ئەگەر یەکێتی کۆنگرە نەبەستێ!

دهام سمکۆ 06/07/2019



چەند ڕۆژێکە بە فراوانی لە میدیاکانی عێڕاق و ھەرێمی کوردستان، نووسراوێک بڵاوکرایەوە کە گوایە لە لایەن فەرمانگەی کاروباری حیزبەکان و ڕێکخراوە سیاسیەکان لە کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ژمارە (1238) لە (2/7/2019) دەرچووە، ناوەڕۆکەکەی ئاگادار کردنەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە دەبێت تا سێ مانگیتر کۆنگرە ببەستێت، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، ھاوکات ڕێگایان پێ نادرێت بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئایندەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن، بە گوێرەی ژێدەرەکانی ھەواڵ ئەم ئاگادار کردنەوەیە بۆ زیاتر لە 20 حیزبی عێڕاقیە و 4 حیزبیان کوردستانین، یان بەو مانایەی ئەم چوار ڕێکخراوە سیاسیە کوردستانیە، کێڵگەی کاری سیاسیان سنووری ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و ھەندێک شاریتری عێڕاقن، ئەوەی بەندە مەبەستیەتی ئاماژەی بۆ بکەم لە پەیوەند بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
ئاماژە بە ناوەڕۆکی ئەم نووسراوە کە پاڵپشت بە یاسای حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ژمارە (36)-ی ساڵی (2015) کە لە پەڕلەمانی عێڕاق دەرچووە، ئاماژەی بە ماددەی (58)-ی ئەم یاسایە کردووە، کە گوایە تاوەکو سێ مانگیتر ئەم ڕێکخراوە سیاسیانە کۆنگرە نەبەستن ناتوانن بەشداری ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن، بە پێی بە دواداچوونم بۆ پرسەکە ئەم نووسراوە لەوە دەچێ ھیچ ڕاستی تێدا نەبێت، یاخود ھەڵەیەک لە ئاماژەکەیان بە ماددە و یاساکەدا ھەیە، لە لینکی خوارەوە دەقی یاساکەی ئاماژە بۆ کراو، وەک خۆی کە لە وێب سایتی فەرمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق وەرگیراوە دایدەنێم، بە ھیچ شێوەیەک ماددەیەکی لەم شێوەیە لە یاسای ئاماژە بۆ کراوە نیە!

بەڵام با ئەم پرسە بکەین بە دەروازەیەک و گریمانەی ئەوە بکەین ئەگەر ئەم ھەواڵە ڕاست بوو، لێرەوە پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین:

یەکەم: گریمان ئەگەر بە یاسایەک یان ڕێنمایەک لە عێڕاق ئەم بابەتە بێتە پێشەوە، ھیچ کاریگەری نابێت بەسەر حیزبە کوردستانیەکان، چونکە بە پێی دەستووری عێڕاق تایبەتمەندی بە ھەرێمی کوردستان دراوە، بە جۆرێک ئەو یاسایانەی کە لە ساڵی (1992)-ەوە لە ھەرێمی کوردستان دەرچووە ددانی پێداندراوە، ئێمەش لە ساڵی (1993)-ەوە یاسای دامەزراندنی حیزبی سیاسیمان ھەیە، واتە پابەند دەبین بە یاساکانی خۆمان و پاڵپشتی دەستووریشمان ھەیە، واتە بە ھۆی نەبەستنی کۆنگرە ھیچ حیزبێک بێ بەش ناکرێت لە بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکان.
دووەم: لە ھەرێمی کوردستان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانمان ھەیە، ئەم کۆمسیۆنە سەرپەرشتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات بە ئەنجومەنی پارێزگاکانیشەوە، واتا کۆمسیۆنی عێڕاق ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە نابات.
سێیەم: لە یەک باردا مەترسی دەبێ لە پەیوەند بە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دیالە و نەینەوا، کە ڕێکخراوە کوردستانیەکان دەتوانن کورسی بە دەستبھێنن، جا بۆیە بۆ ھەموو حیزبە سیاسیەکانمان گرینگە کۆنگرە ببەستن نەوەک بکەونە ناو تەنگەژەیەکی یاسایی لەم شێوەیە.
چوارەم: کۆنگرە وەک بەرزترین دەسەڵاتی ڕێکخراوی سیاسی، گرینگی خۆی ھەیە لە نوێکردنەوەی کاری ژیانی سیاسی حیزبی و خۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریەکان، بۆیە پێویستە دەست بەجێ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار لە بەستنی کۆنگرەی چوارەمنی بدات، نەوەک لە لایەن دەزگایەکی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ناچار بە بەستنی کۆنگرە بکرێت!

دھام سمکۆ
مامۆستای زانکۆ لە بواری یاسا