مەلا بەختیار هۆشداریی دەدات

کوردستان پێش 3 هەفتە

 

مەلا بەختیار جارێکی دیکە هۆشداریی دەداتە هێزە کوردستانیەکان و دەڵێت کورد لەدەرەوەی رێکەوتنی زلهێزەکان و دیزاینکردنەوەی نەخشەی ناوچەکەدایە..


چوارەمین جڤاتی دیالۆگ- لەندەن-20/11/2024
هەڵەکانی مێژومان و رامانێک لە دۆخی ئێستامان


لەم گەشتەی بەڕێز مەلا بەختیار بۆ دەرەوەی وڵات، لە لەندەن، چوارەمین جڤاتی دیالۆگی سازدا.
بڕیاربوو (30-35) کوردپەروەر ئامادە بن، بەڵام (67) پەرۆش هاتبون. 
لەم جڤاتەدا ئاوڕ لە جەنگەکانی یەکەم، دووەم، جەنگی سارد، دوای جەنگی سارد و تەوژمی سیاسەتی نوێی نێودەوڵەتی بۆ دەهەکانی ئایندە، رونکرانەوەو تیایدا هەڵسەنگاندن بۆ خەباتی شکستخواردووی کوردستان، لە گۆڕینی سیڤەرەوە هەتا دەگاتە کۆتایی جەنگی سارد و ئەنفالەکان و کیمیاباران، کرا، هەڵە قورسەکانی سەردار و سەرکردایەتی کوردایەتی، بۆ قووڵ نەبون لە سیاسەتی جیهانی و ترسناکی رێکەوتنە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان دژی کورد و کوردستان باس کران.
ئاماژە بەوەکرا کە لە گۆڕینی رێکەوتنامەی سیڤەرەوە بۆ لۆزان، هەتا داگیرکردنی کوەیت، دەرگای پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان نەکرایەوە. کە قۆستنەوەی جەنگی دووەمی کەنداو و بەرزبونەوە بۆ ناو هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان، وەرچەرخانی کاریگەری بزوتنەوەی رزگاری و دیموکراسی کوردستان بوو، دوای جەنگی ساردی یەکەم و جیهانگیریەوە.
دواتر راپەڕین و حکومەتی هەرێم.. کەوتنە ژێر کاریگەری تەواوی کێشە سیاسیەکانی هەناوی کوردایەتی، هەتا هەنوکەش ئاساوەرەکانی ماون. تاڵانی بەرەی کوردستانی و لێبوردن لە تەواوی خۆفرۆشەکان، بە بێ ئەوەی تەنانەت بۆ یەک خولی هەڵبژاردنیش خائینەکانی مەفرەزە خاسەکان، لە هەڵبژاردن مەحروم بکرێن وەکو سزای نەتەوایەتی، هەتا لە ویژدانی نەوەکانماندا، خیانەت وەکو کردارێکی قێزەون بمێنێتەوە. وای لێهات لە هەڵبژاردندا جیاوازی لە نێوان سەرۆک جاش و تێکۆشەر سڕایەوە!!
لە بەشێکی دیکەی جڤاتی دیالۆگدا، دۆخی ئێستای سیاسەتی زلهێزەکان، وڵاتانی ئیقلیمی، ئەگەرەکانی دابەشبونی وڵاتانی ئیقلیمی بەسەر جەمسەرەکانی دوای جەنگی ئۆکراین و فەلەستین- لوبنان. هەروا کاریگەری رێکەوتنەکان و سیاسەتی وڵاتانی ئیقلیمی دوای ئەو رێکەوتنانە لەسەر کوردستان و مافی چارەی خۆنوسین، بە تایبەتی لەسەر هەرێمی کوردستان لەڕووی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەوە، باسکران.
لە دوای داگیرکردنی کوەیت، کورد ئامادەبوو هەلەکان بقۆزێتەوەو چالاکی دیپلۆماسی هەبوو. بەڵام ئیستا سەرەڕای بونی دەیان کونسوڵگەری و بوونی هەرێمێکی رەسمی، بەڵام ناکۆکیە بنچینەییەکانی نێوان هێزە کوردستانیەکان تێکڕا، مەترسی گەورەن، لە دۆخی هەر رێکەوتنێکدا، لە ساڵی ئایندە، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک ترا×مپ، دەرفەتەکانی (32) ساڵی رابردوو، هەروا بە کراوەیی نەمێنێتەوە. بە تایبەتی جگە لەوەی لایەنە کوردستانیەکان رێکەوتنیان لە نێواندا نیە.. نەنوسینی دەستوری هەمیشەیی کوردستان، یەکنەخستنی هێزە چەکدارەکان، پەرەسەندنی گەندەڵی، مانەوەی دیفاکتۆی (دوو ئیدارەیی- دەسەڵات) ئەم دیاردانە، هەرگیز قابیلی قبوڵ نابێ کاتێک دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و سیاسەتی نێودەوڵەتی- ئیقلیمی، دیزاینی چۆنێتی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی زلهێزەکان و سەپاندنەوەی پێگەی حکومەتە ئیقلیمیەکانی بۆ دەنەخشێنرێتەوە.
لە ساڵی ئایندە، بەدواوە، نە سیاسەتی زلهێزەکان لە ئاستی دونیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەشنی چارەکە سەدەی رابردوو دەمێنێتەوە، نە سیاسەتی ئیقلیمی چواردەورمان وەکو رابردوو درێژەی دەدرێتێ!
هێزە کوردستانیەکان، دەبێ ئەم رەهەندە، سیاسیە چارەنوسسازانە هەمەلایەنە بخوێننەوە، وریایی سیاسەتی ئێستا بۆ کوردستان، بارتەقای  سەدەیەک لە سیاسەتی رابردووە چونکە،  رامان لە رەهەندە سیاسیەکان، پێمان دەڵێ:
هیچ چارەسەرێکی دیموکراسی  بۆئەوەی کورد لە پرۆژەی دیزاینکردنەوەی  چارەسەری جەنگەکان، شەڕوشۆڕەکانی ناوخۆی وڵاتانی ئیقلیمی و پاشکۆکانیان، وەکو دوای جەنگی کوەیت، لە ئارادا نابینرێ.
دوای تەواوبونی قسەکانی مەلا بەختیار، زیاتر لە  یەک کاتژمێر و نیو، دەرگای دیالۆگ بۆ تەواوی ئامادەبوانی کوردپەروەر کرایەوە، بەوپەڕی سەربەستیەوە، رەخنەکانیان دەگرت. راوبۆچونی راشکاویان دەردەبڕی، ئەم دیالۆگەش بە نۆرەی خۆی جڤاتەکەی زاخاو دایەوە بە بۆچونە جیاوازەکان.
کوردانی تاراوگە بێ ڕادە کوردپەروەر و پەرۆشی نەتەوەو نیشتمانەکەیانن.. بەڵام زۆریشیان لە دۆخی کوردستان و کێشمەکێشەکان و کارە نابەجێکان بێزارن. 
ئەم جفاتەش بە خۆشی و پەرۆشی و بەتینکردنی دۆستایەتی ... کۆتایی هات.