خۆر تووشی کۆرۆنا دەبێت؟

ژینگە 07/04/2021

چاودێر:

 

دیاردەی (كۆرۆنای خۆر - SUN CORONA) دیاردەیەكی فیزیاییەو لەنێو بەرگەهەوای زەویدا روودەدات، بەڵام ئەم دیاردە ئاسمانییە بەهیچ جۆرێك پەیوەندی بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە نییە و تەنها ناوەکانیان لەیەکتر دەچن.

 

(كۆرۆنا – یان چەپكە- ی خۆر- Sun Corona) یان (كۆرۆنای مانگ) دیاردەیەكی فیزیاییەو لەنێو بەرگەهەوای زەویدا روودەدات، کە بریتییە لە شكانەوەو شیبوونەوەی تیشكی خۆر یان رووناكی مانگی تێپەڕبوو بەنێو دڵۆپەی ئاوی شل یان سەهۆڵبووی چینە هەورە بەرزەكان و دروستبوونی چەپكەیەك یان چەندین چەپكەی رەنگاو رەنگی پەلكە زێڕینەیی لە دەوروبەری دیسكی گەشی خۆر یان رووناكی مانگ بە پێوانەی 15 پلە، كە نزیكە لە دیاردەی (خەرمانەی 22 پلەیی خۆر و مانگ – Sun and Moon Halo)، بەڵام ئەمەی دوایی زۆر گەورەترەو زۆرتر روو دەدات بە بەراورد لەگەڵ (كۆرۆنای خۆر یان مانگ).

 

كۆرۆنای خۆر بە شێوەیەكی گشتی خاوەن چەقێكی زۆر گەشە كە هەمان ئەو ناوچەیەیە، دەوری خۆر یان مانگی چواردەی داوەو شێوەشی بە زۆری هێلكەییە، قەراغی دەرەكیی ئەو ناوچە گەشە رەنگی زەردو سوورەو لە دوای ئەو ئەڵقەیەك یان چەند ئەڵقەیەكی بازنەیی داخراوی یەك لە دوای یەك بە رەنگی پەلكە زێڕینە دەردەكەوێت، بە تایبەتیش رەنگەكانی سەوزو زەردو سوور.

ئەم دیاردەیە بە تەواوی جیاوازە لەو ناوچەیەی كە بە (خەرمانەی دەرەكیی خۆر – Solar Corona) ناسراوە، چونكە ئەمەیان لە دەرەوەی بەرگە هەوای زەوییەو بە سەدان ملیۆن كیلۆمەتر لێمانەوە دوورەو راستەوخۆ لە دەوری خودی خۆرە.

 

لەبەراواری ١٣/٣/٢٠١٨ دا هەمان دیاردە لە ئاسمانی هەرێمی كوردستاندا دەركەوت و یەكێک لەو گرتانە لە ماڵپەڕی (كۆمەڵەی رێزگرتنی هەور – Cloud Appreciation Society) ی جیهانیدا بڵاوبۆوە.

 

ئەم دیاردەیە بە هیچ شێوەیەك هیچ زیانێكی بۆ سروشت یان تەندروستی مرۆڤ نییە.

سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم