ماڵەكەی كاسیمیرۆ لەساتەوەختی یاری دێربیدا تاڵان كرا

وەرزش 29/09/2019

لەكاتی ئەنجامدانی یاری دێربی مەدرید دا لە نێوان یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدو ریاڵمەدرید كە بە یەكسانبون كۆتایهات، هەواڵێكی ناخۆش بە كاسمیرۆ یاریزانی ریاڵ مەدرید راگەیاندرا كە ماڵەكەی روبەڕووی دزی و تاڵانكردن بوەتەوە.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی رایگەیاند، لە كات و ساتی دزیكردنەكەدا ژن و منداڵەكەی كاسیمیرۆ ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریاڵمەدرید لە ماڵەكەدا بون، بەڵام پارێزراو بون و تەندروستیان باشەو روبەڕوی هیچ كارێكی نەخوازراو نەبونەتەوە. 
جێی ئاماژە بۆكردنە دزیكردن و بڕینی ماڵانی ئەستێرەكانی وەرزشی لە زۆرێك لە وڵاتان بونی هەیە بە تایبەتی لە ناوچەی "لا مورالیگا"ی ئیسپانیا كە زۆرترین رێژەی دزیكردنەكان لەوێ ئەنجام دەدرێت.
لە رابردوشدا زۆرێك لە ئیدارەی یانەكانی ئیسپانیا یاریزانەكانیان لەوە ئاگادار كردۆتەوە بۆ پارێزگاریكردن و چاوێریكردنی ماڵەكانیان پشت بە دانانی كامێرا ببەستن و ئاگاداری خۆیان بن و ئەو تۆماری ڤیدیۆیانەی لایانە بیپارێزن بۆ ئەوەی لەكاتی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسدا سودی لـێ‌ وەربگیرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش دزیكردن و تاڵانیكردنی ماڵی ئەستێرەكانی وەرزش بەردەوامی هەیە.