تۆمه‌تی خیانه‌ت‌و ته‌متومانی رۆژگار
16/ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌تن‌و كه‌وتنێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو، له‌كه‌ركوك‌و سه‌راپای ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، قه‌وما. به‌دڵنیاییه‌وه، هۆكارو ئاسه‌واره‌كه‌ی، وه‌كو گه‌لێك كه‌وتن‌و هه‌ڵدێرانی تر له‌مێژووی نوێماندا، له‌ویژدانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان‌و دۆستانی ده‌مێنێته‌وه.
له‌ناو ئه‌م روداوه‌دا، ده‌سته‌واژه‌ی خیانه‌ت، هه‌م له‌هه‌ستی خۆرسكی خه‌ڵك‌و هه‌م به كۆنه‌قین، به‌فراوانی به‌كاردێت. كه پێمانوایه، نه مه‌رامی سیاسی به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی خیانه‌ت‌و نه به‌رگری كوێرانه‌ش، خزمه‌تی ده‌رخستنی راستییه‌كان، سه‌باره‌ت به روداوه‌كه، ناكه‌ن. به‌ڵكو مه‌ترسیی لێكترازان زیاتر ده‌كات!
مێژووی هاوچه‌رخی كوردایه‌تی، لێوانلێوه له تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن‌و هه‌ڵواسینی تۆمه‌ت. به‌ڵام زوو یان دره‌نگ، راستییه‌كان وه‌كو خۆیان هه‌ر ده‌ركه‌وتون. راستییه‌كانیش سه‌باره‌ت به كه‌تنه سیاسیه‌كان كه ده‌ركه‌وتن، به‌تایبه‌تی به‌به‌ڵگه‌نامه‌وه، ئیتر نه هاندانی سیاسی ده‌خوا‌و نه به‌رگری كوێرانه‌ش دادی كه‌س ده‌دات.
جیابونه‌وه‌ی ناو شۆڕشی ئه‌یلول، كه‌مێك بیر خۆمان بخه‌ینه‌وه، روداوێكی وه‌كو به‌یاننامه‌ی ئازار به‌س بوو، به‌دوربینیی ره‌وانشادان بارزانی‌و برایم ئه‌حمه‌دو مام جه‌لال‌و هاوڕێكانیان، كۆتایی به جیابونه‌وه‌یه‌كی خوێناوی بێنێ‌و لاپه‌ڕه ره‌شه‌كانی یه‌كتر به خاین له‌قه‌ڵه‌مدان دابخرێت. ده‌ركه‌وت نه (پارتی-مه‌لایی) جاشی سنتۆو به‌كرێگیراوی ئێران‌و ئیسرائیل بوون، نه (پارتی-جه‌لالی)یش، به‌كرێگیراوی حكومه‌تی عێراق، به‌ڵگه‌ش كه هه‌لومه‌رجی به‌یانی ئازار هاته‌گۆڕێ، هیچ لایه‌ك دادگایی لایه‌كه‌ی تری نه‌كرد. به‌ڵكو هه‌ردوولا، رێكه‌وتنی سیاسی‌یان قبوڵكرد. ئه‌مه‌ش هۆشێكی كوردپه‌روه‌رانه‌ی به‌رزی ئه‌وكاته بوو. شایه‌نی باسه به‌نده كه ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌م، له‌ساڵی 1989وه، ئه‌م بۆچونه‌م له كتێبی (شۆڕشی كوردستان‌و گۆڕانكاریه‌كانی سه‌رده‌م) بڵاوكردۆته‌وه، ساڵی 1992یش، سه‌باره‌ت به یه‌كگرتنه‌وه‌ی مه‌لایی‌و جه‌لالی، له‌گۆڤاری رابوندا، هه‌مان بۆچونم ده‌ربڕیوه.
كوردایه‌تی‌و حوكمی جوگرافیا
ناكرێ بیرمان بچێته‌وه، مێژووی كوردایه‌تی‌و هێزه سیاسیه‌كان، مه‌حكومی حوكمی جوگرافیای سیاسییه. كام لایه‌نی سیاسی هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان ده‌توانێ بیسه‌لمێنی، كه په‌یوه‌ندی به یه‌كێك له ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌وه نه‌بوه‌و نییه؟! به‌ڵكو چه‌ك‌و تفاقی شه‌ڕیشی لێوه‌رنه‌گرتبێ‌و شه‌ڕی ناوخۆشی پێنه‌كردبێ!!
ره‌نگه هه‌لومه‌رجی كه‌تنی 16/ی ئۆكتۆبه‌ر، له‌مێژوودا، ده‌گمه‌ن بێ. كه حكومه‌تی عێراق توانی، به‌ده‌ر له كه‌ین‌وبه‌ینی سازان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك، په‌لاماری فراوانی پارێزگاكه‌و ناوچه‌كانی تریشی دا. بۆیه هه‌لومه‌رجی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ره‌سمی! قه‌باره‌و هاوكێشه‌ی روداوه‌كانی به‌ره‌و هه‌ڵدێران برد. یه‌كێك له‌خراپترین لێكه‌وته‌كانیشی، دردۆنگی سیاسی‌و سایكۆلۆژییه. ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆدرنگی سایكۆلۆژییش، ماوه‌یه‌ك هه‌ڵچون‌و په‌لاماردان‌و ته‌نانه‌ت كار‌و كاردانه‌وه‌شه. به‌تایبه‌تی روداوێكی وه‌كو 16/ی ئۆكتۆبه‌ر، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ده‌ستدانی ده‌وروبه‌ری نیوه‌ی روبه‌ری باشوری كوردستان بوو. ناشكرێ، سه‌رجه‌م كۆنترۆڵكردنی ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، بۆ كه‌تنی كه‌ركوك بگێڕینه‌وه. چونكه، كاتێك شه‌نگال، داعش داگیری كرد، بۆ شه‌ڕگه‌كانی تر دانه‌ڕمان. به‌ڵكو له‌كه‌ركوك‌و خانه‌قین، سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ش به‌ده‌ستهاتن.
جگه له تێكچونی باری سایكۆلۆژی‌و ناكۆكی سیاسی‌و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه، ناكرێت چاوه‌ڕێی ئه‌نجامێكی تر بین. به‌تایبه‌تی ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كین، له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا، به‌ئاسانیی برین ده‌خه‌ینه ویژدانی یه‌كتر. به‌ڵام دره‌نگ سارێژی ده‌كه‌ین. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار چێژ له‌ئازاری ویژدانی به‌رامبه‌ره‌كانمان ده‌بینین. ئه‌مه‌ش جۆرێكه له‌كلتوری سادیزمی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، كه هه‌تا ئێستا له‌كلتوری سیاسه‌تی هاوچه‌رخیشماندا، كاریگه‌رییه‌كه‌ی ماوه.
به‌رپرسیارێتی ره‌سمی
من قه‌ت ناتوانم پاساو بۆ هیچ كاره‌ساتێك بهێنمه‌وه، ئه‌گه‌ر حزبه‌كه‌م به‌ره‌سمی به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی نه‌سه‌لماندبێ. ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سه‌لماندویه‌تی‌و رایگه‌یاندوه، ته‌نهاو ته‌نها، پێشنیاره‌كانی كۆبونه‌وه‌ی دوای نیوه‌رۆی (15/ئۆكتۆبه‌ری 2017)ی دوكانه، رۆژی پێش په‌لاماردانی كه‌ركوك. له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا، هه‌موو پیشنیاره‌كانی به‌غداد، به هێنانی لیوایه‌كی سه‌رۆك مام جه‌لال‌و پێكهێنانی هێزێكی هاوبه‌شی عێراق، كوردستان، ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیا، له كه‌یوان. هه‌روه‌ها، گفتوگۆكردنی بێمه‌رج له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور. به‌ڵكو له‌گفتوگۆشدا، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق پابه‌ندی چۆنایه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بێت، مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم كۆتایی پێبێت. جگه له‌م رێكه‌وتنه كه ده‌ستبه‌جێ له‌ناو كۆبونه‌وه‌كه ده‌وڵه‌تمه‌دار عه‌بادی لێ ئاگاداركرایه‌وه، هیچ جۆره رێكه‌وتنێكی تر، یان هیچ جۆره به‌ڵێنێكی تر، له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌ك كرابێ، یه‌كێتی وه‌كو سیاسه‌تی ره‌سمیی، لێی بێبه‌رییه. یان ئه‌گه‌ر وترابێ یه‌كێتی‌و پارتی پێشنیازه‌كانی به‌غدادیان قبوڵ نه‌كردووه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك، ئه‌مه‌ش خه‌ڵك چه‌واشه‌كردنه. ژماره‌ی شه‌هیده‌كان‌و به‌ره‌نگاری له‌به‌شێكی شه‌ڕگه‌كاندا، ده‌یسه‌لمێنێ كه یه‌كێتی، به‌ره‌سمی رێكه‌وتنی ژێربه‌ژێری نه‌بووه.
ئێستاش كاتی ئه‌وه نییه به‌وردیی باسی كۆبونه‌وه به كۆبوونه‌وه‌و هه‌ڵوێست به هه‌ڵوێست‌و لێكدانه‌وه به لێكدانه‌وه‌كانی یه‌كێتی بكه‌ین، له‌سه‌ر گرنگیی قبوڵكردنی به‌دیله‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاو كۆماری ئیسلامی ئێران‌و توركیا. ته‌نانه‌ت هه‌تا دواكۆبونه‌وه‌ی رۆژی (24/ی ئه‌یلول) رۆژێك پێش ریفراندۆم، پێداگیریمان له‌وه كرد كه به‌گشتی ریفراندۆمه‌كه نه‌كرێت‌و به‌دیله‌كه قبوڵ بكرێت، یان هیچ نه‌بێت له كه‌ركوك‌و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ئه‌نجامنه‌درێت.
ریفراندۆم‌و بڕیاری ره‌سمی یه‌كێتی
سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی‌و مه‌كته‌بی سیاسی جگه له‌و په‌یامه، هیچ بڕیارێكی تریان به وه‌فدی گفتوگۆی یه‌كێتی نه‌دابوو، هه‌تا هه‌ڵوێستێكی ترمان له‌كۆبونه‌وه‌كاندا، بۆ كشانه‌وه له ریفراندۆم، هه‌بوایه. به‌ڵكو له‌كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له(23/ئه‌یلول) له‌هه‌ولێر، كه به‌پێشنیاری به‌نده به‌په‌له رێكخراو (12) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌بوون، بۆئه‌وه بوو كه بیرخه‌ره‌وه (مذكرة)یه‌ك بده‌ینه پارتی‌و سوربونی یه‌كێتی له‌سه‌ر قبوڵكردنی به‌دیله‌كه رابگه‌یه‌نین، هه‌تا وه‌كو به‌ڵگه‌نامه لامان بێ، به‌داخه‌وه كه خرایه ده‌نگه‌وه، به جیاوازی (1) ده‌نگ پێشنیاره‌كه، وه‌كو نوسراو، سه‌رینه‌گرت. به‌ڵام به‌قسه، بۆچونه‌كه‌مان به‌ئاماده‌بونی یه‌كگرتوی ئیسلامی، له‌گه‌ڵ پارتی‌و بارزانی، خسته‌ڕوو.
روداوه گه‌وره‌كان له‌مێژوودا، هه‌تا هه‌مو لایه‌نه‌كانی ده‌رده‌كه‌ون، كاتی ده‌وێت. هه‌تا كاته‌كه‌ش ده‌ره‌خسێت، ماوه‌یه‌ك مه‌یدان مه‌یدانی هه‌لپه‌رست‌و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌و هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه. كه مه‌یدانی سیاسه‌تیش شێوا، ئیتر خه‌ڵكی بێ‌توانا ده‌بێت به پسپۆڕ‌و، دز ده‌بێت به فریشته‌و، تێكده‌ر ده‌بێت به بونیاتنه‌رو، زۆربه‌شی ئه‌نجامی شكست له‌خۆی دورده‌خاته‌وه. به‌راستی راستیان وتوه: كه سه‌ركه‌وتن خاوه‌نی زۆره‌و شكستیش لانه‌وازه.
قه‌تماغه‌كانی خیانه‌ت
با بێینه‌وه سه‌ر خیانه‌ت. له‌راستیدا، یه‌كێتی كه‌وتۆته به‌ر شاڵاوێك له ته‌متومانی رۆژگار. هه‌ستی برینداری خه‌ڵكیش، سازه، باوه‌ڕ به به‌شێك له‌م تۆمه‌تانه بكه‌ن. تۆمه‌تێكی گه‌وره‌ی ئاوها، كه جارێك نه حكومه‌ت، نه په‌رله‌مان، نه یه‌كێتی خۆی، ته‌نانه‌ت پارتیش لێكۆڵینه‌وه‌یان تێدا نه‌كردووه، زیانی سیاسی زۆری هه‌یه‌و ره‌نگه بشبێته هۆكارێكی لێكترازانی ئاشكراش! یه‌كێتی به‌ره‌سمی له‌دوا كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی، پێمانراگه‌یاندن، ئێمه لێكۆڵینه‌وه له كاره‌ساته عه‌سكه‌ریه‌كه ده‌كه‌ین، هه‌قه ئێوه‌ش لێكۆڵینه‌وه له كۆی پرۆسه‌كه بكه‌ن. چونكه روداوه‌كان، قسه‌كانی یه‌كێتییان له‌سه‌ر قبوڵكردنی به‌دیله‌كه، سه‌لماند. ئه‌وانیش گوتیان، بێگومان ئێمه‌ش لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین. به‌هیوا، هه‌ردوولامان بۆمان بچێته‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه بكه‌ین!!
وادیاره، هه‌تا كه‌مێك یه‌كتر ئازار نه‌ده‌ین، میلله‌تانی دواكه‌وتو، له‌گه‌رمه‌ی ئه‌م روداوانه‌دا، كه‌متر هانا بۆ لۆژیكی ئه‌قڵی ئه‌زموندیده ده‌به‌ین؛ به‌داوای لێبوردنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌كان باشتر به‌رجه‌سته بكه‌ین، ناچار ده‌بین، هه‌ندێك قه‌تماغه‌ی برینه‌كانمان هه‌ڵده‌ینه‌وه. له‌شه‌ڕی ناوخۆدا، له (1976)وه هه‌تا رێكه‌وتنامه‌ی واشنتۆن (1998) ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بیاتی یه‌كێتی‌و پارتی له شار‌و شاخ (هه‌تا راده‌یه‌ك هه‌ندێك لایه‌نی تریش) بخوێنینه‌وه، بۆ به‌خاین زانینی یه‌كتر، مره‌كه‌بی ئه‌ده‌بیاتمان برژێنینه روباری سیروان ره‌شی هه‌ڵده‌گێڕێت. كه‌س بیری نه‌چۆته‌وه، كه هاوكێشه‌ی ئیقلیمی‌و جه‌نگی عێراق-ئێران‌و روداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، یه‌كێتی‌و پارتییان چۆن برده سه‌ر دوو ئاڕاسته‌ی خوێناوی. یه‌كێتی شه‌ره‌فی هێزی پشتیوان‌و پارتیش هاوهه‌ڵمه‌تی پاسدارانی ئێران بون. به‌ڵام دوای رێكه‌وتنامه‌ی واشنتۆن‌و رێكه‌وتنامه‌ی ستراتیژی هه‌ردوولا، لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵدرایه‌وه‌و شان درایه به راپه‌راندنی گه‌لێك ئه‌ركی هاوبه‌ش، له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و كوردستان. وێڕای هه‌ڵه، ناهاوسه‌نگیی، كورتبینی رێكه‌وتنه‌كان‌و ده‌ستكه‌وته‌كان، كوردستانی خسته سه‌ر شاڕێی مێژووی شارستانی. تۆمه‌ته‌كانی ساڵانی رابوردوش، دیسان پێچرانه‌وه.
31/ی ئابه‌كه‌ی پارتی
زه‌قترین نمونه (31/ی ئابی 1996)ه. هه‌موو دونیا ده‌زانێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێران پشتیوانیكردنی یه‌كلایه‌نه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و پارتی له‌ساڵی (1993)وه هه‌تا (1996) گۆڕی به راگرتنی هاوسه‌نگی لایه‌نه كوردستانیه‌كان‌و پشتیوانی یه‌كێتیشیان كرد هه‌تا هاوسه‌نگیه‌كه تێكنه‌چێ، دۆخه‌كه وایلێهات، شه‌ڕێكی لۆكاڵی له باڵه‌كایه‌تی به‌س بوو، به بروسكه‌ی ره‌سمیی به‌رێز مه‌سعود به‌رزانی، سوپای عێراق هات هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانی داگیركرد‌و سوپای عێراق‌و هێزی پارتی پێكه‌وه، شه‌ڕی یه‌كێتییان كرد. سه‌دان شه‌هیدو برینداری یه‌كێتی‌و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، لێكه‌وته‌وه. بروسكه‌ی بارزانی، له‌رۆژنامه‌ی ره‌سمیی عێراق، بڵاوكرایه‌وه. كه‌چی پارتی ئێستاش قبوڵی ناكات له‌سه‌ر 31/ی ئاب پێیان بگوترێ: خیانه‌تیان كرد. به‌ڵام له‌هه‌مان ئه‌و ساڵانه‌دا (1994-1996) كۆماری ئیسلامی ئێران هاته سه‌ر ناوچه‌كانی یه‌كێتی، هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ری، پێنجوێن‌و ده‌وروبه‌ری، داگیركران. له‌یه‌ك بۆردوماندا قه‌ڵادزێ خه‌ڵتانی خوێن كرا. گه‌رچی یه‌كێتی گه‌مارۆدرا، به‌ڵام یه‌كێتی هانای بۆ هیچ وڵاتێكی ئیقلیمی نه‌برد، دژی پارتی. كه نه‌شمانتوانی كێشه سیاسیه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین شه‌ڕ قه‌ومایه‌وه‌و ئه‌مجاره، دوای ئێران‌و توركیا، نۆره‌ی توركیای ناتۆ هات‌و هێزی یه‌كێتی له (سپیلك‌و كڵاوقاسم‌و باڵه‌كایه‌تی‌و سه‌فین‌و خۆشناوه‌تی‌و شوێنه‌كانی تر) تێك‌شكێنران. له‌م ساڵه خوێناویانه‌دا هاوتای لوتكه‌ی عه‌سكه‌ریی، تراژیدیای ناكۆكی سیاسی، رویدا. دژایه‌تی گه‌یه‌نرایه شۆردنه‌وه‌ی پیرۆزییه‌كان. به‌ڵام له‌دوائه‌نجامدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی بابه‌تیی به‌ره‌و گۆڕانكاری له‌سه‌ر ئاستی عێراق، پێده‌گه‌یی، ئه‌قڵ زاڵبوو به‌سه‌ر توڕه‌یی، چارمان له‌به‌رده‌مدا نه‌ما، جگه له رێكه‌وتن، بۆیه رێكه‌وتنی واشتنتۆن هاته‌به‌ر. تۆمه‌ته‌كانی پێشتریشمان خه‌فه‌كرده‌وه. باشترین په‌یوه‌ندی له‌نێوان سه‌رۆك مام جه‌لال‌و سه‌رۆك بارزانیدا، هاته‌دی‌و گه‌یه‌ندرایه سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌غدادو سه‌رۆك كۆماری عێراقیش. هه‌تا مام نه‌خۆش كه‌وت‌و سه‌ره‌نجام ئه‌م شكۆی نیشتمانه ژیانئاوایی كرد، سوربوو له‌سه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ بنبه‌ستی سیاسی‌و لێكنه‌ترازانی په‌یوه‌ندی پارتی‌و یه‌كێتی.
خیانه‌ت‌و لێكۆڵینه‌وه
تۆمه‌تی خیانه‌ت، له‌دوای رێكه‌وتنی واشنتۆن، پێچرایه‌وه. گیانی پێكه‌وه خه‌باتكردن‌و ئه‌رك راپه‌راندن، زاڵكرا. ئه‌نجامه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و كوردستان، پێش روخان‌و له‌دوای روخان، بۆ هه‌موولایه‌ك ئاشكرایه. به‌داخه‌وه، له (16/ی ئۆكتۆبه‌ر)ه‌وه، گه‌ڕاینه‌وه بۆ ژینگه‌ی خیانه‌تخانه. كه ئه‌مه ئازاره سیاسیه‌كه‌ی یه‌جگار زۆره. دیسان ده‌یڵێمه‌وه، ئه‌م قسانه پاساوهێنانه‌وه نییه بۆ كاره‌ساتی ئۆكتۆبه‌ری كه‌ركوك‌و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان. به‌ڵكو راچڵه‌كاندنێكی دۆستانه‌یه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یان به‌كه‌مترین زیانی سیاسی، لێیبێینه‌ده‌ره‌وه، چونكه راسته كاره‌ساته عه‌سكه‌رییه‌كه روویدا، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی كاره‌ساتی سیاسیشمان هێشتا له‌سه‌ره. ئێمه دڵنیاین هه‌رچییه‌كی تر به‌سه‌ر دۆخی كوردستاندا بێت، ئه‌گه‌ر له‌كوردستان نه‌توانین كۆتایی به‌م تراژیدیایه‌ش بێنین، ئه‌وا دیسان دوای كاره‌ساتی تر‌و خوێنڕێژی زیاتر، له یه‌كێك له پایته‌خته‌كانی دونیا، هه‌ر رێكده‌كه‌وینه‌وه.
یه‌كێتی ئه‌ركێتی لێكۆڵینه‌وه له روداوی دڵته‌زێنی ئۆكۆتۆبه‌ر بكات. دیاره پارتیش، ئه‌ركی قورستره، بۆ پیاچونه‌وه به كۆی ئه‌و بڕیارانه‌ی دراون‌و ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌كۆبونه‌وه‌كاندا كراون. به‌تایبه‌تی خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی‌و ئیقلیمی پێش‌و پاش ریفراندۆم.
پێشینه‌ی كێشه‌كان له‌عێراقدا
ئه‌وه‌ی رویداوه، ده‌بێت هۆشیاری نه‌ته‌وه‌ییمان قوڵتر بكا، نه‌ك سه‌رگه‌ردانی سیاسیمان بكات. هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، هه‌بن ته‌واوی روداوه‌كان ته‌نها له بڕیار‌و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ببینن. ئه‌م جۆره تێگه‌یشتنه، له‌ناو هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان‌و راگه‌یاندندا، زاده‌ی قوڵبونی رقه‌به‌رایه‌تییه، نه‌ك لێكدانه‌وه‌ی بابه‌تی. له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌پرسین:
-ئه‌ی كێشه‌كانی سه‌رده‌می سه‌رۆك مام جه‌لال‌و سه‌رۆكوه‌زیره‌كانی عێراق له‌سه‌ر چی بوو؟ ئه‌ی بۆچی جه‌نابی جه‌عفه‌ری له سه‌رۆكوه‌زیران گۆڕا؟ ئه‌ی بۆچی كێشه له‌گه‌ڵ جه‌نابی مالكی گه‌یشته بنبه‌ست؟ كه‌ی ئه‌وكاته ریفراندۆم له‌ئارادا بوو؟
-كه سوپای عێراق بۆ خانه‌قین‌و كه‌ركوك نێردرا له (2007)، ئایا باسێك له ریفراندۆم له‌ئارادا هه‌بوو؟
-بۆچی (10) ساڵی ره‌به‌ق به‌سه‌ر جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌ی (140) تێده‌په‌ڕێت؟ ئاخۆ له‌سه‌ر ریفراندۆم ماده‌كه په‌كیخراوه؟
-بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پێش كێشه‌ی نه‌وت‌و غازیش، ئایا (5) ساڵه له‌سه‌ر ریفراندۆم راگیراوه؟
-له‌سه‌ر ریفراندۆم، له‌كابینه‌ی ئێستای حكومه‌تی عێراقدا، كه‌مترین پشك بۆ كورد دابینكراوه؟
-كێشه‌ی دوزخورماتوو چه‌ند ساڵه رویداوه‌و زیاتر له (300) كورد له‌سه‌ر ریفراندۆم، شه‌هیدكراون؟
-هێزی پیشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌به‌ر ریفراندۆم وه‌كو باقی هێزی چه‌كداری عێراق پڕچه‌ك ناكرێن‌و موچه‌یان پێ‌نادرێت؟
-سیاسه‌تی ته‌وافقی (سازان) كه تێزی سه‌رۆك مام جه‌لال بوو، له‌سه‌ر ریفراندۆم، له‌په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی عێراقدا، پێچراوه‌ته‌وه؟
-سوپای عێراق، له‌به‌ر ریفراندۆم له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی داعشدا هه‌ره‌سی هێنا؟
-كێشه‌ی نێوان سونه‌و شیعه، له‌عێراقدا، له‌به‌ر ریفراندۆم، گه‌یشتۆته بنبه‌ست؟
پاساوی ریفراندۆم‌و په‌لاماردان
بێگومان، ریفراندۆم، پاساوێكی گه‌وره بوو، بۆ عێراق‌و ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی، هه‌موو ئه‌و مه‌رام‌و ترسانه‌ی له‌ئه‌زمونی دیموكراسی باشوری كوردستان هه‌یانبوو، به‌زه‌بری عه‌سكه‌ری‌و پیلانی هاوبه‌ش، بیسه‌پێنن. كه‌هه‌رگیز نه‌ده‌بوو ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم، ئه‌م پاساوه‌یان بده‌ینه ده‌ست. به‌تایبه‌تی به‌رێز بارزانی. چونكه باش باش ده‌یزانی‌و ئه‌زمونیشی زۆر بوو، ئه‌م حكومه‌تانه چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ریفراندۆم‌و مافی چاره‌ی خۆنوسین. راسته‌وخۆ خۆشیان پێیانگوتین كه هه‌رگیز ریفراندۆمیان قبوڵ نییه‌و توندیش ده‌بن. ئه‌وه‌ی وتران بێهوده بوو. لێشمان قه‌وما. به‌ڵام ئه‌م راستییه نابێت له‌لایه‌كه‌وه، وامان لێبكات ده‌ستبه‌ردارمان بكات له مافه دیموكراسیه‌كان، چ له‌ناوخۆی كوردستان‌و چ له‌ناوچه‌كه‌ش. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، روداوه‌كان ناكرێ كێشه‌كانی رابردوومان له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد له‌بیر بباته‌وه. چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه چاره‌سه‌رنه‌كراوانه‌مان، كه حكومه‌تی به‌غداد له‌دوای روخاندنی به‌عسه‌وه (2003) لێی به‌رپرسیاره، بیربچێته‌وه، كه‌وابێ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ به‌غداد ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم ده‌بێت. ئه‌مه‌ش غه‌درێكی گه‌وره‌یه له مافه خوراوه‌كانی كوردستان.
ده‌ركه‌وتنی راستیه‌كان‌و ئه‌ركه‌كان
ئێستا كه سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ركه‌وت، كاردانه‌وه‌ی ئیقلیمیی سه‌پێنرا، گه‌وهه‌ری بیركردنه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی به‌رجه‌سته بوو، هه‌ڵه‌كانی خۆمان زانی، كاتی پیاچونه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌كی نوێی سیاسییه بۆ دانوستانێكی سه‌ركه‌وتوو. كه به‌داخه‌وه، له‌ساڵانی رابوردودا، به‌پێی پرۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه، هه‌رێمی كوردستان، دانوستانێكی باشمان له‌گه‌ڵ به‌غداد، نه‌كرد. به‌ڵكو بیانومان به‌یه‌ك ده‌گرت.
به‌رێز بارزانی، له‌كاتێكی گونجاوی یاساییدا، ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو. به‌مه‌ش، هه‌م خۆی له‌هه‌ڵمه‌تی ره‌خنه‌ی راست‌و ناڕاست سه‌رفراز كرد، هه‌م ده‌رگایه‌كی شایسته‌ی بۆ په‌رله‌مان‌و ده‌سه‌ڵاته‌كان كرده‌وه، بۆ ئه‌م قۆناغه، هه‌تا هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵبگرن. بۆ هه‌ڵبژاردن كاتێكی باش به‌رێوه‌یه، بتوانین باری گلاوی سیاسیمان راستبكه‌ینه‌وه. باری گلاویش، ته‌نهاو ته‌نها به ته‌حه‌داو چاوه‌ڕوانیی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی، راستنابێته‌وه. به‌ڵكو ده‌بێت به هه‌ڵسه‌نگاندن‌و ره‌خنه‌له‌خۆگرتن، به زانینی هه‌ڵه‌كان، به ده‌ستبه‌رداربون له قۆرغی ده‌سه‌ڵات، به راستكردنه‌وه‌ی پارسه‌نگی حوكمڕانیی، به دژایه‌تی راسته‌قینه‌ی گه‌نده‌ڵی، به ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی په‌رله‌مان، به ئاڵوگۆڕی پێویست له كابینه‌ی ئێستا، به چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگوڵه‌چه‌مه‌كانی خه‌ڵك (له‌پێشه‌وه‌دا پاشه‌كه‌وتی موچه) به شه‌فافیه‌تی داهات‌و لێپێچینه‌وه له‌هه‌موو ئه‌و كاره‌ساته ئابوریانه‌ی به‌سه‌رماندا هات، به رێگرتن له مشه‌خۆران‌و له قاچاخچیه‌كانی بازاڕ‌و مۆنۆپۆلی بنه‌ماڵه‌و داروده‌سته‌كان،.. تاد. ئه‌م هه‌نگاوانه له‌چه‌ند مانگی ئاینده، دڵنیایی ده‌داته رای گشتی گه‌له‌كه‌مان‌و پشتیوانی ئه‌زمونه‌كه‌شمان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی دنیاوه، ده‌هێنێته‌وه مایه.
تكایه به‌وه ده‌سخه‌ڕۆ نه‌بین، كه میلله‌ت په‌رۆشه ئه‌زمونه‌كه توشی شه‌ڕی ناوخۆ‌و هه‌ڵدێری سیاسی دوو ئیداره‌یی نه‌بێت. ئه‌م په‌رۆشییه، ده‌بێت له چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا، ره‌چاوبكرێت. نه‌ك وه‌كو هه‌موو جارێك، كێشه به كێشه بسپێرین‌و خۆمان‌و رای گشتیش چه‌واشه بكه‌ین.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا، نه ئه‌وانه‌ی پێش لێكۆڵینه‌وه، بڕیاری خیانه‌تیان داوه، بڕیاره‌كانیان بۆ ده‌چێته‌سه‌رو نه ئه‌وانه‌ش كه به كاردانه‌وه‌ی نابه‌جێ به‌رامبه‌ر پارتی، ده‌توانن هه‌ڵه‌كانیان دابپۆشن. باشترین ده‌سته‌به‌ریش، ئه‌وه‌یه كه‌وا:
یه‌كه‌م: رێگه‌ی هه‌ڵدێری دوو ئیداره‌یی دابخه‌ین.
دووه‌م: په‌رۆشی راستگۆیانه‌ی یه‌كێتی ناو یه‌كێتی بین.
سێهه‌م: ده‌سه‌ڵاته‌كان، ته‌نهاو ته‌نها بۆ ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی بگێڕینه‌وه.
چواره‌م: چیكه، سڵ له به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره، نه‌كه‌ین.