مەلا بەختیار: نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاریدایە

کوردستان 03/11/2024

مەلا بەختیار: نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاریدایە و جیهان بەرەو جەنگی دووەمی سارد ئاراستە دەکرێ

رۆژی ٢/١١/٢٠٢٤ کاتژمێر (٣)ی پاشنیوەڕۆ لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا ئێوارە دانیشتنێکی دیالۆگ ئامێز بۆ بەڕێز مەلا بەختیار رێکخرا.
بەرنامەی دانیشتنەکە تەنها بۆ 25 کوردی وڵاتی ئەڵمانیا رێکخرابوو، چونکە تەنها بۆ دیالۆگ بوو، بەڵام تێکڕا (52) کورد پەروەر ئامادەبوون.
مەلا بەختیار لە دانیشتنەکەدا باسی لە هەڵە مێژوییەکانی مێژوی سیاسی کوردایەتی و ئەو غەدرانە کرد کە لە لایەن زلهێزەکانەوە  بە درێژایی مێژوو بەرامبەر کورد کراون. لە بەرامبەردا ئاماژەی بەوەشکرد هەمیشە لێکدابڕان و ترازانی سەردار و سیاسیەکان و هێزەکان چەند جەزرەبەی لە خەبات و قوربانی داوە.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا، مەلا بەختیار تیشکی خستە سەر سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێستا و ئایندە و دۆخی ئیقلیمی و کاریگەری لەسەر ناوچەکە و کوردستان. لەوبارەیەوە جەختیکردەوە، کەوا:
یەکەم: نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاریدایە.
دووەم: جیهان بەرەو جەنگی دووەمی سارد ئاراستە دەکرێ.
لەبارەی دۆخی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناوبراو وتی: ئەگەر زوو حکومەتێکی بنکە فراوان دانەمەزرێ، زیانی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەر حکومەتیش دابمەزرێ و نەتوانێ دەستوری هەمیشەیی بنوسێ، نەتوانێ هێزی پێشمەرگە یەک بخات، نەتوانێ سەرچاوەی دارایی رێک بخاتەوەو دژی گەندەڵی یاسا دانەڕێژێ، بێگومان.. کابینەی دەهەمیش ناتوانێ کێشە بنچینەییەکانی کوردستان چارەسەر بکات. هەمان سیناریۆ بێزارکەرەکەی کابینەکانی پێشوو دوپات دەبێتەوە، بەڵکو ئەمجارە مەترسی زیاتریش سەرهەڵدەدات.
لە کۆتایی باسەکەیدا، مەلا بەختیار جەختیکردەوە، ئەگەر سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان قۆناغی رابردوی ململانێکان جێنەهێڵێ و بەرزنەبێتەوە بۆ ئاستی نوێی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێستا، کوردستان زیانی گەورە دەکات و متمانەیەکی زۆری پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکان لەدەست دەدات.