دیموکراسی بە بێ کچە مۆدێل..!

ژن 14/07/2022

 شەماڵ بارەوانی

بەر لەوەی بچەمە سەر کڕۆکی بابەتەکە (دیموکراسی بەبێ کچە مۆدێل)، دەمەوێ ئاماژە بۆ گاڵتەجاڕی و مەهزەلەیەکی تری ئیسلامی سیاسی بکەم سەبارەت بە چەمکی(زۆرینە و کەمینە).
ئیسلامی سیاسی هەرجارەی گەر بیانەوێت ڕێگری لە ئازادی خەڵکێک بکەن و فشار درووست بکەن و عاتیفەی مێگەڵ و خەڵکێکی خالیولزیهن و ناڕۆشنبیر و سادە لەوح و بێ پاکگراوەند بجووڵێنێن، لە دژی ئازادی تاک و کرانەوەی جڤات و هەر نوێگەریەک و چەمکێکی تازەی دنیای مۆدێڕنێتە و بەرهەمی ئەقڵی ئازاد و جیهانی سیکۆلار، بە گوتاره خوڕافی و ئەقڵیەتە کلاسیکی و کۆنە خوازەکەی خۆیان، پەنا بۆ یاریەکی مناڵانە و فێڵێکی فێندەمێنتالستانە دەبەن و دێن و دەڵێن: کۆمەڵگای کوردی سەتا نەوەت پێنج و، نازانم ئەوەندەی موسڵمانە و نابێت ڕێگە بەکارێکی وابدرێت و خۆیان لە خەڵک و خوا دەکەن بە پۆلیسی دابوو نەریت و ئەخلاقی گشتی و دەرگاوانی بەهەشت.
جارێ لە کامە داتا دەڵێت:٩٥٪کۆمەڵی کوردی موسوڵمانە؟
دەڵێی هەرچی چەپ و کۆمەنیست و لائیک و ئەتایست و زەردەشتی و کاکەیی و مەسیحی و ئێزدی و جوی کوردستانە، حیسابیان کردووە!
دواتر دینی ئیسلام هەزار و یەک گروپ و حزب و مەزهەبی هەیه، کامە مەزهەب:شافیعی، حەنەفی، حەمبەلی، مالیکی، جەعفەری، زەیدی، موعتەزیلە، قورئانی، مورجیئە، باتنی، ئەبازییه، عەدنانی، قاعیدە، بۆکۆ حەرام، تاڵیبان، داعش، کۆمەڵ، یەکگرتوو، بزووتنەوە، سەلەفی جیهادی، سەلەفی مەدخەلی ..تاد.
بە درێژایی مێژووی ئیسلام هەموو یەکتری تەکفیر و تەبدیع و ڕەتدەکاتەوە.
دواتر بەو لۆژیکەی ئیسلامگەراکان بێت، مادام سەتا نەوەت پێنج گووتی: دەبێت کچە مۆدێل و هەرکرانەوەیەکی کۆمەڵ و ئازادیەکی تاک و تازەگەریەک و تێکەڵی هەردووک ڕەگەز لە قوتابخانە قەدەغەبکرێت.
کەواتە لە وڵاتانی ئۆروپا، کە موسڵمان و ئیسلام کەمینەی ناو کەمینانن، تەواو دروست و ڕەوایە، حەملەیەک بکرێت و بڵێن دەی دەبێت ئیسلام و موسڵمان بوون قەدەغەبکرێت!؟
ئەزیزم ئەو ئیسلامیه دیماگۆجانە بەرەواژو و هەڵە لە چەمکی زۆرینە و کەمینە حاڵی بوونە، زۆرینە بە واتای عەنتەری و سەپاندن و دکتاتۆریەت نایەت.
لە دیموکراسیەتدا، ٩٩٪ لەسەر بۆچوونەک بن و یەک کەسیش تەنها لەسەر بۆچونێکی دژ و پێچەوانەبێت، دەبێت حیساب بۆ بۆچوونی ئەو تاکە کەسە بکرێت و ڕێز لە حەز و خولیاو ئازادیەکانی بگیرێت.
ئینجا بابێمەوە سەر دیموکراسیی بە بێ کچە مۆدێل!
بیرمە لە فەقێیاتی بووم، ڕۆژێک لە کتێبخانەبووم، کتێبێک ناونیشانەکەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام و یەکسەڕ کڕیم و بردمەوە حوجرە و خوێندمەوە، کتێبەکە هی ژنە ئیسلامیەکی سیاسی ئیخوانی تورکی بوو، بەناوی(مەروە سەفا قەواقچی).
لەو کتێبه ئەو خاتوونە ئیخوانیستە فێندەمێنتالستە باسی لە مەزلومیەتی خۆی و کچە باڵاپۆش و لەچک بەسەرەکانی تورکیای سەردەمی دەسەڵاتی سیکۆلارستەکان دەکرد و لەوە دەدوا کە عەلمانیەتی تورکیا لێگری دەکەن ژن و کچکەکان ئازادی خۆیان مومارەسە بکەن و لەچک و باڵاپۆشی بکەن و لە تورکیا قەدەغەیە بەو ستایلە ئیسلامیه سیاسیە و مۆدێلە ئیخوانیه بڕۆیتە دام و دەزگاکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن.
منیش ئەوکاتە هەم فەقێ و هەم ئییسلامیەکی عاتیفی و دۆگمایی و فێندەمێنتالست بووم، لەژێر لێوەوە لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دێڕێک و هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەکی کتێبەکە، ڕق و نەفرەتێکی بێ ئەندازە هەموو بوونی دادەگرتم و دنیایەک جوێن و نەفرەتیم بۆ عەلمانیەت و دیموکراسیەت حەواڵەدەکرد و لەخۆمم دەپرسی و دەمگووت: مەعقولە دیموکراسی بە بێ حیجاب!؟
مەعقولە بانگەشەی دیموکراسیەت بکەیت و ڕێگریش لە لەچک و شتی خەڵکێک بکەیت؟
بێگومان بە زۆر لادانی لەچک و قەدەغەکرنجی حیجاب، هەمان شێوەی سەپاندنەکەی نموونەی:ئێران و ئەفگانستان و سعودیای پێشوو و دەوڵەتە گۆڕبەگۆڕەکەی داعشی تیرۆرست، کارێکی قێزەون و دژە ئازادی تاک و ئەنتی دیموکراسیەتیشە.
ئێستاشی لەگەڵ دابێت، هەموان و بەتایبەتی ئیسلامی سیاسی لە کورستان بەردەوام گلەیی لە دیموکراسیەت دەکەن و بە گەمەی غەرب و وڵاتانی کفری دادەنێن و تەنها وەکو پەیژە هەندێک شتی سادەی دنیای دیموکراسیەت بەکاردێنن و هەرگیز باوەڕیان بە گەوهەری دیموکراسیەت و حەقیقەتی چەمکی دیموکراسی نییە و دوژمنێکی سەرسەختی دیموکراسینە و خوا نەکات، دەسەڵات بکەوێتە دەستیان، کاکە دیموکراس گۆشە و گۆش سەر دەبڕن.
ئەو دیموکراسیه بەستەزمانەی کە ئیسلامی سیاسی پێی دەڵێن کەم و کوری هەیه و لێناگەرێت بە ئازادی بانگەشە بۆ دۆگم و ئیدەلۆجیا و بیر و باوەڕە ئیخوانچی و ئەجێندا تەعریبیەکەی خۆیان بکەن.
کە لەحەققەتدا درۆی دەکەن و ئەوە هەرگیز ڕاست نییە، ئەو ئازادیەی لێره هەیانە، لە هیچ وڵاتێکی تر بڕواناکەم هەیان بێت، لە کوردستان ئیسلامی سیاسی شەو ڕۆژ بانگەشە بۆ بیری شۆڤینی و فێندەمێنتالستەکەی خۆی دەکات و قسە به دیموکراسیەت و عەلمانیەت و فێمێنیزم و ئاژەڵدۆستی و مافی مرۆڤ و هەموو شتێک دەڵێت و بە هەرشتێک دا هەڵدەشاخێت کە لەگەڵ میزاجی داعشیانەو ئیدەلۆژیا کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەخوازەکەی یەکنەگرێتەوە و دژ و پێچەوانەبێت.
چەندان حزبی ئیسلامی سیاسی و دەیان کەناڵ و ڕادیۆ و ماڵپەڕ و ڕۆژنامەو گۆڤاریان هەیە و سەتان مزگەوت لەژێر دەستیانە و بەوپەڕی ئازادی کاردەکەن و بیری داعشیانە و دژە تۆلێرانسانە و دژە پێکەوە ژیان و نادیموکراسیانەیان بڵاو دەکەنەوە، بێ ئەوەی کەس پێیان بڵێت: سەرووی لێوەکانتان لوتێکە.
ئەو ئیسلامگەرایانەی دوژمنێکی سەرسەختی دیموکراسیەت و ئازادی و مافەکانی مرۆڤن.
جا دواڵیزم و دەبڵ مۆڕاڵی ئەو ئیسلامیه سیاسیانە لەوەدایە، فرمێسکیان بۆژنانێک دەڕشت کە لە تورکیا، بەناو عەلمانیە دژە دیموکراسیەکانی ئەوێ لێنەدەگەڕان بە لەچکی خەلیجی و حیجابی عەرەبی بڕۆنە زانکۆ و پەیمانگاکان( نەک قەدەغەکردنی تەواوی لەچک و حیجاب لەوڵات)،
کەچی پێش دوو ڕۆژە، لە سۆشیال میدیا ڤیدۆیەکم بینی لە ئێران کۆمەڵەک ژنی مەزهەبی خەرەفاو، کۆمەڵێک جەلاد و داچۆڕاو لە مۆڕال و ڕەوشت، کە ناویان لەخۆیان ناوە(پۆلیسێ ئەخلاق)، لە ناوەندی بازاڕ لە خانمێک دەدەن، بە پاساوی ئەوەی لەچک و ستایلی پۆشینی ئیسلامیانەو مەزهەبیانە نییه، سەدان کۆمێنتم خوێندەوە، هەموو ئیسلامیەکان و ئەو موسڵمانە بێ مۆڕاڵانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گۆتار و ئایدێۆلۆجیەتی داعشیانەی ئیسلامی سیاسی(ڕێزی زۆرم بۆ موسڵمانە ڕێزدار و باشەکان)، هەموان نووسیبوویان:(ئای دەستیان خۆش بێت) و زۆرێکیان ئیمۆجی پێکەنینان دانابوو وخۆشحاڵیان دەربڕیبوو، بەو لێدان و ئازاردانە.
جا لەهەمووی مەهەزەلەتر، کچ و ژنی واکۆمێنتی دەستخۆشییان بۆ پۆلیسی بێ ڕەوشتی و جەلادەکانی سەربە یاسای بەرد و مەزهەبی جەهالەت نووسی بوو، بێ لەچک و سینگ و قژ ڕووت و سمت پڕ سلیکۆن و کوڵمە و لێو لێوان لێو لە فیلەر و بۆتۆکۆس!
ئینجا بۆ قەدەغەکردنی کاری مۆدێل و ڤێتۆ خستنە سەر کچە مۆدێلەکان، باوەڕناکەم
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی هێندە کەسێکی دۆگمایی و دژە ئازادی تاک بێت، دڵنیام ئەو بڕیارەی چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، کە لەدژی کچه مۆدێلەکان دەریکرد، لە ژێر فشاری مێگەڵ(کۆمەڵ)ی کوردی و توڕەیی ئەو حەشامەتەی سۆشاڵ میدیا بوو، ئەو حەشامەتە قورمیشکراو ڕۆبۆتە بێ پاکگراوەندەی بووەتە بووکەڵەی دەستی ئەقڵیەت و خیتابی ئیسلامی سیاسی.
گەرنا لەکوێی دیموکراسیەت ئەوە جێگای دەبێتەوە، تۆ ڕێگری لە کچە مۆدێل بکەیت؟
بەڕێز سەرۆکی حوکومەت: لە نووسینیتریشم ئەو قسەیەم کردووە و لێرەش دووبارەی دەکەمەوە:
ئەوەی شارەزای ئەلفبێی دیموکراسیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، باش دەزانێت، کە کۆمەڵی کراوە و شارستانی و پێشکەوتوو و سیکیولەر و مۆدێڕن، هەرگیز، بە تەنها شوێنی ئایینێک و موڵکی فیکرێک و تاپۆی ئاڕاستەیەک نییە، بەڵکو چۆن مەعبەد و ئاتەشگا و کلێسا و مزگەوتی تیایە، ئاواش سۆزانیخانە و باڕ و مەلها.
چۆن مرۆڤی ئایینداری تیایه، ئاواش بێ ئایین و ئەتایست و مولحید و گومانگەرا.
چۆن مەلا و واعیزی تیایه، ئاواش کچە مۆدێل و گۆڕانی بێژ و شاجوان و سێکس فرۆش.
ئاخر مەعقولە دیموکراسی بەبێ کچە مۆدێل؟
تکایەکی برا بچووکانە، لەبرا گەوە دەکەم و پێت دەڵێم:
بەڕێز سەرۆکی حوکومەت، ئیتر واز لە چوار پێنج کچە مۆدێڵ بێنن و چیتر ڕادەستی داواکاری و مەتڵەبی ئیسلامی سیاسی نەبن، ئەو کچە مۆدێلانە هەڕەشه نین لەسەر داهاتووی جڤات و پێکەوەژیان و لێبووردەیی و یەکترقبوڵکردن و بە تەعریبکردنی ناو ناسنامەو فەرهەنگ و کلتور و هەموو شتێکی کوردی لە ژێر ناوی ئایین لەسەر دەستی ئیسلامگەراکان.
وەرن سەیرکەن بزان چۆن کۆمەڵی کوردی و تاکی کورد زۆربەی بووە بە داعش بیر و جوێندەر و دەمشڕ و توندڕۆ و کەوتووەتە ژێر کاریگەری گوتاری مەڵاو بانگخوازە ئێسلامەگەرا و فێندەمێنتالستەکان و گەمەی دەستی ئەجێندا وئیدلۆژیای ئیسلامی سیاسی.
وەرن سەیرکەن، لە سۆشیال بۆت جیاناکرێتەوە کامە: دەروێشی حزبێکی ئیسلامی سیاسیە و کامەی ئەندامی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێی ئیسلامیە.
نەوەیەک درووست بووە، نەوەیەکی داعش بیر، نەوەکی تۆتالیتار و داخرا، نەوەیەک لە دژی هەموو تازەگەریەک و شتێکی نوێ و جیاواز، لە دژی هەموو ئایینەکانی تر و دید و ڕوانگەکانی تر، دژی مۆسیقا و هونەر و تابلۆ و پەیکەر و هەرجیاوازیەک، هەمووی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی لەیەک سەنگەردان لە جوێندان و سوکایەتی پێکردن و دژایەتی کردن.
واز لەو چوار پێنج کچە مۆدێلە بێنن و وەرن فریای کۆمەڵی کوردی و ئەوە بکەون وسەیری ئەوە بکەن، ئەو پێکەوە ژیان و لێبوردەیی و ئاشتیە کۆمەڵایەتیە جوانەی کوردستان لە ژێر هەڕەشەدایه و ئەمرۆ، یان سبەی گەر نێینەوە هۆش، من و تۆ و هەر ڕۆشنبیر و تاکێکی لیبڕاڵ و سیکۆلار و کۆمەڵی کراوە، هەموان باجەکەی زۆر بە قورسی دەدەین.
ماوەتەوە بڵێم:وەکو مەریوان وریا قانع دەڵێت:
ئەوەی چاوی ھەبێت و ببینێت دەزانێت نەوەیەک لە داعشی نووستو لە کوردستاندا ھەیە، ئەم نەوەیە ھەرجارە و لە شوێنێکەوە شتێک لە عەقڵیەت و ئاکار و ڕوانینی ترسناکی خۆیان بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا و پەیوەندییە ئینسانییەکان، نیشانئەدەن.
لە ئایندەدا نموونەی ئەم جۆرە دیندارانە زیاتر و زیاتر دەبینین، ھیوادارم نەگاتە ئەوەی بە شمشێرەوە بەسەر شەقمەکاندا بڕۆن و کێیان بە بێدین زانی سەریببڕن!