راگەیەنراوی دەستەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ

کوردستان 3 رۆژ پێش ئێستا


راگەیەنراوی دەستەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەسەر دواخستنی بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ..
رۆژی 25\11\2024، بە سەرپەرشتی بەڕێز مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و  دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و فێستیڤاڵی گەلاوێژ، كۆبۆوە.
لە كۆبونەوەكەدا، دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، تاوتوێی بەرنامەی كاری داهاتووی تۆڕەكەی كرد.
سەرپەرشتیاری تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، رایگەیاند: لە ماوەی زیاتر لە چارەكە سەدەی رابردوو، بنكەی روناكبیری گەلاوێژ (26)فێستیڤاڵی سازكردوە و لە بیست و پێنجەمین فێستیڤاڵیشەوە، ئەم بۆنە ئەدەبی و ڕوناكبیری یە، هەنگاوێكی گەورەی نا و بوو بە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی.
وتیشی: مەخابن، لەكاتێكدا سەرگەرمی ئامادەكاری بوین بۆ بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵ، دۆخێكی ناهەموار بەسەر تەواوی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێردا هات، كە بنكەی ڕوناكبیری گەلاوێژ، یەكێكە لە ئۆرگانەكانی ئەو تۆڕە، بەو هۆیەشەوە، بارەگا و بەشێكی زۆر لە كەلوپەلەكانی گەلاوێژیش دەستی بەسەردا گیرا.
لە كۆبونەوەكەدا، دەستەی باڵای سەرپەرشتی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، جەختی كردەوە: بە هۆی ئەو بارە ناهەموارە و وەك بەرپرسیارێتیەكی پیشەیی ‌و ئەخلاقی بەرامبەر بە رەوت و سەنگ و دەسكەوتەكانی گەلاوێژ، بڕیارمان دا بە دواخستنی (27)ەمین فێستیڤاڵ، لێرەشەوە رایدەگەیەنین، ئێمە بەرپرسیارێتی تەواوی 26 فێستیڤاڵی رابردوو، دەگرینە ئەستۆ‌و بە ڕێز و شانازیەوە لەو دەسكەوت و پێشكەوتنانە دەڕوانین كە فێستیڤاڵ و تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر بەدەستیان هێناوە لە چارەكە سەدەی رابردودا، بە تایبەت، دامەزراندنی بنكە و سازدانی یەكەمین فێستیڤاڵ، لە سەتەوەختێكدا بوو، كە تاكە دەنگێك لە كوردستان دەنگی چەك ‌و تاكە ڕەنگیش ڕەنگی خوێن بوو، بەڵام گەلاوێژ وەك دەنگ و ڕەنگێكی جیاواز، توانی نائومێدی بڕەوێنێتەوە و رێچكەیەكی گرنگ بگرێتە بەر، كە بەرهەمەكەی هەڵكەوتنی دەیان و سەدان قەڵەمی بەبڕشت و جوانبەخشە.
ئاماژەی بەوەش كرد: گشت نوسەران و روناكبیران، دۆستانی گەلاوێژ ئاگادار دەكەینەوە، (27)ەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە رەسمی دواخراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا وادەی سازكردنی فێستیڤاڵ ئاشكرا دەكرێت و 27ەمین فێستیڤاڵ سازدەكرێت،
جەختیشی كردەوە: ئێمە لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر ‌و بنكەی ڕوناكبیری گەلاوێژ، بەرپرسیارێتی هیچ بۆنە‌و چالاكیەك لە ئەستۆ ناگرین كە بەبێ هیچ ماف و شەرعیەتێك بەناوی بنكەوە سازبدرێت، هەروەک دەسبەرداری مافی یاسایی خۆشمان نابین و رێچكەی یاسایی دەگرینە بەر بۆ پارێزگاری لە ناو و ناوبانگ و شكۆی بنكە و فێستیڤاڵی گەلاوێژ.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا بەڕێز مەلا بەختیار و  دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، بڕیاریان دا لە 27ەمین فێستیڤاڵەوە، خەڵاتێكی ساڵانە دابنرێت بە ناوی (خەڵاتی ساڵانەی سامی هادی بۆ داهێنان)، بۆ زیندوو هێشتنەوەی یاد و كارەكانی شادڕەوان سامی هادی كە لە 26 فێستیڤاڵی رابردوو رۆڵی باڵای لە فێستیڤاڵدا هەبوو.