دەرچونی ترامپ و چارەنوسی کوردستان

کوردستان 08/11/2024


مەلا بەختیار

تا رادەیەک، چاوەڕوان نەدەکرا ترامپ سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت، بەڵام بەدەستیهێنا.
ئەزمونی حکومڕانی چوار ساڵی ترامپ پێش بایدن، پێمان دەڵێ: ئاسان نیە ئەم سەرۆکە، کتومت سەر لە سیاسەتەکانی بۆ چوار ساڵ دەربکرێ. بەڵام ماوەیەکە بیرمەندانی سیاسی ئەمریکا و رۆژئاوا، هەندێکیان پێیانوایە ترامپی سەرۆکایەتی ئەم خولە، ترامپەکەی پێشوو نابێت. با چاوەڕوان بین!
وەلێ.. باشترە شەن و کەوێک بۆ سیاسەتەکانی بکەین، شەن و کەوەکەش دوور نابێ لە کەسایەتی و بیرکردنەوەی ترامپیزم!
ترامپیزم چییە؟
یەکەم: دوورکەوتنەوەیە لە رێسای سیاسەتی ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی لەسەر ئاستی جیهان.
دووەم: بڕیاردانی کتوپڕی چاوەڕواننەکراو.
سێیەم: زیاتر لەهەر مەسەلەیەکی دیکەی سیاسی، ستراتیژی،  عەسکەری و جەمسەربەندی جیهانی، ترامپیزم، تەرکیز دەکاتە سەر قازانجی ئابوری، ئینجا سیاسی و هاوپەیمانی و ئاسایش.
چوارەم: وتاری گەرموگوڕ، تا رادەی توند و بەرامبەر شکاندن.
پێنجەم: فەلسەفەی سیاسیی ترامپ، نە لەسەر نوسینی  وتار، نە نوسینی کتێب، نە لێکدانەوەی میتۆدیانەی زانستیە، تەنها لەسەر سۆز وروژاندنی  رای گشتی و ختوکەدانی بەرژەوەندی  تاکەکان و خەڵکە.. بە پێی نرخی شتومەکی بازاڕ و بازاڕی کۆمپانیاکان.
شەشەم: ترامپیزم.. باری دەرونی  بەشێکی  فراوانی رای گشتی ئەمریکای باش خوێندۆتەوە. بۆیە وەکو سەرۆکێکی بەهێزی هێرشبەری پاوەر سەرۆک، خۆی دەنوێنێ.
ئەو پێناسانە ، ترامپیان گەیاندەوە سەرۆکی ئەمریکا.
دیموکراتەکان.. هەمیشە وای پێشان دەدەن دیموکرات و دادپەروەرن. بەڵام زەڕەیەک دەستکاری سیاسەتی قازانج خوازی (پراگماتیزم)ی ئەمریکا ناکەن. بە پێچەوانەوە، کۆماریەکان نەیانشاردۆتەوە کە سیاسەتەکەیان گرێدراوی لیبرالیزمی بازاڕ و قازانج خوازیە. بۆیە لە هەر شوێنێکی جیهان، هەر دەوڵەتێک (بە رۆژئاواشەوە) زیان بە بەرژەوەندیەکانیان بگەیەنێ، بەرهەڵستی دەکەن، تا رادەی بەکارهێنانی هێزیش. مەرجیش نیە بە درێژایی مێژوو سەریش کەوتبن. بەڵام ستراتیژی قازانج خوازیان نەگۆڕ بووەو ناشیگۆڕن.
لەم چوار ساڵەی سەرۆکایەتیدا، ترامپ وەکو راستڕەوە نوێکانی رۆژئاوا، دژی  کۆچبەران، زۆر توند دەبێ، لە ئەمریکاشەوە دەستپێدەکات. ئابوری تاک لەناو ئەمریکا دەبوژێنێتەوەو توانای کۆمپانیاکانیش فراوان دەکات.
سیاسەتی دەرەکی.. هەوڵ دەدات جەنگی ئۆکراین رابگرێ.. بەڵام بواریش نادات روسیا بە سەرکەوتنێکی گەورە لە جەنگەکە دەربازی ببێ.
لەگەڵ چین نەرم نابێ لەسەر بەرژەوەندی ئابوری.. وەلێ نایگەیەنێتە مریشکە ڕەشە، بەرپابونی جەنگ لەسەر تایوان، یان لە رێڕەوەی دەریایی دەریای باشوری چین.. کە یەکێکە لە شادەمارەکانی ئابوری جیهان.
پشتیوانی ئیسرائیل دەکات. هەوڵیش دەدات، کە سەریبخات بەسەر حەماس و حیزبوڵادا. دەریای سور و دەریای عەرەب و کەنداو، مەترسییان لەسەر بازرگانی جیهان زۆرە، ئەم دۆخەی پێ قوت ناچێ. چارەسەری سیاسی نەدۆزێتەوە،   لە دیموکراتەکان توندتر دەبێ.. لە روی عەسکەریشەوە! ترامپ.. لەگەڵ ئەوەدا دەبێ، نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سیاسی نەک جوگرافی) دەستکاری بکرێ. بەڵام پێداگری ناکات لەسەر روخاندنی هیچ حکومەتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەریشمان!!
لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، سیاسەتێکی دوو فاقی دەگرێتەبەر.
فاقێکیان هاوپەیمانیە لەگەڵ ئیسرائیل و فشاری عەسکەری و سیاسی و ئابوریە بۆ سەر ئێران، هەژمونیان لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن، سوریا و عێراق کەم بکاتەوە.
فاقەکەی تریشیان، ژێر بەژێریش بێ، هەوڵ دەدات، ئێران  بە تەواوەتی نەکەوێتە خانەی ستراتیژی روسیا و هاوپەیمانی برێکس کە روسیا و چین رابەرایەتی دەکەن. لەم سۆنگەیەشەوە، سەرەتا روسیا لە ئەمریکا ناوروژێنێ، سودی نەبوو، توند دەبێت لەگەڵی.
سەبارەت بە کوردستانیش.. ترامپ دەستکاری بنەڕەتی سیاسەتی  دوای جەنگی ساردی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد ناکات. بەڵام کوردستانیش پێویستە بەرژەوەندی دوور مەودای سیاسەتەکانی لە جیهانبینی ترامپ دوورنەخاتەوە. هیچ نەبێت بۆ چوار ساڵی ئایندە. دەشبێ هێزە کوردستانیەکان بزانن ترامپ حەوسەڵەی سیاسی درێژی نیە. بۆیە بە دوری نەزانن قوڵکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان هەندێک بڕیاری چاوەڕوانکراو، لەلایەن ترامپەوە، بۆ دەستکاری سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردستان، لە باشور و رۆژئاوادا بدات.
بە داخەوە لەو باوەڕەدا نیم ترامپیزم پرۆژەی دیموکراسی چارەسەرکردنی کێشەکانی لە دەوروبەرمان هەبێ. لەم روانگەشەوە، چارەنوسی  بەشەکانی کوردستان  دەبینم!
پەیوەست بە کورد، بە دووری دەزانین بەم زووانە ترامپ هێزی ئەمریکا لە عێراق بکشێنێتەوە، یاخود بە تەواوەتی بکشێنێتەوە. بەڵام زووتر لە دیموکراتەکان بیر لە چارەسەری کێشەی ئەمنی لەگەڵ عێراق دەکات! ئەمەش دیسان پەیوەستە بە پێگە و پشتیوانی کوردەوە.
وەکو پێشتر وتومە سەردەرکردن لە تەواوی سیاسەتی ترامپ و ترامپیزم، دژوارە. بەڵام پێم باش بوو پێش وەخت ئەم سەرەقەڵەمانەی ئەگەرەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە مانگی رێبەندانی ساڵی ئایندەوە کە ترامپ دووەمین جار سوێندی سەرۆکایەتی دەخوات.. بخەمە بەرچاو.. سودی گەیاند بۆ خۆم نیە و سودیشی نەگەیاند، ئۆباڵم لە ئەستۆی خۆم، زەنگێکەو زایەڵەکەیم بە گوێی حیزبەکاندا داوە!

8/11/2024