پێویستە بەرپرسانی تەندروستی لەسەر فڕێدانی پاشماوە پزیشکییەکان دادگایی بکرێن

ژینگە 14/07/2021


چاودێر

بەهۆی خراپ فڕێدانی پاشماوە پزیشکییەکانەوە، مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتییان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دروستبووە و حکومەتیش لەئاستیدا بێدەنگە، سەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستانیش جەخت لەئەوەدەکاتەوە، لەهەر وڵاتێکی دیکەبوایە بەرپرسانی تەندروستی دەدرانە دادگا.

مانگانە تەنها لە ناوەندى پارێزگاى سلێمانى ٥٠ بۆ ٦٠ تۆن لە پاشەڕۆى پزیشکى کۆدەکرێتەوە و بەشێوەیەکی نادروست فڕێدەدرێت، ئەمەش بۆتە جێی ناڕەزایەتی هاوڵاتییان، چونکە زیانێکی زۆری بۆ ژینگە و تەندروستی هاوڵاتییان هەیە، بەجۆرێک ڕۆژانە لە کوردستان ١٩ کەس  و لەسلێمانی ڕۆژانە هەشت کەس تووشی شێرپەنجە دەبن، بکە بەشێکی هۆکارەکەی ئەم بابەتانەیە.

سەروەر قەرەداغی سەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشەڕۆ پزیشکییەکان ئەگەر لەهەرشوێکى ترى جیهان بەرپرسانی تەندروستی دادگایی دەکران، بەڵام بەداخەوە نە دادگا سەروەرە نە یاسا.

وتیشی: ئەوەى هەیە کوشتنى مرۆڤ و ژینگەیە بەئەنقەست و بەبەرچاوى هەمووانەوە، هەمووانیش بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن، لەکاتێکدا نەک بۆ ئێستا بەڵکو ژیان و ژینگەى نەوەکانى داهاتوش لە ناو دەبات.

وتیشی: خەڵک و وەزارەتى تەندروستى تەنها کۆرۆنایان وەک ڤایرۆس ناسیوە، بەڵام تەنها کۆرۆنا ڤایرۆس نییە، فڕێدانى ئەم پاشەڕۆ پزیشکییانە لەژینگەدا ڤایرۆسێکە لە کۆرۆنا مەترسیدارترە.

ئاماژەى بەئەوەشدا، لە ڕێگەى شەش سوتێنەر پاشەڕۆکان دەسوتێنرێت، بەڵام بەهۆى نەبونى کارەباى بەردەوام و کارنەکردنى ٢٤ کاتژمێرى سوتێنەرەکان تواناى سوتاندنى تەواوى پاشەڕۆ پزیشکییەکانیان نییە، بۆیە پاشەڕۆیەکى زۆرى پزیشکى لەناو حەوشەى پڕۆژەکە کۆکراوەتەوە، کە بەبەردەوامى تیشکى خۆر لێى دەدات و لە ڕێگەى بەهەڵمبون و هەوا و ئاوى بارانەوە تێکەڵ بە ژینگە دەبێت، ئەمەش سەرچاوەیەکە بۆ بڵاوبونەوەى چەندین جۆر نەخۆشى.

زیاتر ڕوونیکردەوە، پاشەڕۆ پزیشکییەکان زۆرن و سوتێنەرەکان تواناى لەناوبردنى پاشەڕۆکانیان نییە، بەوهۆیەوە هەفتانە زیاتر لە سەدان تۆن لە پاشەڕۆى پزیشکى لەناو خاکى تانجەرۆ فڕێدەدرێت، پاش تێپەڕبونى ماوەیەکى درێژ، کە هەندێکجار درێژ دەبێتەوە بۆ زیاتر لە مانگێک لەلایەن ئامێر و تیمەکانى شارەوانییەوە، خۆڵى بەسەردا دەکرێت یان بۆ هەتا هەتایە بەسەر دانەپۆشراوى دەمێنێتەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ دەبن بە بەرکەوتەى ئەو پاشەڕۆیانە.

ناوبراو لەبارەى کاریگەرییە خراپەکانی بۆ تەندروستی مرۆڤ ئەوەی خستەڕوو:

•           كاریگەری خراپ لەسەر مێشك و گورچیلە و جگەر دروست دەکات.
•           كاریگەری نەرێنى لەسەر سیستمی بەرگریی لەش و گەشەكردنى مرۆڤ دروست دەکات.
•           دەبێتە هۆکارى تووشبوون بەنەخۆشى شێرپەنجە.
•           بڵاوبونەوەى چەندین جۆر لە نەخۆشى تاڕادەى کوشتن، بەهۆى تێکەڵبونى زیندەوەران و ئاژەڵان بە پاشەڕۆ پزیشکییەکان.


ئەوەشی باسکرد، فڕێدانى پاشەڕۆ پزیشکییەکان لە ژینگەدا تاوانێکى گەورەیە، کە بەهۆیەوە کاریگەرى خراپ لەسەر پیسبونى ڕەگەزە ژینگەییەکانى ئاو و هەوا و خاک دروست دەکات:
•           ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆى پیسبونى خاک.
•           دەبێتە هۆى پیسبونى ئاوى ژێر زەوى.
•           لە ڕێگەى باراناوەوە، دەڕژێتە ناو لقى تانجەرۆ و دواتر بۆ ناو بەنداوى دەربەندیخان کە سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى زیاتر لە هەزاران مرۆڤە! هەر بەهۆى پیسبونەوە ژیانى زیندەوەرانى ناو ئاوەکەش دەکەوێتە مەترسییەوە.
•           بەهۆى تیشکى خۆرەوە بە هەڵم بون دروست دەبێت و هەوا پیس دەکا.
•           ئەگەر ئاگربگرێت، بەهەمان شێوە ڕەگەزى هەوا پیس دەکات.
•           کاریگەرى لەسەر ژیانى ئەو زیندەوەر و ئاژەڵانە دروست دەکات کە ژیانیان لەو شوێنەیە کە پاشەڕۆپزیشکییەکانى لێ فڕێدەدرێت.


لەبارەى چارەسەرییەکانەوە سەروەر قەرەداغی ئاماژەى بەئەوەکرد، چارەسەری گونجاو و نوێ سووتاندنی پاشەڕۆکان نییە لەڕێگەى سوتێنەرەکانەوە، فڕێدان نییە لە ناو ژینگەدا، بەڵكو بریتییە لەخاوێنكردنەوەی هەڵمی (AUTO CLAVE) كە بەگەرمی و پاڵەپەستۆی هەڵم ئەو پاشماوانە چارەسەر دەكرێن و ماددەی دایۆكسینی لێ دروست نابێت. لەم ڕێگەیەوە ئەم پاشماوانە مەترسییان نامێنێت لەسەر ژینگە و زیندەوەران و تەندروستی مرۆڤەكان و دەتوانرێت وەك هەر پاشماوەیەكی ئاسایی لێی ڕزگار بن.


ناوبراو ئاشکراشیکرد، لە ناو شارى سلێمانى دوو خاوێنكردنەوەی هەڵمی هەیە، بەڵام زیاتر لە دوو ساڵە لەکارکەوتوون، حکومەتیش تاکو ئێستا چاکی نەکردوونەتەوە، لەکاتێکدا تێچووەکەی تەنها ١٥ ملیۆن دینارە، کە دەکاتە نیوەى ئەو داهاتەى تەندروستى لە ڕێگەى کۆکردنەوەى پاشەڕۆ پزیشکییەکانى نەخۆشخانە تایبەتەکانەوە دەستى دەکەوێت.