ژیان لە نێوان ئاپۆلۆ و دایۆنایسسدا

د. کۆیار شێرکۆ 21/07/2020

ئاپۆلۆ و دایۆنایسس دووان لە خواوەندەكانی یۆنانن و هەردووكیان كوڕی زیۆسن. ئاپۆلۆی خواوەندی خۆر، ژیری و لۆجیك، ڕێكی، بیرمەندی و حەقیقەت بە بنەما دەگرێت. دایۆنایسسیش خواوەندی شەراب و فێستیڤاڵ و خواردنەوەیە و ناڕێكی و بێسەروبەری ئامانجیەتی. گەر بە چاوێكی هونەری تەماشای ئەم دوو هێزە بكەین، پەیكەرتاشی هونەرێكی تەواو ئاپۆلۆییانەیە و ڕێكی تێیدا باڵادەستە، لە كاتێكدا مۆسیقا هونەرێكی دایۆنایسسانەیە و زیاتر سەروكاری لەگەڵ هەستەكانماندا هەیە نەك عەقڵ و بیركردنەوە. مێژووی گەڕانەوە بۆ ئەم دوو خوداوەندە لە ئەدەبیاتی ئەڵمانیدا دەگەڕێتەوە بۆ پێش نیچە و چەند نووسەرێكی تر لە نووسینەكانیاندا ئاماژەیان پێكردوە، لەوانە فرێدریك هۆڵدەرلینی شاعیر. بەڵام بەكارهێنانی ئەم دوو چەمكە لە دنیای فەلسەفە و ئەدەبدا، زیاتر دەمانگێڕێتەوە بۆ یەكەمین كتێبی نیچە (The Birth of Tragedy).

لەم كتێبەدا نیچە خوێندنەوە بۆ ئەم دوو هێزە دەكات و دەیبەستێتەوە بە هونەر و كلتووری یۆنان و تێگەشتنێكی ڕوونترەوە لە ژیان. هەرچەندە دواتر نیچە ئەم كتێبەی خۆی وەك كتێبێكی خراپ و شەرمەزاركەر باس دەكات، بەڵام پاش خۆی دەبێتە جێی لێكۆڵینەوەی زیاتر و ئەم دوو هێزەی ئاپۆلۆ و دایۆنایسس كە لە ڕێی نیچەوە دێنەوە ناو دنیای فەلسەفەوە، وردتر شیدەكرێنەوە و دەبنە بابەتێكی سەرەكی كایەكانی هونەر، ئەخلاق، سیاسەت، فەلسەفە و دەروونناسی. 

ئەوەی من دەمەوێ لێرەدا باسی بكەم، پەیوەندی ئەم دووانەیەیە بە دەروون و شێوازی ژیانكردنمانەوە. هەموومان كەسێك دەناسین كە ئارەزووی ڕێكی دەكات، وەك ئاپۆلۆ بە دوای بیرمەندیدا وێڵە و بۆ زانست و ژیری دەژی و دەیەوێت بەم هێزە ببێتە ئەو كاراكتەرە نموونەییەی لە هزریدایە. كەسێكیش دەناسین وەك دایۆنایسس ڕێگای ناڕێكی گرتووە و ژیانكردن بۆی تەنها خواردن و خواردنەوە و خۆشی و ڕابواردنە و ڕێكی و هارمۆنی ڕەت دەكاتەوە. بەكارهێنانی ڕێكی و ناڕێكی لێرەدا هیچ پەیوەندییەكیان بە باشە و خراپەوە نییە و گرنگە تێكەڵیان نەكەین و ڕوون بێت كە ئەمە مانای لە پێشینەیی هیچ كام لەو 
هێزانە نییە بەڵكو تەنها ناساندنی ئەو شێوازە ژیانكردن و تێگەشتنەیە كە هەریەك لە ئاپۆلۆ و دایۆنایسس تەمسیلی دەكەن.

نیچە پێچەوانەی فەیلەسووفەكانی پێش خۆی، ژیانكردنی ئاپۆلۆیانەی ڕەها ڕەت دەكاتەوە. ئەو پێیوایە ئەم شێوازی ژیانكردنە مرۆڤ لە سرووشتی خۆی و گەیشتن لە مانا دوور دەخاتەوە، بەم جۆرە نە مرۆڤ ژیانێكی تەواو دەكات و نە دەرفەت دەداتە ژیانیش ئەو بكاتە مرۆڤێكی داهێنەر. ئەمە مانای ڕەتكردنەوەی ئاپۆلۆ نییه چونكە نیچە ژیانكردنێكی دایۆنایسسانەی ڕەهاش ڕەت دەكاتەوە. بۆ نیچە، دایۆنایسس توخمێكی نێگەتیڤ و ناڕێك بەڵام پێویستە و بە بێ دایۆنایسس، داهێنانی جوانی مەحاڵە. دەتوانین گریمانەی ئەوە بكەین كە نیچە بوونی ئەم دوو توخمە پێكەوە و وەك دوو هێزی سروشت  بە درووست دەزانێ و هیچیان ناخاتە پێش ئەوی تریانەوە، گەر جیاوازییەكی بچووكیش لە نێوانیادا بكات، ئەوا بۆ نیچە، ئاپۆلۆ لە پێشترە، بەڵام بە بێ دایۆنایسس نا. ئەو دەڵێت، "نەخۆشی دەكرێت هاندەرێكی وزەبەخش بێت بۆ ژیان، بۆ ژیانی زیاتر." 

بە بڕوای نیچە پێكەوەگرێدانی ئەم دوو جەمسەرە دۆخی نمونەییە، لەگەڵ ئەوەی ئەنجامدانی ئەمە كارێكی قورسە، بەڵام نەكردە نییە. نووسەر و نیگاركێش و پەیكارتاشەكان بۆ داهێنانی جوانی پێویستیان هەم بە بیرمەندی و هەم بە ناڕێكیشە، پێویستیان بە تراجیدیا و هێزی داهێنانیشە. تۆش، گەر نووسەر و نیگاركێشیش نەبیت، هێشتا دەتوانیت كەڵك لەم تێگەشتنەی نیچە وەربگریت، چونكە هەریەك لە ئێمە هەڵگری هەردوو هێزەكەیە و هەوڵدان بۆ گرێدانیان ڕەنگە ببێتە هۆی دروستكردنی ئەو مرۆڤەی نیچە ناوی دەنێت، مرۆڤی باڵا.

دەتوانرێت ئەم بیردۆزەی نیچە بە بەڵگەیەكی ئەزموونی پشت ئەستوور بكرێت، ئەویش ئەو پەیوەندییە نزیكەیە كە لە نێوان داهێنەرانی جوانی و نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەكاندا هەیە. هۆمەر، هۆلدەرلین، بۆدلێر و بتهۆڤن، دۆستۆیڤسكی و نیچە خۆی، ئەو نموونانەن كە ئازار و ڕووبەرووبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ ناڕێكیدا دەیانكاتە داهێنەر و جوانیبەخش، ئەوان نموونەییانە ئاپۆلۆ و دایۆنایسس پێكەوە گرێدەدەن.