کەرەنتینە و کتێب

سامی هادی 09/04/2020


ئەوەتەی هەمومان لە کەرەنتینەین، بەرنامەی ژیان و پەیوەندیە روناکبیری و کۆمەڵایەتی و هەتا سۆزداریەکانیش لە ئاڵوگۆڕی بەردەوامدا بووە. ئەوەی لای من مایەی سەرنجە.. گەڕانەوەیەکی جدیترە بۆ ئاشنابونەوە بە دونیای کتێب و خوێندنەوە. دیارە ئەوانەی دەمێکە ئەهلی کتێب و خوێندنەوەن جیاوازتر دەبینرێن. بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە دونیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، سوکە دابڕانێکیان هەبوە.
بەهەرحاڵ دوای خوێندنەوەکەی کاک مەلا بەختیار بۆ رۆمانی (دەریاس و لاشەکانی)ی بەختیار عەلی، هاوڕێیەکی خۆشەویستم داوای چەند نوسخەیەکی رۆمانەکەی لێکردم کە مەبەستی بوو بۆ چەند هاوڕێیەکی بنێرێت و ئەوانیش خوازیاری خوێندنەوەی ئەم رۆمانە بون. دوای پەیوەندیکردنم بە ناوەندی رەهەند، خۆشبەختانە ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ رۆمانی دەریاس و لاشەکانیم بەدەست گەیشت. سەرەتا پێم وابوو کە تاکسی یان بە سەیارەیەکی تایبەت بۆم دێنن، دوای ئەوەی گەیشتە بەردەمی ماڵەوەمان ماتۆڕێک بوو کە بە داخەوە ناوی هونەرمەندێکی گەورەی لێنراوە. سەیرم کرد دوای ماتۆڕەکە پراوپڕە لە کتێب، خاوەن ماتۆڕ بە دەمامکێکی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کتێبەکانی تەسلیم کردم، منیش دوای وەرگرتنیان زوو دەستەکانم شۆرد. ئینجا گەیشتە شوێنی مەبەست.
بەهەرحاڵ ئەوەی جێگای سەرنج بوو، ئەو هەموو کتێبە داواکراوەی ناوەندی رەهەند و غەزەلنوس بوو. بێگومان ناوەندەکانی تریش رەنگە بە شێوازی جیاواز بۆ خەڵکی سلێمانی و شارەکانی تریشی بنێرن. دواجار ئەوەی دەمەوێت بیڵیم، یەکەم: مژدانەیەکی خۆشە، هەمومان بە پەرۆشیەکی ترو ئاراستەیەکی تر، ئامێزمان بۆ کتێب وخوێندنەوەی کتیب کردۆتەوە. دوای پەیوەندی کردنم بە کاک ئارامی ناوەندی رەهەند، وتم، پێموایە ئێستا بازاڕی کتێب لە جاران باشترە، هەم فرۆشی هەم خویندنەوەشی، ئەویش ئەم راستیەی سەلماند و جارێکی تریش  بە کۆڵێ خۆشیەوە دوای نەفرەت کردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، خەریکە هەموان بە دیدێکی جیاوازتر و بە دڵێکی پڕ لە بەخشندەییەوە دەگەڕێینەوە بۆ خوێندنەوە جدی و قوڵەکانی رابردومان.
بەڵێ ئەمەش ئەزمونێکە و بەو هیوایەی دوای کۆتایی کەرەنتینە و ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر درێژەی پێبدرێت، خوێندنەوەی پڕ لە خۆشەویستی زەمەنی کۆرۆنا، درێژبونەوەی خۆی بە خۆشەویستی زیاترەوە درێژە پێبدات و منیش درێژە بە خوێندنەوەی یاداشتەکانی کافکا بدەم، کە مامۆستای گەورە رەئوف بێگەرد بە کوردیەکی ئێجگار جوان وەریگێڕاوە.
سامی هادی 
٨/٤/٢٠٢٠