قسەیەك لەسەر شەرەفی ژن و شەرەفی پیاو
ژن 16/06/2022
نەوال سەعداوی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بابان حەمە
لەپێشتردا چەندین نمونەی زیندومان لەسەر كاریگەری كولتور و ئاینەكان و چۆنێتی و جۆری بیركردنەوەی كۆمەڵ بەرامبەر شەرەف و بێ شەرەفی هێناوەتەوە. لەبەشی هەرەزۆری خێزان و نەریتی كومەڵە رۆژهەڵاتییەكاندا، بەتایبەت وڵاتە عەرەبییەكان، تەنها دەخزێتە یەك ووشەوە، ئەویش (سێكس)ە، تۆ سێكسی دەركەویت بێ شەرەفیت، جل ئازاد بپۆشیت بێشەرەفیت، ئازادبوویت بێشەرەفیت، رەخنەتگرت و بەبیری ئەو بیرت نەكردەوە، بێشەرەفیت.
سەیر و سەمەرە لێرەدایە، بەشی شێری ئەو بێشەرەفییە هەر بەرژن كەوتووە، بەو لۆژیكەی پیاو كەمترین بەشی لە بێشەرەفی بەر ئەكەوێت. بەهەمان ئەو لۆژیكەی پیاو لەشكڕبێ بێشەرەف نییە! تەنها لەشفرۆشی بێشەرەفییە، پیاو لەسەر شەرەف ناكوژرێ، چونكە شەرەفی پیاو هیچی لەسەر ناكەوێ!
لەپێشتریشدا نمونەیەكم لەسەر روانگەی كۆمەڵەوە لەسەر دوو ژن هێنایەوە، كە ئەگەر یەكێكیان جلی ئازادی پۆشیبێت، بۆ نمونە تەنورەیەكی كورتی لەپێدایەو تا نزیك ئەژنۆی دیارە، لەگەڵ كچێكی دیكەدا كە باڵا پۆشە، هەردووكیان ئەگەر لە زانكۆیەكی بۆ نمونە وەك هارڤارد یاخود ئۆكسفۆرد بخوێنن لە دید و ڕوانەگەی دەوربەریاندا شتێك نییە لە روانگەی شەرەفەوە پێوانەیەكیان بۆ بكرێت، رەنگە هەر بە یەك دید و ڕوانگە تێی بڕوانن وەك دوو فوتابی یان دوو مرۆڤی ئاسایی ئازاد لە پۆشین و ئازاد لە بیركردنەوە، بەڵام لە كۆمەڵێكی وەك مصر یان سعودییە یاخود یەمەن، دید و روانگەبۆ تەنورە كورتەكە، دیدێكی بێشەرەفانەیە! ئێ هەمان ئەو دیدەی كە پێی وایە ئەو تەنورە كورتە بێشرەف و ئابڕوە، شەو بەخەیاڵییەوە ئەنوێت و رەنگە خەیاڵەكانیشی لەگەڵ خۆیدا بباتە حەمامەكەیانەوە!
بۆیە لێرەوە دەگەمە ئەو راستییەی شەرەفی پیاو یاخود ژن، راستگۆییە، راستگۆیی لە بیركردنەوەو كردارو كردەوە، مرۆڤی بەشەرەف ژیانێكی دوالیزمەیی و جووتی نییە، مرۆڤی بەشەرەف لە یەك كاتدا جووتێك ژیان ناژی كە یەكێكیان ئاشكرایەو پڕە لە تەمسیلچێتی و ساختە، ئەوی دیكەشیان نهێنی و شاردراوە! بۆیە مرۆڤی بەشەرەف یەك ژیانی ئاشكراو بێ تەمسیلی هەیەو بیرو كردەوەی ناشارێتەوە، ئازادییەكانی خۆی ناشارێتەوە، لەبەرخاتری ئەم و ئەو هیچ شتێك ئەنجامنادات.
سەرچاوە: سایتی (الانوار)