عەلی حەمەساڵح لەنێوان ئەملا و ئەولادا

رزگار فایەق 22/07/2019


بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای شكستی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و كوردستانەوە، توشی ناڕەزایەتی و قەیرانێكی قوڵی ناوخۆیی بۆیەوە، ئەم قەیران و ناڕەزایەتیە پەردەی لەسەر زۆر نهێنی و مامەڵەی ژێربەژێری ئەو بزوتنەوەیە هەڵماڵی، هیچ كام لەو نهێنیانەش كەسانی دەرەوەی بزوتنەوەكە هەڵینەبەستبون، بەڵكو كەسانێك لەناو دڵی گردەكەوەو لەناو تەواوی روداوە سیاسی و حزبیەكانی بزوتنەوەكەوە ئاشكرایان كرد. دیارترین و كاریگەرترین نهێنیەكان دەربارەی چونە حكومەت و ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانیان بوو لەگەڵ پارتیدا، كە لەو نێوەندەدا ناوی كوڕێكی گەنجی گوماناویی دەهات كە جاران بە حاسیبەكەی گۆڕان ناسرابوو، ئێستا زۆرێك لە لایەنگرانی گۆڕان پێی دەڵێن حاسیبە شكاوەكە. چونكە هەموو ئەو تەقسیم و كۆ و ناقیس و زەربەی كاتی خۆی لە تۆپخانەكەی جارانی گۆڕان و هەر بە قەولی خۆیان تەلەڤیزیۆنی زاگرۆسی ئێستا، دەیكردن دایە دەست بای بەرژەوەندیە شەخسیەكان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت نایەتە بیرم ئەو عەلی حەمەساڵحەی پارلەمانتاری دوو خول، جگە لە هەڵا و قسەی زل، دوو كێشەی بۆ خەڵك چارەسەر كردبێت.
ئەوەی ئێمە لێرەدا باسی دەكەین زۆربەی قسەی هەڵسوڕاوەكانی خۆیانە و ئێمە تەنیا كەمێك مۆنتاژمان كردوەو هیچ ئیزافەیەكمان نەخستۆتە سەری، عەلی حەمەساڵح كە جاران پارتی بە دزو یەكێتی بە شەریكە دز دادەنا، بەڵام ئێستا هاوڕێی گیانی بەگیانی ئومێد خۆشناوە و بۆ پرۆژەكانی پارتی دەستی هەمیشە بە ئاسمانی پارلەمانەوە بەرزكردۆتەوەو بیری چوە جاران ئەمانە دز بون. هەر ئەم زاتە، لەلایەن گۆڕانەكان و لەناو وتارەكانی "ئیتر قسە دەكەم"ی عەبدولرەزاق شەریف، نیشانەیەكی گەورەی پرسیار دەخرێتە سەری و بە كەسێكی گوماناوی لەقەڵەم دەدرێت، هەر بە وتەی عەبدولرەزاق كە ماوەیەكی زۆر بەرپرسی راگەیاندنی گۆڕان و ئاگاداری وردو درشتی روداوەكان بوە، عەلی حەمەساڵح دزەی بەهەندێ لەزانیاریەكانی ناو بزوتنەوەكە كردوە، كە ئەمەش بەهەموو پێوەرێك جێگەی گومانێكی گەورەیە، ئێمە ناڵێین لەژێرەوە كاری بۆ حزبی دیكەو دەزگای دیكە كردوە، خۆیان ئەو گومانەیان لەسەر دروستكردوە. ئەم تۆمەتەش هێندە گەورەیە كە دەبوو لەكاتی خۆیدا هەڵوێستی بەرامبەر قسەكانی عەبدولرەزاق هەبوایە، بەڵام كە نیەتی و نەیبوە، هێندەی تر گومانەكان زیادیان كردوەو ئێستاش بەشێك لەناڕازیەكانی گۆڕان بە عەرابی چونە باوەشی پارتی ناوی دەهێنن.
هەر بۆیە ئەو دەستەی كاك عەلی حەمەساڵح كەشفە، كە دەیەوێت بە بەرگریكردن لە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بە ئاوی روباری دانوب و بە هەوای خڕەی نێوزەنگ خۆی پاك بكاتەوەو گومانەكان لەسەر خۆی لابەرێت، بەڵام لەبیری چوە كە لەماوەی ئەم دوو سێ دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستاندا بە دەستەكانی خۆی گەورەترین زیانی لە بیر و فیكرو ستراتیژی كاك نەوشیروان داو، یەكێك بوو لەدیارترین ئەو كەسانەی سیستمی بنەماڵەییان هەم لەناو كوردستان و هەم لەناو گۆڕانیشدا چەسپاند.
ئێمە بە كورتی كۆتایی بەم وتارە دەهێنین و قسەكانی عەبدوڵای مەلا نوری هەر دەكەین بەخاتری ئەو كاتەی كاك عەلی حەمەساڵح رۆڵی كۆچەر بیركاری دەبینی و ماتماتیكی هێندە لەلامان خۆشەویست كردبوو، ئەگەر بەردەوام بوایە لەسەر ئەو حساباتانەی دڵنیام ئێستا چەند كۆچەر بیركاریكمان لەناو هەرێمدا بۆ دروستدەبوو. دەنا داوا لەخوێنەریش دەكەین خۆی بچێتەوە سەر وتارەكانی عەبدوڵای مەلا نوری و جارێكی دیكە ئەبدەیتی ئەو نهێنیانە بكاتەوە كە عەبدوڵای مەلا نوری واتا (شێرەكەی گۆڕان) لەسەری كردوە.