١٦ی ئۆکتۆبەرو یەکێتی و جەماوەرەکەی

سامان سنجاوی 19/02/2020


ئەگەر بمانەوێت، لە دۆخی یەکێتی لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بکۆڵینەوە، ناکرێت تەنها لە رۆژی ١٦ی ١٠ ی ٢٠١٧ وردبینەوە. هەرچەندە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بارودۆخەکە لەرووی سیاسیەوە لەوناوچانە بۆ کوردو کوردستان چەقیون.
بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی بابەتیی بکەین، دەبێ بگەڕێینەوە بۆسەرەتای قوڵبونی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، کە بەشێکی زۆری هۆکارەکان هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ( ٢٣-٣-٢٠١٤) بۆ دەرەوە، پێشتریش لە ٢٠١١ کێشەی راوەدونان و راکردنی تارق هاشمی بۆ هەرێمی کوردستان و دواتر بۆ تورکیا. بەڵام کێشەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان و پڕچەکردنی پێشمەرگەو بودجە.. نەبونە هۆکاری تەنگژەو قوڵبونی کێشەکان، چونکە ئەم کێشانە لە ٢٠٠٤ ەوە هەتا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە کابینەی مالکیش هەر وەک خۆیان چارەسەرنەکرابون، ئەگەر وانیە ئەی لەکابینەی جەعفەرییش کە ئەم کێشانەش هەبون، لە کابینەی مالکییش تا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کێشەکان هەر بەردەوام بون، کەچی کێشەکان نەبونە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکان و قوڵبون بۆ تەنگەژەی سیاسی.  چونکە تەنگەژەکان بەهۆی ئەو ئامانجە بوو کە هەرێم بە سەربەخۆیی نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت، لەڕێگەی ئەردۆگانەوە! پێش قوڵبونی ناکۆکییەکانی بارزانی و مالکی، رەوانشاد جەنابی مام  هەتا نەخۆشکەوتنی لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بوو، یەکێتییش چەندین وەفدی لەوماوەیەدا ناردە بەغداو لەگەڵ زۆرینەی لایەنەکان کۆبونەوەو دیدار ئەنجامدرا، چونکە یەکێتی ئەو سەردەمەش پێیوابوو، تاکە چارەسەر هێشتا هەر لە بەغدایە، زۆر هەوڵدرا لێکگەیشتن لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم بگەێندرێتە ئەنجام، سودی نەبو! سەرئەنجام بێگوێدانە رەخنەو سەرنج و تێبینیەکانی یەکیتیی نیشتیمانیی کوردستان، هەرێمی کوردستان، لە نەوت بەسەربەخۆ فرۆشتن بەردەوام بوو. یەکێشتی بۆ ئەوەی یەکڕیزی نیشتیمانیی کوردستان تێکنەچێت لەگەڵ پارتی تێکینەدا! ( بۆ ئەم یەکڕیزیە و هەڵوێستی یەکێتیش بابەت زۆر هەڵدەگرێ، لێرەدا ناچمە سەر ئەو بابەتە)  ئەم تەنگژەیەو قوڵبونی کێشەکان  لەسەردەمێکدا بوو هەرێمی کوردستان لەوپەڕی گەشەکردن و بوژانەوەدابوو، بەڵام لەدوای ئەو پچڕانە، هەرێمی کوردستان لەناوخۆیدا دوچاری چەندین تەنگژەی ئابوری، دارایی، سیاسی و سەربازی.. هتد، بوو. دەرکەوت ئاکامەکانی فرۆشتنی راستەوخۆی نەوت، لەناو هەناوی چوار داگیرکەری کوردستان، چی بەسەر خاک و گەلی باشوری کوردستان هێنا. بزانین بەسەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت لەرووی نیشتمانی  هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەک و لەرووی ئابوری و دارایی هەرێمەوە، هەرێمی کوردستانی لەماوەی ئەو چەند ساڵە گەیاندە چ بارۆدۆخێک. 
لەرووی نیشتمانییەوە، بە سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت، کارێکی جێی بایەخ بوو، بەڵام چونکە فرۆشتنەکە نیشتیمانی کوردستانی و لەڕووی ستراتیژیەوە، کاری لەسەر نەکرابو، بەرژەوەندی کەسیی لەبەرانبەر گشتیی لەبەرچاو گیرابوو، رێکەوتنێک نەبوو لەنێوان دوو وڵات و قەوارە، بۆیە ئاکامەکانی ئەو فرۆشتنە رەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتی ئێران و بەریتانیا، ئەمریکاو روسیا..هتد، بوە هۆکاری ئاڵوگۆڕی سیاسەتی ئەم وڵاتانە لەبەرانبەر هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی. چونکە هەناردەکردن و لەبازاڕ ساغکردنەوەی نەوت، و داهات و پارەکەو  دیاریکردنی جۆری دراوو وەرگرتن و هەڵگرتنی لەگەڵ چەند کۆمپانیای وڵاتان رێکەوتن کراوە و لەکوێ داهاتەکەی دادەنرێت و چ دەزگایەکی دارایی هەرێم سەرپەرشتی دەکات؟ هتد، ئەمانە بەپێی بەرژەوەندییەکان سیاسەتی ئەم وڵاتانەیان لەبەرانبەر هەرێمی کوردستان بە پۆزەتیف و نێگەتیف، گۆڕی.
 کە نەوت بەسەربەخۆیی بەڕێکرا، کام دەزگای ئەکادیمی و شارەزاو سیاسەتمەدار، پێشبینی، روداوو پێشهات و بارودۆخ  لەسەر هەناردەو نرخی نەوت لە دابەزین و هەستانەوە کرد؟ کام دەزگا لەرووی سیاسی و بارودۆخی عیراق و ناوچەکەو جیهان، تەنگژەو کێشەکان بۆ ئایندەی نرخی نەوت، کاری ستراتیژی لەسەر کرد؟ لەم روەوە ئایا دەشێ بگەینە ئەو بڕوایەی فرۆشتنی نەوتی هەریم لەسەر رێگەی نیشتیمانی بوو؟!
لەڕووی دۆخی دارایی و ئابوری هەرێمەوە، ئایا بەسەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت، هەرێمی گەیاندە چ قۆناغێک؟ سەرخان و ژێرخانی هەرێم، لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا لەچ ئاستێکدایە، هەڵکشانە یان داکشان؟ بێگومان لەگەڵ بەسەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت، هەرێمی کوردستان دوچاری داکشانێکی گەورەی ئابوری و دارایی هات، گەشەکردن لەهەموو سێکتەرەکان وەستان،  چەندین کۆمپانیا دوچاری شکست هاتن، بژێوی ژیانی هاونیشتیمانیانی دوچاری بارودۆخێکی ناهەموار کردەوە، سەرئەنجام ئەوەی لە ٢٠١٤ لەسەردەمی هەڤاڵ مام جەلال، لەگەڵ عێڕاق دەگەیشتە ئەنجام، ئێستا بە نیو هێندە، خراوەتە دەست قەدەری کابینەی نوێی حکومەتی فیدڕاڵی. 
ئەی خۆدەبێ بپرسین، روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەر بەتەنها، پەیوەستە بەریفراندۆمەوە؟ کە نەوت هەناردە بکەیت و وڵاتێکی سەربەخۆت بە کەرکوکەوە هەبێ، تورکیا چۆن بێدەنگ دەبێ، لەکاتێکدا نەوتی گەرەکەو دژی وڵاتی سەربەخۆی کوردستانە، بۆ ئەوەی رێکەوتنی نەوتەکەش بەردەوام بێ،وهەرێمی کوردستان نەگاتە مافی چارەنوس، لە کەرکوکەوە کێشەی تر دروست دەکات، چۆن رێگەدەدات کەرکوک لەسەر هەرێمی کوردستان بێت؟! ئەی ئێران، کە رێکەوتنی نەوتیی لەگەڵ هەرێم نەبێ،و ریفراندۆمیش بەکەرکوکەوە، لەدەسەڵاتی شیعەی عیراق دەربهێندرێت، چۆن لێدەگەڕێ بە ئاسانی ریفراندۆم تێپەڕێت؟ ئەی بەریتانیا کە یەکەم وڵاتی دەرهێنەری نەوتی عیراقە؟ ئەی وڵاتانیتر.. ئەرێ بەڕاست ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بوو؟!
لێرەدا،  بۆ هەڤاڵانی یەکێتی دەگەینە ئەو ئەنجامەی، ئەوەی لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم هەروەها بەسەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتی هەرێم،و ریفراندۆم، ئەو گەلەکۆمە و نالەباریەی رابردوو و شەڕی هێنراوی داعش و داکشانی دارایی هەرێم و پاشەکەوتی موچە، رویدا، کە رای جۆراو جۆری یەکێتییەکانی لەسەرە، دەبێ بۆ یەکێتیەکان ببنە پەندو وانەیەک و دوبارە نەبنەوە، چەند باسی رابردوو بکەین برینەکانی داگیرکردنی کەرکوک و پاشەکەوتی موچە.. دەکولێنەوە، ئەوەی پێویستە کاری لەسەر بکرێت، چۆن گەندەڵیی ریشەکێش بکرێت؟ چۆن کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێنینەوە؟ چۆن دادپەروەریی بەپێی رێبازی یەکێتی کاری لەسەر بکەین؟ چۆن پاشەکەوتی موچە بدرێتەوە؟ چۆن بازاڕ ببوژێنینەوە؟ چۆن ژیان و گوزەرانی رەەفاهیەت، بۆ هاوڵاتیانی باشوری کوردستان وەدیبهێنین؟
ئێمەی یەکێتی، کە لە شێوازو جۆری کار جیاوازیشمان هەبێت، بەڵام مێژوو و بیرو باوەڕی هاوبەش، لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆیکردوینەتەوە، ئیدی خراپە ئەم دۆخە بەردەوام بێت، هەر هەڤاڵێکی یەکێتی، لەخوارەوە بۆ سەرەوە، یەکێتی بەهاوبەشیی و لەیەکگەیشتن ئەرک و کارەکان بەڕێوەببرێن، ململانێکان کاتی هاتوە، بۆ دەرەوەی یەکێتی بەکاربهێنین، کاتی زۆرمان رۆیشت، کەممان ماوە، چونکە هەتا ئێستا بەدیلی یەکێتی هەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.