ئەوەی دەیبینیت، هەموو ئەوەیە كە هەیە

د. کۆیار شێرکۆ 27/12/2020

دانیێل كانمان، دەروونناس و ئابووریناسی بەناوبانگی ئیسرائیلی، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە. ناوبانگی لە جیهاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تاقیكردنەوە و كارە مەزنانەی لە بواری بڕیاردان و بیركردنەوەی مرۆڤدا ئەنجامیداون. لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا (بیركردنەوە، خێرا و خاو) تێڕوانینێكی نوێ بۆ بیركردنەوە و تێگەشتن و شێوازی بڕیاردان و ئەنجامگیری مرۆڤ دەخاتە ڕوو. بە جۆرێك شێوازی بیركردنەوەی مرۆڤ بەسەر دوو سیستمدا دابەش دەكات. سیستمی یەك و سیستمی دوو. سیستمی یەك كە تایبەتە بە بیركردنەوەی خێرا و یەكسەری مرۆڤ، بە بێ گەڕانەوە بۆ جۆرێتی و چەندێتی ئەو زانیاری و بۆچوونەی لە بەردەستییەتی، ئەنجامگیری دەكات. سیستمی دووش، سیستمێكی خاوترە و پێویستی بە كات و لێوردبوونەوە هەیە، بۆ ئەنجامگیری و بڕیاردان و تێگەشتن لە بابەتێك. بۆ نموونە، كاتێك دەڵێین، "ئایا توانا دەتوانێت ببێتە سەركردەیەكی باش؟ ئەو زۆر زیرەك و بەهێزە." تۆ یەكسەر بە بێ وردبوونەوە، وەڵام دەدەیتەوە، وەڵامەكەشت بەڵێیە. چونكە باس لە زیرەكی و بەهێزی توانا كراوە. سیستمی یەك بە بێ گەڕانەوە بۆ زانیاری تر و بە بێ وروژاندنی هیچ پرسیارێك لەسەر توانا، ئەنجامگیرییەكی خێرا دەكات و بڕیار دەدات. ئەمەش تەنها لەبەر هەردوو هاوەڵناوی زیرەك و بەهێز. ئەی چۆن بیرمان دەكردەوە گەر لە جێی ئەو دوو هاوەڵناوە، توندوتیژ و گەندەڵمان بەكار بهێنایە؟ ئەمە شێوازی كاركردنی سیستمی یەكە. بەڵام سیستمی دوو، وزەی زیاتری دەوێت و قورسترە بۆ مرۆڤ، كە چۆنێتی و چەندێتی بۆ گرنگە و ئەنجامگیری خێرا ناكات. 

یەكێك لەو دەستەواژە بەناوبانگانەی دانیێل كانمان لە كتێبەكەیدا دەیخاتە ڕوو، دەستەواژەی (ویزیاتی)یە، واتا (ئەوەی دەیبینیت، هەموو ئەوەیە كە هەیە) ڕاستە سیستمی دوو، كە سیستمێكی تەمەڵە، دەتوانێت بە شێوازێكی دەیبینیت، هەموو ڕەخنەگرانە و سیستماتیك لە بابەتێك بگات و بە دوای بەڵگەدا دەگەڕێت، بەڵام ئەمیش زۆرجار بە پشتبەستن بە زانیاری و میمۆرییە ئامادەكانی سیستمی یەك، ئەنجامگیری هەڵە دەكات. ئەمەش واتا سیستمی یەك، زاڵە بەسەر بیركردنەوەدا و زۆرجار كاریگەری لەسەر سیستمی دووش جێدەهێڵێت. لێرەوەیە ئەو دەستەواژەیە ڕوون دەبێتەوە، كە پێمان وایە ئەوەی دەیبینین یان ئەوەی دەیزانین هەموو ئەوەیە كە هەیە و لە مێشكماندا، جێی ئەو شتانە نابێتەوە كە نایزانین و ئەگەری ڕاستی و درووستی ئەو زانیارییانە و كاریگەریان بەسەر ئەوەی خۆمان دەیزانین دانانێین. ویزیاتی كار دەكات لە پێناو هۆشیاری ئاساندا (درككردنی ئاسان). وامان لێدەكات ئاسانتر باوەڕ بە دروستی دەستەواژەیەك بكەین. هەروەها یارمەتیمان دەدات لەوە تێبگەین كە بۆچی مرۆڤ خێرا بیردەكاتەوە. چۆنیش لە دنیایەكی ئاڵۆز و جەنجاڵدا، نیمچە زانیارییەكان و باوەڕه ناتەواوەكانمان وەك حەقیقەت دەبینین. 

لە دەروونناسیدا نموونەی زۆر هەن بۆ تێگەشتن لە (ئەوەی دەیبینیت، هەموو ئەوەیە كە هەیە) یان (ویزیاتی)ییەكەی كانمان. بۆ نموونە زیاد لە خۆ ڕازیبوون یان متمانەیەكی لە ڕادەبەدەر بە بۆچوون و تێڕوانینەكانمان. كاتێك مرۆڤ بیر لە بیر و باوەڕە جێگیر و نەگۆڕەكانی خۆی دەكاتەوە، زۆر دڵنیایە لەوەی بۆچوونەكانی دروستن و بەشێكی زۆری حەقیقەتی لایە. بۆ ئەمەش، چەندێتی و چۆنێتی ئەو بەڵگانەی ڕاستی بۆچوونەكانی ئەسەلمێنن گرنگ نین. ئەوەی گرنگە بۆ تاكێك، جۆرێتی گێڕانەوەی چیرۆكی بۆچوونەكانییەتی سەبارەت بەوەی كە دەیزانێت، تەنانەت گەر زۆر كەمیش بزانێت. ئێمە ناتوانین بیر لەو بەڵگەیە بكەینەوە كە هێشتا بەری نەكەوتووین، هێشتا نایزانین و ناتوانین بزانین كاریگەری لەسەر بە درۆ خستنەوەی بۆچوونەكەی ئێستامان چی دەبێت، چونكە نایزانین. واش دەزانین ئەوەی دەیبینین، هەموو ئەوەیە كە هەیە. ئاسانتریشە كە بەردەوام بین لەسەر ئەوەی باوەڕمان پێی هەیە بەردەوام بین و گومان بخەینە دەرەوەی سیستمی بیركردنەوەمان. 

نموونەیەكی تر بریتییە لە كاریگەری لە چوارچێوەگرتنی بۆچوونێك. بۆ نموونە حەقیقەتێكی زانستی، دەتوانرێت بە چەند شێوازێك بگوترێت. هەر شێوازێكی گوتنیش، كاریگەرییەكی جیوازی لەسەر هەستی مرۆڤ دەبێت. بۆ نموونە كاتێك پزیشكێكی نەشتەرگەری پێت دەڵێت، "ئەگەری ژیانت پاش مانگێك لەم نەشتەرگەرییە لە سەدا 90"ە زیاتر دڵنیا دەبێتەوە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە بە بەراورد بەوەی كە پێت بڵێت، "ئەگەری مردنت مانگێك پاش نەشتەرگەرییەكە لە سەدا 10یە" چونكە مرۆڤ بە خێرایی بیر لەوە دەكاتەوە كە خراوەتە بەر دەستی. گریمانەی ئەو شتانە دانانێت كە نایزانێت و پێی نەگوتراوە. واتا گرنگ نییە ڕێژەی زانیارییەكانت چەند كەمن، چەند بابەتێك هەبێت ئاگادارییان نەبێت و نەتخوێندبێتنەوە، ئەوەی كە دەیبینیت، وا دەزانی هەموو شتێكە. بەڵام لە ڕاستیدا، ڕەنگە باوەڕەكانمان بەرگەی هەموو ئەو بەڵگانە نەگرێت كە نایانزانین.