گووگڵ خزمەتگوزارییەک بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی پێست دروستدەکات

تەکنەلۆجیا 19/05/2021

چاودێر:

 

گووگڵ بەرنامەیەکی ئاشکرا کرد، کە زیرەکی دەستکرد (AI) بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی کێشەکانی پەڵەی پێست و دۆخی قژ و نینۆک، لەسەر بنەمای ئەو وێنەیەی کە نەخۆشەکە دەیگرێت.

 

"ئامێری یارمەتی دەرمانی پێست" کە لە کۆنفرانسی ساڵانەی گەشەپێدەری گەورەی تەکنەلۆجیا، گوگڵ ئای ئۆ ئاشکرا کرا، پێویستە لە کۆتایی ئەمساڵدا بخرێتەبەردەستی بەکارهێنەران.

 

بەرنامەکە هێمای CE ی پێ بەخشراوە، بۆ بەکارهێنانی وەک ئامرازێکی پزیشکی لە ئەوروپا.

 

سپۆڕێکی بواری شێرپەنجە وتی: پێشکەوتنەکانی زیرەکی دەستکرد دەتوانێت پزیشکەکان بەتواناتر بکات، بۆ ئەوەی چارەسەری باشتر بۆ نەخۆشەکان بکەین.

 

کۆمپانیاکە وتیشی: ئەم کۆمپانیایە دەتوانێت 288 حاڵەتی پێست بناسێتەوە، بەڵام وا دانەندراوە ببێتە جێگرەوەی دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی.

 

سێ ساڵی پێچووە بۆ پەرەپێدانی ئەم خزمەتگوزارییە، ملیۆنەها وێنە کە نیشانەی نەخۆشییەکان نیشاندەدات، هەزاران وێنەی پێستی تەندروست بە هەموو سێبەر و تۆنەکان لەنێو داتابەیسەکەدا جێگیرکراون.

 

پێویستە نەخۆشەکە لەسەر ئەپلیکەیشنەکە وەڵامی زنجیرەیەک پرسیار بداتەوە، بۆئەوەی لەسەر ئەنجامی ئەو پرسیارانە و وێنەی کەسەکە نیشانەکانی هەندێک نەخۆشی پێست و شێرپەنجە و نەخۆشی دیکە دیاریبکات.

 

لە ئێستادا هیچ کام لەم ئامرازانە وەک بەدیلێک بۆ دەستنیشانکردنی مرۆڤ پەسەند ناکرێت.

 

گووگڵ دەڵێت: ساڵانە نزیکی 10 ملیار گەڕان بۆ کێشەی پێست و قژ و نینۆک لەسەر وێبسایتی گەڕانی گووگڵ دەکرێت.