لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەسەر شیعرەکانی گۆران بڵاو دەکرێتەوە
ڕەخنەی چاودێر
لیکۆڵینەوەیەکی
نوێ دەربارەی شیعرەکانی گۆران بە ناونیشنای "لیریکی گۆران، لە ڕوانگەی
بونیادگەریی کراوە و تەواوکارانەوە لە لایەن هەرێم عوسمان، نووسەر و مامۆستای
زانکۆوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
کتێبەکە لە سێ
بەش پێک هاتووە، بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ چەمک و زاراوەی لیریک و
ئاوێزانبوونی لەگەڵ ژانر و هونەرەکانی دیکە و بابەتی لیریک. هەر لەم بەشەدا
کۆمەڵێک بۆچوون کە لە بارەی لیریکەوە هەیە خراوەتە ڕوو، هاوکات جێگیربوونی
(خودسەنتەری لە شیعری لیریک)دا لە ڕوانگەی چەند بۆچوونێکی فەلسەفی و ئەدەبییەوە
خراوەتە ژێر پرسیار و دواجاریش نموونەی شیعری بە بەڵگە هێنراوەتەوە، خاڵێکی دیکە
ئەوەیە کە لیریکای گۆران بە درێژایی هەردوو بەشی دووەم و سێیەم شی کراوەتەوە،
لەبەر ئەوە بەشی دووەم پراکتیککردنی بەشی یەکەمە لەسەر دیوانی گۆران، کە تێیدا
لیریکی گۆران لەسەر ئاستی قەبارە و ژانر و شێواز و بابەت ڕۆشن کراوەتەوە.
هەرێم عوسمان،
نووسەری کتێبەکە بە ڕەخنەی چاودێری ڕاگەیاند، "باسی چیرۆکە شیعرو ئۆپێرا و
ئۆپەرێت و ستانزاو جۆرەکانیمان کردووە. دواتریش بابەتەکانی لیریکی شاعیرمان باس کردووە.
بەشی سێیەم کە ڕۆحی کارەکەی تێدا بەرجەستە بووە و زۆرترین قەبارەی کتێبەکەی داگیر کردووە،
بۆ شیکردنەوەی شیعرەکانی گۆران بەپێی میتۆدی بونیادگەری کراوە و تەواوکارانەی یوری
لۆتمان تەرخان کراوە. لەم بەشەدا نۆ چەمکی
زانای ناوبراومان هێناوە و لە پاڵ ڕوونکردنەوە بۆ چەمکەکە لەسەر شیعرەکانی شاعیر
جێبەجێمان کردووە، ئەمەش زیندوێتیی کارەکەی دەرخستووە کە تیۆر و پراکتیک هاوڕێگە
بۆ ڕۆشنکردنەوەی شیعرەکان ئەنجام دراوە."
لە کتێبەکەدا
چەند چەمک و بوارێکی گرنگ ئاوڕیان لێ دراوەتەوە، لەوانە (سروشتی شیعر، لادان و
نامۆیی، پەیوەندی تێکست و سیستم، پارالێلیزم، ئاستی لێکسیکی شیعر، شیعر وەک یەکێتی)
هەریەک لەم بوار و چەمکانە توانیویانە بە باشی لەگەڵ ڕۆحی شیعرەکانی شاعیر بێنەوە و
ڕۆشنی بکەنەوە.
وتیشێ: "ئەم
کتێبە لە بنەڕەتدا نامەی ماستەرەکەمە و لە ساڵی ٢٠١٧ پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی،
کۆلێجی زمان، بەشی کوردی کراوە. نامەکە بە سەرپەرشتی پرفیسۆری دیار ئەنوەر قادر
محەمەد نووسراوە، کە پێشەکیشیان بۆ کتێبەکە نووسیوە. کتێبەکە ٤١٢ لاپەڕەیە و
ناوەندی کولتووریی کۆچ چاپی کردووە و لە ئیستادا لە سەرجەم کتێبخانەکانی شار و
شارۆچەکەکانی هەولێر و سلێمانی دەست دەکەوێت."