمەت بە خۆی‌و وڵاتەكەشی دەكات.
بۆ نمونە حزبی شۆڕشگێڕانی دامەزراوەیی لە مەكسیك بۆ ماوەی 71 ساڵ سەرداری وڵات بوو، هیچ هێزێك نەیتوانی شانبەشانی سیاسەت بكات یان ڕكابەری بكات، بەڵام لە ساڵی (2000) نوچێكی گەورەی دا‌و كەوتە دواوە، بە جۆرێك كە زۆر لە لێكۆڵەر‌و چاودێران مەرگی ئەو حزبەیان جاڕدا‌و پێیان وابوو كە هەرگیز ناتوانێت جارێكی تر هەستێتەوە یان دەسەڵات بگرێتەوە دەست.
بەڵام ئەم حزبە بە بەرنامەیەكی تۆكمە توانی لە ساڵی 2012 بگەڕێتەوە دەسەڵات كاتێك ئینریكی بینیا نیتۆ گەیشتە سەرۆكایەتی وڵات‌و تا كۆتایی 2018 لەدەسەڵات مایەوەو لە ماوەی دەسەڵاتیدا ئاستی توندوتیژی كەم كردەوەو جەنگی بەرامبەر بە ماددەی هۆشبەر راگەیاند، بەر لەوەی لە 2018 مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆ بەسەریدا سەركەوێت كە سەر بە پارتی نوێبونەوەی نیشتمانی یە.
لەوانەیە هەر ئەم ئەگەرە هۆی ئەوە بوبێ كە بنەماڵەی غاندی‌و زوما گوێیان بە داڕزانی حزبەكەیان نەدابێ بەوەی هیوایان هەبێت كە حزبەكەیان دەتوانێ لەناو گۆڕستانی سیاسی هەستێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئایندەیان نادیارە.

یەكێتی پاشەكشەی بەردەوامی جەماوەری؟؟
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتی جەنابی مام جەلال، لە مێژوو ‌و خەبات هیچی لەو حزبانەی وەك كۆنگرەی هیندی‌و كۆنگرەی نیشتمانی ماندێلا كەمتر نیە، سەركردایەتی چەندین قۆناغی هەستیاری لە مێژووی كوردستاندا كردوە.
لەدوای هەرەسی شۆڕش، یەكێتی شانی دایە بەر هەستانەوەی شۆڕش، لە دوای ئەنفال‌و كیمیاباران خۆی ڕاگرت، ئەندازیاری ڕاپەڕین بوو، نەخشە داڕێژەری دروست كردنی حكومەتی هەرێم بوو، هەڵگری بەیداخی فیدراڵیەت‌و مافی چارەی خۆنوسین بوە، لە عێراقی دوای 2003 یش رۆڵی كاریگەری هەبوە، لە گشت ئەو قۆناغانەش روبەروی چەندین پیلانگێڕی بۆتەوەو بە سەركەوتووی لێی دەرچوە هەر لە كارەساتی هەكاری تا ناپاكی 31 ی ئاب.
بەڵام یەكێتی لە قۆناغی دەسەڵات، بە تایبەت دوای پرۆسەی ئازادی عێراق‌و بە بە تایبەتتریش پاش نەخۆش كەوتنی مام جەلال، تا دێت لەو یەكێتی یە دور دەكەوێتەوە كە سەرەتا دامەزرا‌و لەناو خەڵك بوو، ئەویش شیكردنەوەی خۆی هەیە كە نوسەر‌و رۆشنبیران تا هاوڵاتی سادە دركی پێ دەكەن چونكە لەناوخۆماندان.
یەكێتیەكانی سەرەتای راپەرین، سەركردەكانی ئەو سەردەمە، تەنانەت سەركردەكانی دوای شەڕی ناوخۆ، هیچ سیمایان ناچێتەوە سەر ئەوانەی ئێستا دەیانبینین، ئەو كات لەناو خەڵك بون‌و ئێستا لە سەرو خەڵك‌و دور لە خەڵكن.
تەنیا سەركردە‌و كادران نین، بەڵكو یەكێتی خەریكە دەبێـە مۆدێلێكی خراپتری تەوریس‌و ئاكاری خراپی حزبە كلاسیكیەكانی دیكە، بە جۆرێك بە تەواوی خۆی لە نوێكردنەوەو چاكسازی دورخستۆتەوە، وا بۆ نزیكەی دەهەیەكە نە كۆنگرەی بەستوە‌و نە لە ئاسۆشدا هیوایەك بەدی دەكرێت بۆ كۆنگرە، بێگومان جۆری كۆنگرەكەش هەر هیوابەخش نیە!!
هۆكارە خودی‌و تایبەتەكان زۆرن كە سەركردەكان چیان بەسەر یەكێتی هێناوە، ئەمەش زەمینەیەكی بابەتی خولقاندوە كە یەكێتی توشی ئیفلیجی كردوە، بەوەی حزبێك داینەمۆی گۆڕانكاری بوو لە عێراق‌و كوردستان، پەلوپۆی پەیوەندی تا ئەوپەڕی وڵاتانی زلهێزی جیهان رۆیشتبوو، ئێستا ناتوانێت لەناو خۆیدا بڕیار بدات، دیسپلین‌و پەیڕەوی ناوخۆ دیل‌و زەلیل كراوە‌و سەركردەكانی بە خواستی خۆیان بڕیار دەدەن.
باسەكە لەوە تێپەڕیوە كە چەند كوڕی ئەو بەرپرس یان كچی ئەم بەرپرس یان برازا‌و خوشكەزای هێنراونەتە پێشەوەو بونەتە بەرپرسی كەسانی ماندوو، لەوەش تێپەڕیوە كە چەند كەسی تێكۆشەر‌و پێشمەرگەی دێرین‌و زیندانی سیاسی دەبینیت بێدەرتان فرمێسك بۆ رابردوو هەڵدەڕێژێت.
هۆكاری ئێستای یەكێتی تێكەڵەیەكە لە ئەزمونی هەموو ئەو حزبانەی باسمان كرد، لەجیاتی بنەماڵەیی، تەوریسی سیاسی‌و دەسەڵاتی بنەماڵەكان بونی هەیە، گەندەڵی‌و بێباكی نەك سەركردایەتی بەڵكو ئاستەكانی تریشی گرتۆتەوە، چ لە حزب یان لە حكومەت، ئەمەش رەنگدانەوەی هەبوە لەسەر سۆز‌و لایەنگری جەماوەر بۆ یەكێتی.
ئەگەرنا هیچ لۆژیكێك ئەوە ناگرێتەوە لە شارێكی وەك سلێمانی، كە لە شەڕی ناوخۆدا خێزانەكان لە دەمی خۆیان دەگرتەوەو نان‌و هێلكە‌و خواردنیان بۆ پێشمەرگەی یەكێتی ئامادە دەكرد، شارێك دوای 31 ی ئاب سەركردەكانی یەكێتی بە كۆڵ دەهێنێتەوە ناو بارەگاكانیان، شارێك كە سەربازگەی قایمی یەكێتی بوە لە 1976 بۆ دوای ڕاپەڕین، ئێستا دەنگ نەدات بە یەكێتی.
لەوانەش بگەڕێ رەنگە هەندێك پێیان وابێ ڕستەی سۆزدارین، بابێینە سەر ژمارە:
یەكێتیبەرامبەر بە پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی بەم شێوەیە بوو:
1992 : 
پارتی 437.889 دەنگ
یەكێتی: 423.833 دەنگ

لە هەردوو هەڵبژاردنی 2005 و 2009 لەگەڵ پارتی بە یەك لیست دابەزین بە هۆی ڕێكەوتنی ستراتیژی.

لە هەڵبژاردنی 2013:
پارتی: 743.984 دەنگ
یەكێتی: 350.500 دەنگ

لە هەڵبژاردنی 2018:
پارتی: 688.984 دەنگ
یەكێتی: 319.912 دەنگ
ئەگەر بەراوردێك بكەیت لە نێوان تەنیا پارتی‌و یەكێتی، تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی گشت فاكتەرەكانی جیابونەوەو گەشەی حزبەكانی تریش، یەكێتی نەیتوانیوە پارێزگاری لە دەنگەكانی خۆی بكات چجای ئەوەی زیادی بكات یان گەشەی پێ بدات، سەرەڕای ئەوەی لە 1992 تا ئێستا 26 موالیدی تریش داخڵی هەڵبژاردن بون بەڵام یەكێتی پشكی تیا نیە.
باسی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق هەر ناكرێ چونكە جیاوازی‌و داكشانەكە ڕێژەیەكی زۆر زیاترە.
ئەوەی كە ئێستا سەركردەكان خۆیان یان كادرانی یەكێتی پێ سەرمەست دەكەن گوایا یەكێتی سەركەوتوە كە (21) كورسی بەدەست هێناوە لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، جگە لە خۆفریودان هیچی تر نیە، چونكە یەكێتی، هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن دەنگی كەمی كردوە تا دەگاتە ئێستا، جگە لەوەی پارتی دوو هێندەو زیاتریش كورسی لە یەكێتی هێناوە، هەڵبەت بەرپرسیارێتی گەورەش لەمەدا سەركردایەتی یەكێتی یە لە جێگری سكرتێر بۆ خوارەوە.

یەكێتی چی دەكات؟
بەپێی هەموو پێوەر‌و لێكدانەوەیەك، پێویستە ئەوانەی لافی خاوەندارێتی یەكێتی لێدەدەن، هەڵوەستەیەكی جدی لە ئاستی ئەم پاشەكشە بەردەوامەی دەنگی یەكێتی بكەن، هۆكار‌و ڕیشەكەی دیاری بكەن‌و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، راستە بۆ ئەم قۆناغەش دۆخەكە وا دەخوازێت بەپێی دەنگ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی نەكرێت‌و بون‌و پێگەكەی لە زۆنی سەوز بۆتە پارسەنگی دەنگەكان‌و ئەبێت وەك دیفاكتۆ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام بۆ داهاتوو بەو شێوەیە بەردەوام نابێت.
بەشێك لە چارەسەرەكان چارەسەری بڕیاردان‌و ڕەفتارین، بە تایبەت لەوانەی كە لەناو یەكێتی لە كەیسی گەندەڵی یان بازرگانی تێوەگلاون‌و وێنەیەكی خراپیان بۆ یەكێتی دروست كردوە لەبەردەم جەماوەردا.
بەشێكی تریش پەیوەندی بە تەمەنی سەركردایەتی یەكێتی‌و نەبەستنی كۆنگرەوە هەیە، چونكە هەموو ئەوانەی بە ناوی خوێنی نوێ خزێنرانە ناو سەركردایەتی یەكێتیەوە، لە ڕاستیدا نەوەی نوێ‌و خوێنی نوێ نین، بەڵكو نەوەی دوەمی شۆڕشگێڕەكان خۆیانن كە بۆ بەردەوامیدان بە بون‌و بەرژەوەندی خانەوادەكانیان دانراون، جگە لەوەی لە بواری فكری، بە هیچ گەنج‌و بیركردنەوەی نوێیان نیە، چجای ئەوەی پرۆژەی نوێ‌و گەنجانەیان هەبێت.
تاكە چارەسەر بۆ دۆخی چەقبەستوو و خراپی یەكێتی، بەستنی كۆنگرەیەكی ئازاد‌و چارەسەر ئامێز‌و گۆڕانكاریە، كۆنگرەیەك كە دەست بخاتە سەر برینەكان، گۆڕانكاری لە پەیكەرەی یەكێتی، شێوازی ئیدارەدانی یەكێتی، شێوازی كاری ڕێكخستن، هەروەها گۆڕانكاری لە سەركردایەتی یەكێتیدا بكات، كە مەرج نیە گۆڕانكاریەكە تەنیا پەیوەست بێت بە تەمەنەوە، بەڵكو پەیوەستە بەگۆڕینی ئەوانەی كە ڕەفتار‌و كردەوەكانیان بۆتە هۆی ناشرین كردنی وێنەی یەكێتی، لە قۆرخ كردنی بازاڕ‌و دروست كردنی كۆمپانیا‌و تێوەگلان لە سەودانامەی گوماناوی بازرگانی‌و شەراكەت‌و سەرانە سەندن لە سەرمایەدارە گوماناویەكان.
بەگوێرەی گشت هەڵوێست‌و كۆبونەوكانیش بێت، تا ئێستا كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری نەداوە كۆنگرە بكرێت، ئەگەر كۆنگرەش ببەستن ئەوا لیستێكی ڕەشی خۆیان دەبێت كە لەناو كۆنگرەدا تەنیا بە دەست بەرزكردنەوەو دەنگدانی ئەندامانی كۆنگرە سپی دەكەنەوە وەك پارە گوماناویەكان‌و بگرە بەشێكیان ترسیان هەیە ئەگەر كۆنگرە ببەستن پێگەكانیان لەدەست بدەن، ئەگەر دواتریش بڕیار بدات ئەوا وەك بڕیارەكانی بۆریس یەلتسن تەنیا بڕیاری پێش مەرگ‌و بێكاریگەری دەبێت، خۆ ئەگەر ئەوەش ببێتە ڕاستی، ئەوا مانای وایە یەكێتی لە دوڕیانی كۆنگرەی گۆڕانكاری‌و مەرگی هێواشدا، ڕێگەی مەرگەكە هەڵدەبژێرێت، بەو هیوایەی كە مەرگ نەبێت‌و تەنیا غەیبوبە‌و بورانەوە بێت.
بەڵام ئایا كەستان بینیوە لە گۆڕستانی  كۆما ( غەیبوبە) هەستابێتەوەو توانیبێتی باشتر لە جاران كاربكات؟؟ بە هیواین یەكێتی ئەو ڕێگەیە هەڵنەبژێرێت‌و تا زووە بڕیاری كۆنگرەی گۆڕانكاری بدات‌و كادرانیش لەو كۆنگرەیەدا بە چاوی ویژدانیانەوە یەكێتیەكەیان شەن‌و كەو بكەن، ئەوانە سزا بدەن كە بەرپرسن لەم رۆژە‌و كەسانێكیش بكەنە شۆفێری شەمەندەفەرەكەی یەكێتی كە بتوانێت بەرەو كەنارێكی ئارامتر‌و پڕ دەسكەوت بۆ حزب‌و خەڵك ئاراستەی بكات.