ئەگەر من ژنی چوار پیاو بم

ژن 22/06/2022


وفا‌‌ سلطان 
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە:  بابان حەمە 

نانی ئێوارەم بۆ هاوسەرەكەم ئامادە دەكرد، نان و سفرەو خوان ئامادە بوو، دەبوو ئێستا لەماڵ بێت، بەڵام پەیوەندی كرد و ووتی كە ئەو ناتوانێت بێتەوە بۆ ماڵەوەو ئەم شەو لای (كەلسوم)ی ژنی دووەمیەتی..
دوو سبەیش دەچێتەی لای ژنی سێیەم (حەمدییە) و سێ سبەیش دەچێتە لای ژنی چوارەم (بەهییە) و ئەگەر هیچ ئاستەنگ و موقەدرێكیش ڕوو نەدات چوار رۆژی دیكە دێتەوە لای من كە (حوسنیە)م!

روو دەكەمە تۆ.. ئەی ئەوەی كە ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەمی پیاوێكی.. روو دەكەمە تۆ كە پێت بڵێم:  هیچ ژنێكی ئاسایی نییە لەسەر ئەم هەسارەیەدا فرەژنی مێردەكەی بێهیچ كێشەیەكی عەقڵی و دەروونی و جەسەتەیی و ماددیی قبوڵ بێت .. نەك هەر ئەمانە، بەڵكو بە بێ هیچ دوو دڵییەك دەیڵێم هەر ژنێكی سەر ئەم هەسارەیە فرەژنی مێردەكەی قبوڵ بێت یان  عەقڵی لەدەست داوە، یاخود هەڵخەڵەتاوە بە سامانی تەنگئەستوورە ژندارەكەی مێردی، یان ئەوەتا بە پلەی باڵا خۆی كەنیزەكە!

روی دەمیشم دەكەمە ئەو پیاوانەی كە فرەژنیان بەلاوە مەبەستە و تا چوار ناوەستنەوە! .. دەڵێم: ئەی ئەو پیاوانەی كە خولیاتان تەنها  بووەتە تێركردنی ئەوەی لەنێو پانتۆڵەكانتانە و ئاین و شەرع و ئاسمان و ڕێسمانتان كردۆتە خزمەتی ئەوەوە.. پێتان دەڵێم ئادەی چەند چركە ساتێك دیمەنەكە پێچەوانە بكەنەوە .. بڵێن چۆن؟! با ئێوە لە جێگەی ژنەكانتان فرە مێرد بن! .. بەیانییەك لە خەو رابێیت و نامەیەك لە لایەن ژنەكەتەوە بۆ هاتبێت و نوسرابێت (مێردی ئازیزم.. ئەم بەیانییە زوو چووم بۆ لای (جەمال)ی مێردی دووەمم.. ئێوارە لای ئەو دەبم و شەویش لەگەڵ ئەو دەنووم، سبەنێش دەچمە لای مێردی سێهەمم (ئوسامە) و دوای ئەوەو چوارەم رۆژیش دەچمە لای (حسین)ی مێردی چوارەمم.. 

ئەم قسانە بۆ پیاوێكی فرەژن بكەیت ئەگەر نەتكوژێت لانیكەم شتێكت لێ ئەكات! ئەگەر شتێكیشی لێنەكردی لانیكەم رەنگە لەبەردەمتدا بەتەقێتەوە.. یان هیچ نا خۆی توڕەو پەست بكات! 

ئێوەی هەوادارانی فرەژنیی! هەر بەخەیاڵكردنیش لەم ووشانە پەست دەبن و دەمووچاوتان گرژ دەبێت.. نا گیانە! نە پەست بنو نە ڕووتان گرژو مۆن بكەن، ئەوەی ئێستا پێی پەست بووی، خەیاڵكردن و بیركردنەوەی ژنەكانتانن لەسەر زەمینی واقعی فرەژنیی ئێوەدا..
پاساوتان ئەوەیە كە نێری چاكن و لە روی جنسییەوە پێتان وایە بە چوار ژن ئارامدەبنەوە! .. كە ئەمە پێچەوانەی زانست و دۆخی بایۆلۆژیی و فسیۆلۆژییە!.. 

ئازیزم.. بێ خەمبە و زۆر بیر لەوە مەكەرەوە و بیكەیت بە كێشە، كە منداڵم بوو لەكێیە! لە جەمال یان حسێن یان ئوسامە یان عەبدوڵا! .. پشكنینی DNA زوو بەزوو مژدە بە یەكێكتان ئەدات كە دەبێتە باوك! 

نەخێر.. هەموو ئەو ووتانەی كە ووتوومن، تەنها دروست كردنی بارودۆخێكی گریمانەكراوە كە پیاو خۆی بخاتە شوێنی ژن و ببێتە مێردی ژنێكی فرەمێرد! ئەگەرنا بەدڵنیاییەوە فرەیی ژن و فرەیی مێرد (كە نییە)، لەدەستدانی ئاوەز و عەقڵەو هەموو ژن و پیاوێكی عاقڵ و بەفام دەزانێت كە فرەیی ژن بۆ پیاو دەلالاتی راستەقینەكەی بریتییە لەوەی یان هۆشی لەدەست داوە، یان كەنیزەكی سێكسی قبوڵە یان بەرژەوەندیی مادیی و سامان بیر و عەقڵی پێفڕاندووە .. 


  
سەرچاوە: (الاهرام نیوز)