هەڵبژاردنەكەی كوردستان، بە تامی كەلەڕەقییەكەی ریفراندۆم

رزگار فایەق 07/08/2018




ئەگەرچی بڕیاری رەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە 30/9 هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەم وادەیە ناكۆكی و جیاوازی خستۆتە نێو ماڵی حزبە كوردستانییەكان و خەریكە هاوشێوەی ریفراندۆمەكەی 25/9 بە كەللەرەقی و بە شێوەیەكی دوژمنكارانە مامەڵە بەم پرسە دیموكراسییەوە دەكرێت.
دەنگۆكان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن كە گوایە یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندان و پارتیش لە بەرەیەكی دیكەدا پێداگری لە ئەنجامدانی دەكەن، ئەگەرچی گۆڕان و یەكێتی بەرەسمی ئەم بۆچونەیان رانەگەیاندوە، بەڵام  خەریكە  هەمان سیناریۆكەی ریفراندۆم دووبارە دەبێتەوەو ئەمڕۆ 7/8/2018 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەسەر ئاوازی "هێندە حساب بۆ هیچ كەسێك ناكەین" لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە قسەی كرد. هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت، ئەمە لەكاتێكدایە رۆژێك پێشتر جێگرەكەی لە حكومەت واتا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، كە سەرجەم حزبەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكەدان.
ئەم لێدوانانە هەمان ئەو لێدوانانە وەبیری خەڵكی دەهێنێتەوە، كە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم دەدران، پارتی بە كەللەرەقی و بێ هیچ حسابێك بۆ رای نێودەوڵەتی ‌و ئیقلیمی پێداگری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكرد. (سەرەڕای ئەوەی ریفراندۆم مافێكی زۆر سروشتییە) بەڵام بینیمان چ ئەنجام و كاردانەویەك لەدوای ریفراندۆم هاتەگۆڕێ و كار گەیشتە جەنگ و روبەڕوبونەوەی سەربازیش.
ئێستاش باس لەوەدەكرێت كە ئەمەریكا پێی باشە هەڵبژاردنەكە دوابخرێت، بریت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ جەنگی دژی داعش، ئەم پێشنیارەی كردوە، وەكچۆن لەكاتی ریفراندۆمدا هاتە كوردستان و داوای دواخستنی ریفراندۆمەكەی كرد. ئەگەر ئەم داوایەی ئەمریكا راست بێت، ئەوە بێگومان مەكگۆرك هۆكارەكان و دەرئەنجامەكانیشی رونكردۆتەوە، كە رەنگە پەیوەندیی بە گۆڕانكارییەكانی عێراق و ئابڵوقە ئابورییەكەی سەر ئێران و شەڕی داعشەوە هەبێت، بەڵام وادیارە ئەمجارەش حیساب بۆ مەكگۆرك ناكەن وەكچۆن پێشتر بۆ تیلەرسۆن و توركیا و ئێرانیان نەكرد، دواتریش بە هەڵەدوان و لە نیوەشەودا ئەنجامی ریفراندۆمەكەیان سڕ كرد.
ئەمریكا و وڵاتانی دەوروبەر هەر بەرژوەندی و هۆكارێكیان هەبێت، بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوەیان بۆ جێگەیەكی دیكەو ئەم پرسە تەواو ناوخۆییە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا دواخستنی هەڵبژاردن كوفر نییەو هەقە ئەو لایەنانەی لەگەڵ ئەمەدان بە رەسمی داوای دواخستنی بكەن و هۆكارەكانیش رونبكەنەوە.
من پێموایە، هۆكار زۆرن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە دوابخرێت، كە گرنگترینیان بەلای منەوە، نائامادەیی هاوڵاتیانی كوردستانە لەرووی سایكۆلۆژییەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بە تایبەتی كە هێشتا كەشی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق بەسەر ژیانی كۆمەڵایەتییەوە باڵادەستەو هەمووی سێ مانگی بەسەردا تێنەپەڕیوە، واتا ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردن لەماوەی پێنج مانگدا بەو ئاستە نزمەی بانگەشەو تۆمەتانەوە كە لایەنەكان لەكاتی بانگەشەدا دەیدەنە پاڵ یەكتری، هێندەی تر باری دەرونی خەڵكی تێكدەدات و ئەگەری زۆرە رێژەی بەشداریی 50% كەمتر بكاتەوە. بۆیە من پێموایە هیچ پەشم نییە و پێویستە داوای دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە بكرێت، ئەگەرنا ئەم كەللەرەقیەی خەریكە دروست دەبێت، دور نییە كوردستان بەرەو ئاژاوەیەكی دیكە ببات.