لۆپتیگی "پلانە ئەمەریكییەكە" رەتدەكاتەوە

وەرزش 16/09/2018


جولیان لۆپتیگی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی رەخنە لەو بیرۆكەیە دەگرێت، كە بەشێك لە یارییەكانی لالیگا ببرێنە دەرەوەی ئیسپانیا.
رابیتەی خولی ئیسپانیا لە چەند هەفتەی رابردوودا گرێبەستێكی 15 ساڵیی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەمەریكیدا ئیمزاكرد، بۆ ئەوەی ساڵانە بەشێك لە یارییەكانی لالیگا لە یاریگاكانی ئەمەریكا بەڕێوەبچن. سەرچاوەكان دەڵێن لەرێگەی ئەم گرێبەستانەوە رابیتەی لالیگا ساڵانە 250 ملیۆن یۆرۆ قازانج دەكات.
ئەم كارەی رابیتەی خولی ئیسپانیا ناڕەزایی توندی ناوخۆیی لێكەوتەوە، سەرباری ئەوەی یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەتەواوی ئەو بیرۆكەیەی رەتكردەوە، هاوكات كاپتنی یانەكانی خولەكەش پێكەوە هەڵوێستیان وەرگرت و داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیان كرد.
لەنوێترین پێهشهاتیشدا و وەك یەكەم ئەزموونی ئەو گرێبەستە، رابیتەی خولی ئیسپانیا داوای لە یەكێتیی تۆپی پێی وڵاتەكەی كرد كە یاریی نێوان بەرشەلۆنە و گیرۆنا لە میامی بەڕێوەبچێت لە رۆژی 26ی 1ی 2019دا.
لۆپتیگی راهێنەری ریاڵ مەدرید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا وتی "بەهیچ شێوەیەك پاڵپشتی ئەو بیرۆكەیە ناكەم، چونكە ئەمە هەلی یەكسان ناداتە یانەكان و هەندێكیان بە ناچاری دەبێت بچنە دەرەوەی یاریگای خۆیان، ئەمە نایەكسانییە".