بۆ هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی پلە بەخشینەوە بە سەدەقە‌و پیاو پیاوێنە ڕابگرن

ژوان ئەحمەد سەعید 27/05/2019

 


چەند مانگێكە، گاڵتەجاڕیەك دەستی پێكردوە بۆ پلە بەخشینەوە لەناو یەكێتی، كە نەك كەسەكان، خودی پرۆسەكەش نوكتەی عەجایبی تیایە
- كادر هەیە داوای پلەیەكی كردوە، لە دوو رۆژدا دوو پلەی لە رێكخستن‌و لە مەكتەبەكان بۆ هاتۆتەوە
-كادر هەیە لە ژیانا نەماوە تازە پلەیان بۆ كردوە
- هەیە رۆیشتۆتە دەرەوەی وڵات‌و دەسبەرداری كاری حزبی بوە، كەچی تازە بە تازە پلەكەیان بۆ كردوە
جا ئەڵێی بە قورعە كردویانە، یەكێ: بەرز‌و یەكێك نزمی بۆ هاتۆتەوە، دیارە لە 2012 ەوە تا ئێستا ئەو كتابانە هەڵچنراون‌و ئێستا خەبەریان بۆتەوە.
لەوەش مەهزەلە تر، لە راگەیاندنی یەكێتی، كەسانێك لە 1993 لە راگەیاندن ئیش ئەكەن، كەسانێكی تر بەڕێوبەری كەناڵن، كەچی پلەیان بۆ نەكراوە، كەچی كارمەندی ئاسایی لە بێژەر‌و پێشكەشكار‌و پەیامنێر بە سەدەقە‌و پیاو پیاوێنە پلەیان دراوەتێ.
سەمەرەیە بەڕێوبەری كەناڵێك بیت‌و كارمەندێكی ئاسایی بەردەستت لەروی حزبی پلەی لە خۆت بەرزتر بێت، ئەمە هەرگیز لە ژیانی حزبایەتی یەكێتیدا نەبوە
ئەم لێشاوەی دەكرێت یەك هۆكاری هەیە، برایانی مەكتەبی سیاسی دەزانن كە پێكهێنانی حكومەت كۆتایی هات ئیدی بیانو نامێنێ بۆ نەبەستنی كۆنگرە‌و فشارەكان زۆر زیاد دەكات، لەئێستاوە بە حسابی خۆیان ئەیانەوێ پێگەی خۆیان لەناو كۆنگرە بەهێز بكەن.
ئەرك مەكێشن، بەپێی پەیڕەو‌و رێكارە باوەكان، لەدوای دروست كردن‌و دەسبەكاربونی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەوە، هیچ پلەیەك كاری پێ،اكرێ كە بدرێت،، لیژنەی ئامادەكاریش دوو ساڵ‌و شەش مانگە دروست كراوە بۆیە ئەم پلانە فریاتان ناكەوێ لە كۆنگرە.
لە كۆنگرەشدا، خەیاڵ‌و خەونەكانتان وەك خۆی دەرناچێ، چونكە كادر بە ویژدان ئەمجارە دێتە كۆنگرەوە نەك بە گیرفان‌و جبەخانە
لەسەر هەڵەكانی ئەم چەند ساڵە سزاتان ئەیات دەست بە دەرگای كەعبەشەوە بگرن، ئیدی پارەی نەوت‌و جەوت‌و دەمانچە‌و چەكەكانتان سودی نیە چەندە بیبەخشنەوە
پێویستە ئەنجومەنی ناوەند‌و كۆمیتەی سەركردایەتیش هەڵوێستیان هەبێت لە ئاستی ئەم بێ ئەرزش كردنی پلە‌و ئۆرگانی یەكێتی، چونكە ئەمەش بەشێكی ترە لە پیلانی لەبەریەك هەلوەشاندنی یەكێتی كە برایانی سەرەوە پەیڕەوی ئەكەن لەپێناوی مانەوەی كوڕ‌و كەسوكار‌و خزم‌و خوێشدا