بۆ دەبێ جارێکیتر دەنگ بە یەکێتی بدەینەوە؟

دهام سمکۆ 19/09/2018


لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساتەکانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان، پرسی دەنگدان بە کاندید و لیست و قەوارە و ڕێکخراوە سیاسیەکان گەرمە و جێگەی بایەخی ھاوڵاتیانە، چونکە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پەیوەستە بە ئایندەی ھەموومان، ھەم دەکرێ لەم ڕێگەیەوە دۆخی ژیانمان بگۆڕین و ھەمیش ئاستی سیاسی و ھۆشیاری کۆمەڵانی خەڵکی پێ بناسینەوە و لەوە بگەین ئێمە لە چ ئاستێکداین.
لە کۆمەڵە پێشکەوتووەکان بابەتی دەنگدان بە پارتە سیاسیەکان بە ھەستیاری سەیر دەکرێت، لە لایەک ڕاستەوخۆ دیدگەی تاکەکان بۆ دونیا بینین و ئایندەیان نیشان دەدات، لە لایەکیتر دەرخەری ھۆشیاری تاکەکانە، کە پێمان دەڵێت ئێمە کێین و چیمان دەوێت.
ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان دوای ئەو ھەموو ڕووداوە سیاسیەی کە لە ماوەی چوار ساڵی پێشوو لێرە ڕوویدا، ناکرێ و نابێ بێ لێکدانەوە و گەنگەشەکە کردن بڕیاری دەنگدان بە لیستەکان بەسەرمان تێبپەڕێت، ئەگەر دەنگدەر بێ ڕامان ئەو بڕیارە بدات مافی ڕەخنە گرتنی لە لایەنە سیاسیەکان نابێت، بۆیە دەبێت دەنگدان وەک پڕۆسەیەکی بە دیموکراتیزەکردن سەیر بکەین، ھەم بیکەین بە ئامرازێکی کاریگەر تا لایەنە سیاسیەکان ناچار بە خزمەتکردن و بە خۆ گۆڕین و خۆ گونجان لەگەڵ پێشھاتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بکەین، ھەمیش بە کۆ دەنگی ژیانی ئێستامان کە پڕ کراوە لە نائومێدی و گرژی و نادیاری و ئاستی خراپی گوزەرانمان و ئایندەمان تێبپەڕێنین.

لە دوای ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣، ھەندێک لە ھێزەکان بە گۆڕانکاری گەورە دەنگەکانیان ھەڵبەز و دابەزی کرد، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان تەنیا ١٨ کورسی پەڕلەمانی بە دەستھێنا و دەنگی کەم کرد، بەمەش لە ھێزی دووەمەوە بووە ھێزی سێیەمی گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستان، خۆشبەختانە جەماوەر و دۆست و لایەنگرە ھۆشیارەکانی (ی. ن. ک)، وەک چۆن بە ئاگایی خۆیان پەیامێکی ڕوونیان بە سەرکردایەتی ئەو حیزبەدا ھاوکات لە ماوەی کەمتر لە چەند مانگێک، کە بینیان سەرکرایەتی سیاسی حیزبەکەی خۆیان، بە خۆیاندا چوونەوە و سیاسەتی ڕوونتریان پەیڕەو کرد و ئاکار و دونیابینینی خۆیان بۆ یارییە سیاسیەکە گۆڕی، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق، یەکێتیان کردەوە بە ھێزێکی کاریگەر و بەمەش توانیان پێگەی سیاسی یەکێتی لە ھەرێمی کوردستان بەرز بکەنەوە.

بە گەڕانەوە بۆ لێکەوتە سیاسیەکانی ئەوێ ڕۆژێ و ئەو دۆخە قوڕسەی وا بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵە بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەپێندراوە، دەکرێ لە ڕوانگەیەکی سیاسی شیکردنەوەی بۆ بکەین و بەمەش ھۆکاری دەنگدانمان بە لایەنەکان دەرببڕین، دیارە بە لای ئێمەشەوە ناکرێ و نابێ دەنگ بە یەکێتی نەدەینەوە، بۆیە لە خوارەوە دوای خستنەڕووی چەند خاڵێک ڕوونی دەکەینەوە کە بۆ دەبێ جارێکیتر ھەموومان دەنگ بە (ی. ن. ک) بدەینەوە:

یەکەم: لە دوای دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣، جەماوەری یەکێتی نیگەرانکرا لە لایەن پارتیەوە، بەوەی کە پارتی ویستی دەرفەت لە دۆخی لاوازی یەکێتی و کێشە ناوەخۆییەکانی وەربگرێت و ھێزیتر بکاتە ئەڵتەرناتیڤ، کە زوو دەرکەوت وەھمە ھێزێکی مێژوو کرد و خاوەن ھەزاران شەھید و جەماوەرێکی ھۆشیار و خۆ بە بەرپرسیار زان و بە پەرۆشی وەک یەکێتی پەراوێز بخرێت، بەمە بۆ کوردستانیان سەلمێندرا یەکێتی ئەگەرچی دەنگیشی کەم کردبێ بەڵام سەنگی ماوە.

دووەم: گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، کە لە ڕووی جوگرافیای سیاسیەوە ھەمیشە قەرزارباری یەکێتین، بەوەی پێگەیان لە ژێر قەڵەمڕەوی یەکێتیە، ئەمە جگە لەوەی کە یەکێتی بە گیانێکی وەرزشی و میھرەبانانە ھەموو شتێکی لێ قبوڵ کردوون، بەڵام دوای شکشتەکەی یەکێتی لە ھەڵبژاردنە پەڕلەمانیەکەی ئەوکات، ڕێگەی سەری ڕەش و ماڵی بارزانیان کردە سەر ڕێگەی کانی و پێش یەکتر دەکەوتن بۆ بەرکەوتنی لەتێک کێکی زەردی حکومەت، بەڵام بە دەنگە زۆرەکانمان لە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق پەیامی ڕوونمان بە ھێزەکاندا و نەیانتوانی بێ یەکێتی حکومەت پێکبھێنن.

سێیەم: دوای پەیماندانی گۆڕان بە چوار ساڵ ئارامی بۆ پارتی، بەخشینی پۆستەکانی یەکێتی بە گۆڕان لە لایەن پارتیەوە، بە تایبەت مەلەفی پێشمەرگە و دارایی، یەکێتی ئارامی گرت و بە لەبەر چاوگرتنی ئازادی سیاسیی و باوەڕ نەبوونمان بە دەسیسەی سیاسی و موئامەرە قبوڵمان کرد، بەڵام ھەر زوو زەواجی سیاسی ئەو لایەنانە کۆتایی ھات و دڕدۆنگی سیاسی شوێنی ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی گرتەوە و چاویان لە بەرژەوەندیە گشتیەکان کوێر کرد و شوێن بەرژەوەندییە سیاسیە بچووکەکان کەوتن، قۆچی عینادیان لە یەکتر گیر کرد و کوردستانیان تووشی کێشەی قوڵ کرد و دۆخی سیاسیان بە بنبەست گەیاند، دیسانەوە بۆ کوردستانیان سەلمێندرایەوە ھێزی ڕەسەن لە پێناو ھەڵپەی سیاسی خەڵک تووشی کارەسات ناکات، ھاوکات کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەورەیی و کارامەیی یەکێتیان بۆ دەرکەوت کە لەو سەردەمەی یەکێتی دەخیلەی کوردستانی لا بوو چۆن خۆشگوزەرانی بە دیھێنا بوو، لە شەڕی داعشیش سەرباری ئەوەی ئێمە کەمترین چەک و ھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان بە دەست دەگەیشت، چونکە لە فڕۆکەخانەی ھەولێر دیزە بە دەرخۆنە دەکرا و میلانەکان لە بازاڕەكانی چەکی قاچاغ دەفڕۆشرا، بەڵام یەکێتی بە خوێنی شەھیدانمان کە زۆرێک لە سەرکردە و فەرماندە ئازاکانمان کە بە دەیان ساڵ پێگەیێندرابوون، خۆڕاگری کرد و خاکی کوردستانیانی لە ھەژموونی داعش پاراست بەڵام ھێزیتر لەگەڵ داعش ھەڵھاتنیان لە بەرەکانی جەنگ کردبووە حەکایەتی ڕێمکە ھەتا جێت بکەم کرد، ئەمە جگە لەوەی کە بە شایەتی سەرۆکی پارتی ئەگەر ھێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی نەبووان مەخمور ئازاد نە دەکرا و ھەولێریش دەگیرا لە لایەن داعشەوە.

چوارەم: پارتی، بە داخستنی پەڕلەمان و بۆ بردنی قفڵی پارەکانی کوردستان بە وەھمی سەربەخۆیی دارایی، گۆڕانی ئاوت کرد و جارێکیتر خشتی دیواری بەرلین و دێگەڵەی ھەڵچنیەوە و ھەموو پڕەنسیپە دیموکراسیەکانی ژێر پێ خست، گۆڕان لە جیاتی تێگەیشن لە ئاستی بەرزی ھەستکردنی یەکێتی بە پاراستنی دۆخەکە و میھرەبانی یەکێتی بۆ ھێزەکان بە تایبەتیتر گۆڕان، زوو کەوتنە پەلاماری یەکێتی و کەڕنای ھەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی ھاوبەشیان لێدا و ویستیان کوردستان بە کرداری بکرێتەوە بە دوو پارچە و یەکێتی لە سلێمانی گەمارۆ بدەن و لەوێشەوە ململانێی بکەن و لاوازی بکەن، دیسانەوە یەکێتی بە ڕادەستکردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، کە تیایدا یەکێتی خۆی تووشی لەکەیەکی سیاسی کرد بە ھۆی ئەوەی کە پرسیاری قوڵ و قسەی جدی لەسەر ئەو کەسە ھەبوو کە گۆڕان وەک پارێزگار کاندیدی کردبوو، لە دۆخێک کە گۆڕان زۆریش بێ ھێز ببوو و تووشی گەمارۆی سیاسیش ببوو، یەکێتی بەم ھەڵوێستەی دەریخست تاقە ھێزی بەرپرسیارە لە کوردستان و ئارامی سیاسی بۆ سلێمانی گەڕاندەوە و لە ڕێگەی نوێنەرەکانیشی لە حکومەت زۆرترین خزمەت و پڕۆژەی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا.
پێنجەم: دوای ئەو ھەموو دۆخە نا لەبارەی لە ھەرێمی کوردستان ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان چ بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک و چ بە ڕیفراندۆمە بێ بەرنامەکە و سەپێندراوەکەی بەسەر ھێزەکانیتر، دەرگەی عەقڵانیەتی سیاسی لە بەردەم ھێزەکان داخست و کوردستانی تووشی کارەساتی گەمارۆ سیاسیە شۆڤینیەکانی حکومەتی عێڕاق و ھێزە ئیقلیمیەکان کرد، ھەروەھا ھێزە جیھانیە بە ھەژموونەکانی دونیا کە دۆستمان بوون بەڵام گوێمان لێیان نەگرت و زەرەرمەندی یاریەکە بووین، ئەمە سەرباری ئەوەی نیوەی خاکی کوردستانمان لە دەستدا، ھەروەھا بە بەستنی گرێبەستی تاک لایەنەی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیای ئۆردوگان، دەخیلەی ئابووری کوردستانی تووشی ئیفلاسی کرد، دیسانەوە یەکێتی بەو پەیوەندیە دۆستایەتیەی لەگەڵ ھێزە عێڕاقیەکان ھەیبوو دەروازەیەکی بۆ کوردستان کردەوە و بەشێک لە بودجەی بۆ کوردستان گەڕاندەوە. 

شەشەم: پارتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و ھاوپەیمانی و نەوەی نوێ، لە کۆتا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق سەرباری ئەوەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکان، چ بە بایکۆت و چ بە بە فیڕۆدانی دەنگی کورد و گۆڕینی سیمای نیشتیمان بە «وەتەن»، لە ھەمووی خراپتر گومان کردن لە دەنگی کوردستانیانی کەرکوک و گەلە کۆمەکی شەشی حوزەیران لە پەڕلەمانی عێڕاق بە ھاوبەشی ھێزە شۆڤینی و تۆرانیەکان، کەوتنە دژایەتی خواستە ڕەواکانی گەلی کوردستان، کەرکوکی شا دەماری چارەسەری پرسە نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستانیان خستە ژێر مەترسی ڕاستەقینە، دیسانەوە یەکێتی بووە ھۆی ئەوەی کورستانیبوونی کەرکوک بسەلمێنێتەوە بە ھۆی ئەوەی براوەی یەکەمی شاری کەرکووک بوو بە جیاوازیەکی زۆری دەنگ لەگەڵ ھێزەکانیتر لە ھەڵبژاردنە پەڕلەمانیەکەی عێڕاق.

حەوتەم: دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق، ئەگەرچی ماوەیەکی زۆر بوو ھێزەکان ھیچ پەیوەندیەکی سیاسیان لە نێوان نەمابوو، دیسانەوە یەکێتی بە حیکمەتی مامی گەورەمان ئاسا، گرێ کوێرەی ئەو چەقبەستووە سیاسیەی کردەوە و لە دەرگای لایەنەکانیدا، بەمەش وا خەریکە ھێزە کوردستانیەکان بە کۆ دەنگی بەرەو بەغدا دەڕۆن بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق، کە ئەمەش دەبێتە بوژانەوەی گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ھەرەوەھا پێگە و سەنگی کورد لە عێڕاق بەرز دەکاتەوە.

لەبەر ئەم ھۆکارانەی سەرەوە و گەلێک ھۆکاریتر، دەبێ دیسانەوە ھەموومان دەنگ بە ھێزە ڕەسەنەکەی کورستانیان بدەینەوە، تا لاسەنگی ھاوسەنگی ھێز لە کوردستان چاکبکەینەوە و تاکڕەوەیی نەھێڵین، بۆ ئەوەی جارێکیتر تاقە ھێز و تاقە کەس کوردستان بەرەو ھەڵدێر نەبات، لەبەر ئەمە با ھەموومان دەنگمان بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بێت، بە خوێن دەنگ بدەین بە لیستی ژمارە ١٠٥-ی لیستی شەھیدان و لیستی جەنابی مام جەلال، نەمری بۆ شەھیدان و سەرکەوتن بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.