چەند چركەیەك لەگەڵ مام-دا

سامی هادی 06/02/2017

ئەم ئێوارەیەش جیا لە ئێوارەكانی تر، ویستم چەند ساتێ‌، بەبینینی بەفرو ئاپۆڕای خەڵك، چ لەیاری تۆپەڵە بەفرو وێنەگرتن و كەوتن و هەڵسانەوەی مناڵان، لەدەباشان‌و ئەزمەڕ بەسەر بەرم لەدواساتی گەڕانەوەدا، سەرنجەكانم وەك باڵندەیەكی تەرە، نیشتە سەر ماڵی مام جەلال، ریزی ئۆتۆمبیلەكانی خەڵك هێندە زۆر بوون، هەمووشیان لە چاوەڕوانی گەیشتن بوون، بۆ نێو بەفرو ئاپۆڕای سەمای بەفر، كات چوارو هەژدە خولەكی هەینی دەمەو ئێوارە بوو، نە پۆلی باڵندە نە هەناسەی گەڵا، نەدەبیسترا. ماڵێك، نزیكتر لە هەموومان ئەمیش بەفر هێندە سپی كردووە، بە ئاستەم هەست بە بینینی پەنجەرەكانی دەكەیت. لەودیوو ئەو پەنجەرە داخراوانەدا، پیاوێك پڕاوپڕ لە بێدەنگی، نازانم ئاخۆ ئێستا سەیری چی دەكات، بەفر لای ئەویش بریتییە لەچەند ساتێك لە تەئەمولات یان گوێی لە پارچەیەك موزیك، هێندێ‌ لەسەرنجەكانی تریش دەگوازێتەوە بۆ بینینی t.v یان هەواڵەكان یان بەزەوقەوە لەتێ‌ میوە دەخوات و هێندە تامی پێدەبەخشێت. بە تەنیا بە بێدەنگی سوپاسی دەكات. پیاوێك لە بینینی بەفرەوە دەبێت چی بە ئاڵۆزی ناوچەكەو رووداوەكان و ململانێ‌ ناوچەیی و ناوخۆییەكان بڵێت. ئەو تا دوێنێ‌، گرێ‌ كوێرەی هەموو كێشەو بێشەكانی دەكردەوە. ئاخۆ دەبێت بەرامبەر هێندێ‌ لەو سەركردە، كەمبینانە، چ باری سەرنجێكی سەیرو سەمەری لا دروست بووبێت.
هۆ پیاوەكەی ئەو دیو پەنجەرەی بەفر لێنیشتوو، بە پەنجەی دەستەكانیشت بێت تەنها پێمان بڵێیت، ئەم وێستگەیە بەرەو كوێ‌، هەموومان سەیری یەكتر دەكەین. هەموومان یەك پرسیارمان هەیە، بەڵام گومانەكان، نەبوونی لێبوردەییمان، زاڵبوونی هەمیشەیی خودییمان. چیترو چیتر، ناتوانن، لەو دیو پەنجەرەی بەفرینی، ئەم ساتە ئاڵۆزەی دونیاو ناوچەكەو ناو خودیی یەكێتیش، جگە لە چەند گڕێ، توانای گەرمایی بەخشین بەدی ناكەین و ناشزانین و ئەم گالیسكەی رۆژهەڵاتە، بەمەرگی كـێ‌ كۆتایی دێت و چارەنووسیش. لەمێژووی ویژدان، كامەیان تۆمار دەكرێن و دەنوسرێتەوە.
بڕوا بكە، ئەم ئێوارەیە هەموو جوانیەكانی بەفرم بیر چۆوە. تەنیا بەدوای، ئەو دوا وێنەیە دەگەڕام، بتوانم وەك خەیاڵێكی پەرتەوازەو تەرەبوو. لەبەردەم بینینەكانت بوەستم و تەنیا، بەزمانی چاو، پێت بڵێم زستان هاتو بەفریش باریی.
بەڵام بەزمانی خۆتەوە پێت نەوتین: ئەگەر بەلەم و روبارو ئاومان خۆش نەوێت دڵنیاین، هەموومان پێكەوە، بێ‌ چراو، بێ‌ كوانوویەكی داگیرساو. گەرداو هەڵمان دەگرێت. بەڵام هێلانەی گیرسانەوەمان، هێندە تاریك و ونە. هیچ شتێ‌ فریامان ناكەوێت. تەنیا خودو راستگۆیی و تەنیایی خۆمان نەبێت. پیاوێك سەركردەیەك. لەو دیو پەنجەرەی بەفرەوە، پێمانی وت.. ئیتر ئێوەش! لەم سەفەری تووڕەیی شەپۆلانەدا- تەنیا خۆتان و ویژدان و بیرو باوەڕی راستەقینەتانە. كۆتان دەكاتەوە، هیچی تر.