دیمەنەکانی هەسارەی مەریخ، ئاماژەن بە شۆڕشێکی نوێ لەبیرکردنەوە

تەکنەلۆجیا 03/03/2021

مەریخ چیمان پێ دەڵێت..؟
نوسینی: لوقمان حەوێز...
دیمەنەکانی هەسارەی مەریخ، ئاماژەن بە شۆڕشێکی نوێ لەبیرکردنەوە...
مرۆڤەکان لەوەتەی هەبوون لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی تا سەدەی شازدەهەمی زایینیش بە گشتی وایان زانیوە کە گەردوون پێکهاتووە لە پانتاییەکی تەخت کە ئەوان لەسەری ژیاون و پێیان ووتووە زەوی کە لەلای ئەوان سەنتەری هەموو گەردوون و بوون بووە، بە پێی لێکدانەوەکانیشیان خۆر و مانگ و ئەستێرەکانیش بە دەوری ئەو سەنتەرەدا سوڕاونەتەوە و بەو هۆیەوە شەو و ڕۆژ دروست بووە...
بەڵام لەسەرەتای سەدەی شازدەهەم و بە وردی لەساڵی 1514 ی زایینی گەردوونناسی بەناوبانگ نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس زۆر بوێرانە ووتی: گۆی زەوی سەنتەری بوون و گەردوون نیە، تەنێکی زۆر تایبەتیش نیە، ئەم لێکدانەوە نوێیەی ئەو بە شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس ناودەبرێت، ئەم لێکدانەوە و بۆچوونەی ئەو سەرەتای سەرهەڵدانی ڕابوونێکی زانستی نوێ بوو، ئیلهام بەخشیش بوو بۆ هەموو فیزیاناس و زاناکانی دوای خۆی کە بوێرانە و بێ ترس لێکدانەوە زانستیەکانیان بخەنەڕوو...
بێ گومان دوای ئەو بە نزیکەی 100 ساڵ زانای گەورە گالیلۆ گالیلی ئەوەشی سەلماند کە هەسارەی زەوی جگە لە سوڕانەوەی بە دەوری خۆر بە دەوری خۆشیدا دەسوڕێتەوە و بەو هۆیەوە شەو و ڕۆژ دروست دەبێت...
ئێمەش کە لەئێستادا هەین لە سەردەمێکی زۆر سەرنجڕاکێشدا دەژین، زانیاریەکانمان لەهەموو بوارەکان ئەوەندە زۆربوون و زۆر خێرا زۆرتریش دەبن، ڕۆژانە چەندەها شتی نوێ فێردەبین، وێنە و پشکنینەکانی سەر هەسارەی مەریخیش پێمان دەڵێن کە هەسارەکەمان کە تاوەکو ئێستاش تاکە جیهانە بۆ ئێمە پێدەچێت ئەوەندە شوێنێکی تایبەتی نەبێت لە گەردوون، ئەوەتا هەسارەیەکی تر کە بەپێوەرە گەردوونیەکان بێت لەپاڵ ئێمەیە، بەڵام وەکو زەوی چەم و شاخ و گڵ و بەردی لێیە، ئاوی لێبووە و دور نیە پێشتر ژیانیشی لێ بووبێت...
پرسیارە گەورەکەش ئەمەیە: بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێستامان تەنیا لە گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان پتر لە 40 ملیار هەسارە هەیە کە لە زۆنی گونجاون بۆ ژیان، واتە دوریەکانیان لە ئەستێرەکانیان ڕێگە دەدات بە سەرهەڵدانی ژیان تیایاندا ئەگەر پێداویستیەکانی تری ژیان بەرجەستەبوون، کەواتە دەبێت دۆخەکانی ئەو دەیەها ملیار هەسارەیە چۆن بێت..؟ ئاخۆ دەبێت لەچەندیان ژیانی سادە یان فرەخانەیی سەری هەڵدابێت..؟ ئەم ژمارەیەش تەنیا ئاماژەیەکە بە هەسارەکانی ڕێی کاکێشان کە تەنیا تاکە گەلەئەستێرەیەکە، ئەی باشە دەبێت چی بگوزەرێت لە گەلەئەستێرەکانی تر کە ژمارەیان تەنیا لە گەردوونی بینراو پترە لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە..؟؟! بۆ زانیاریشتان تێکڕای هەموو گەردوون گەلێک لە گەردوونی بینراو گەورەترە، بەڕاستی هەموو گەردوون و بوون سەرسوڕهێنەرە، ئەقڵ وەستێنیشە بۆیە ئیتر منیش لێرە دەوەستم..!