شەوی پیلانی بەغداو خەوی حکومەتی هەرێم

سامان سنجاوی 12/11/2020


دوێنێ شەو ئەقڵیەتی شوڤێنی و مەزهەبی لە عیراق، پیلانی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستانیان لە پەرلەمانی عیراق بریارلێدا، لە ٢٠٠٥ەوە ئەم ئەقڵیەتە، بەبەرنامە ساڵانە بودجەی هەرێمی کوردستانیان کەمدەکرد، لە%٢١ ەوە بۆ %١٧ەو دواتر بۆ %١٤ و %١٣ و بۆ %١١ کەمکردەوە، ئەمە سەرەڕای جێبەجێنەکردنی دەستور و ماددەی ١٤٠ و بەرکەوتەی لۆجستی پێشمەرگە ..هتد. کێشەکان کەڵەکە بون، هەتا لە ٢٠١٤ ناکۆکییەکانی بارزانی و مالکی قوڵ بون، پارتی بریاری بە سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتی دا، هەرچەندە یەکێتی لەهەوڵی زۆردابوو کێشەکان لەگەڵ عیراق نەگەنە بنبەست و ترازان، چونکە یەکێتی ئەوساش پێی وابوو تاکە چارەسەر هەر لە بە‌غدایە.
لەدوای بەسەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت، هەرێم نزیکەی دوو ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبوو، ئێستا نزیکەی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە، دۆخێکی قورسی دارایی روبەڕووی هەرێمی کوردستان بۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند ساڵێک پاشەکەوتی موچە و درەنگ کەوتنی موچە لە مانگەکانیداو لێبڕینی موچەش، کەچی دوێنێ شەو بەشێکی سونەو مالکی و سەدرییەکان، پیلانێکی رەش و کودەتایەکی سپییان بەسەر هەرێم و گەلی کوردستان خستە سەر مەڵۆی شۆڤێنی و مەزهەبگەرایی. بەم بڕیارەی کە هەرێمی کوردستان پابەند بە خواستی رادەست کردنی ٤٨٠ هەزار بەرمیل نەوت و داهاتی گومرگ ، لەبەرامبەر ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکە، بریارێکی بێبنەمایەو گاڵتەکردنە بە هەرێمی کوردستان؛ چونکە هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت و گومرگەکانی و داهاتی ناوخۆ زۆر زیاتری لە ٣٢٠ ملیارەکە بەدەست دەکەوێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبوو پێشبینی ئەم پیلانەی بکردایە، نەدەبوو ئەو ئەرکە تەنها بە نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نونێنەران بسپاردایە. دەبو هەرسێ پێکهێنەری حزبی حوکمڕان لە ئاستی باڵا بە ئەجندای هاوبەش لەبەغدا بونایە و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمش لەبەغدا لەگەڵ حکومەت و ئەنجومەنی نیشتیمانی و حزبەکانیش لە دانوستاندا بوایە. کەچی سەرۆکی حکومەت لە سەفەری ئەوروپادایە، بۆ یەک جاریش سەرەڕای ئەم بارودۆخە ناهەموارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و وەفدی گفتوگۆ نەچۆتە بەغدا؛ لەبەرامبەردا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ دەیان جار چۆتە بەغدا، ئایا جێگری سەرۆکی حکومەت بەم سەردانانەی لە چارەسەری کێشەکانی هەرێم بۆ بەغدا، بچوک بوە لەبەرچاوەی گەلەکەی یان خەمی چارەسەرکردن گەورەی کردووە.
لەدوای ئەم بڕیارانەی پەرلەمان، دەستی حکومەتی ئتیحادی بۆ ناردنی ٣٢٠ ملیارەکە بەستراوە، حکومەتی هەرێمی خستۆتە گۆشەیەکی قوڕس و حکومەتی ئیتیحادیشی لە هەناردەکردنی پارەکە رزگار کرد. بڕیارەکەی دوێنێ شەو، ریسەکەی هەرێمی لە بەغدا کردەوە بە خوری، چونکە بڕیارەکە حکومەتی ئتیحادی لە بەرامبەر ناردنی بودجەو پشکی هەرێم پابەند کردوە بەوابەستەی هەرێم لە رادەستکردنی بەشێکی هەناردەی نەوت و گومرگ. ئەم گەیم ئۆڤەرە ، دوبارە فەرمانبەرانی هەرێم باجی ئەم ناهەموارییە دەدەن،   دوبارەش دەیان کۆبونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا و کاری لیژنەو لیژنەکاری لێدەکەوێتەوە، هەمدیس ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەم دۆخە ئاڵۆزو ناهەموارەو لەم فەزا بەرژەوەندخوازی و پۆپۆپلیستگەراییەدا، کەم کەس هەیە بڵێت، کاک قوباد تاڵەبانی دەستان خۆش بێت. جگە لە رەخنە، زۆرینە پەلارو توانج بەهەلپەرستی تێیدەگرن. لەم پیلانەی بەغداو لەم دۆخە پۆپۆلیستیەی هەرێم ، کە ئەگەر هەیە رێکەوتنی نوێ  یان تانەدان لە دادگای ئیتیحادی لە بڕیارەکەی پەرلەمان، مانگێک زیاتر بخایەنێت، حکومەتی هەرێم چۆن موچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ دەدات؟!