یەکێتی لە ڕۆژی شەھیدانیدا!

دهام سمکۆ 21/11/2018

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وەک ھەمیشە کە چۆن پێشڕەو و پێشەنگە لە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی، بە ھەمان شێوە بۆ ئەرزش و پێزانینی یادەوەری و مێژووی شەھیدانی حیزبەکە، کە بەشێکە لە شانازی میلەتەکەمان، ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی کەڵە شەھیدانی داھێنەری کۆنسێپتی: کەم ژیان و کەڵ ژیان، سەروەران (شیھابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید، ئەنوەر زۆراب)-ی کرد بە ڕۆژی شەھیدانی یەکێتی، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیە کە یەکێتی، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لە ترۆپکیاندا شەھیدانی، بە خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی دەزانێت، کەم ھێز ھەیە ھێندەی یەکێتی خۆی بە قەرزارباری شەھیدان و خەڵک بزانێت، واوەتر چ لە ڕووی ژمارەوە لە نێوانیشیان شەھیدانی سەرکردە و فەرماندەکانی، پێشڕەوی ھێزە کوردستانیەکانە، ھاوکات زۆرترین کتێب و نامیلکە، مەراسیمی شکۆدار و ساڵیادی وەبیر ھێنانەوە، پەیکەر و تابلۆ، دیکۆمێنتاری و ڕیپۆرتاژ لەسەر شەھیدانی ئامادە-کردووە، ھێز ھەیە نایەوێ خۆی بخاتە ژێر باری خۆ بە قەرزار زانینی کۆمەڵانی خەڵک و شەھیدان، بۆیە ھەمیشە ھێزی دەرەکی ڕادەکێشت بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان، ئەمە لای کۆمەڵانی خەڵک ڕوونە و یەکێکە لە خاڵە ھەرە گەش و جیاوازەکانی یەکێتی.

ئێمەی کەس و کاری شەھیدان ھەمیشە ئەم کەم و کوڕیانەمان دیووە و دەنگمان گەیاندووە بەڵام کەمترین بە دەنگەوە ھاتنمان ھەبووە لە لایەن کار بە دەستانی یەکێتیەوە، لەبەر ھۆکار گەلێک زۆر ھەڵوێستمان دوا خستووە، لە ھەڵبژاردنەکان ھەموو تواناکانمان خستۆتە کار بۆ سەرخستنی یەکێتی، بەڵێ ئێستاش کاتی ئەوەیە ڕەخنە بگرین و باری لاسەنگی حیزبەکەمان، کە بە خوێن بەخشین و ئارەق ڕشتن بۆی کاری گەورەمان بۆی کردووە، ڕاستی بکەینەوە، دیارە ئێمە لەبەر ئەم ئازادییەی ھەمانە لە ڕەخنە گرتن یەکێتین، ئەگەر ئەمەش نەمێنێ کە لێرەوە و لەوێ دەبیستین ڕێگری دروست دەکرێت و دەنگمان کپ دەکرێت، ئیتر بۆ یەکێتین؟

ھەروەھا وەک بە بەرچاومانەوە پۆلێک لە ھەڤاڵانمان لە ئۆڕگانەکانی حیزب و حکومەتیش، کارەکانیان نا دیدە دەگیرێت و بەر بەست و ئاستەنگمان بۆ دروست دەکرێت و دەر دەکرێین، چۆن دەکرێ بێ دەنگ بین!

بۆیە دەکرێ ئەم یادە بکەین بە پێوانەی لێپرسینەوە، لە سەرکردەکان و لێپسراوانی یەکێتی بەرانبەر بە شەھیدان و کەس و کاریان و کۆمەڵانی خەڵک، بەڵێ:

- سەرکردەی یەکێتی ھەبوون و ھەن، کە بەرانبەر بە یادەورەی و بنەماڵەی شەھیدان بێ وەفا بوون.

- کار بە دەستانی یەکێتی لە ئۆڕگانەکانی حیزب و لە حکومەت ھەبوون و ھەن، کە بەرانبەر بە مێژووی ھاوڕێ شەھیدەکانیان و کەس و کاریان بێ بەڵێن بوون.
- سەرکردە ھەیە ھاوڕێی گیانی بە بە گیانی شەھیدێک بووە، کە لە ھەمان شانە و ڕێکخستنی نەھێنی لەگەڵی بووە، لە پێش ئەودا بەرەو پەتی سێدارە ڕۆیشتووە، کەچی ئێستا ئەم ئەوەندەی بیری لای ئاودیوکردنی تەنکەرە نەوت، کۆمپانیاکانی، زیاد کردنی ھەژماری بانکی، بیری لای کەس و کاری ئەو شەھیدانە نیە!
- سەرکردەی یەکێتی ھەیە ھاوڕێکانی دژی خیانەتکارێکی مێژوویی گەلەکەمان خۆی خستە پێش دەبابەکانی دوژمن، لە پێش چاوی ئەوان سەدان ھاوڕێی شەھید بوون، کەچی ئێستا سەفەقەی ژێر بە ژێری لەگەڵیان ھەیە.
- ھەزاران کەس و کاری شەھیدان ھەن کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون و لە دۆخێکی خراپ دەژین، لە بەرانبەردا زۆرینەی سەرکردە و لێسپراوانی یەکێتی، لەو پەڕی خۆشگوزەرانی دەژین و ھیچ باکیشیان بەم بارە خراپەی بنەماڵەی شەھیدان نیە!
- بە ھۆی نەبەستنی کۆنگرەوە و نەبوونی لێپرسینەوە لە نوێنەرانی لە حکومەت و دام و دەزگا حیزبیەکانی، دەرفەت ڕەخساوە بۆ خۆپەرستان و لادەران لە ڕێبازی یەکێتی، کە تەنیا بیریان لای خۆیان و بنەماڵەکەیان بێت، کە بوونەتە ھۆی ناشرینکردنی سەروەریەکانی یەکێتی.
بۆیە لێرەوە و لەم یاد و ڕۆژە شکۆدارە، ئێمەی کەس و کاری شەھیدان بە مافی خۆمان دەزانین، بپرسین چۆن دەکرێ دۆخی یەکێتی بەم جۆرە درێژە بکێشێت، ئێمەش دۆشدابمێنین و سەیری پوکانەوەی یەکێتی بکەین، بۆیە دەڵێین؟
- دەبێ گوشار بخرێتە سەر ئۆڕگانە باڵاکانی یەکێتی بە تایبەت مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند بۆ بنڕکردنی کێشە ناوەخۆییەکان و بەهێزکردنەوەی (ی. ن. ک).
- دەبێ کار بۆ بە دام و دەزگایکردنی ئۆڕگانە ناوەخۆییەکانی (ی. ن. ک) و ڕەچاوکردنی پڕەنسیپەکانی دیسپلینی کاری ڕێکخراوەیی بە تایبەت كاركردن بە چەمكی پادشت و سزا.
- هێنانە پێشەوەی گەنجان و دەم و چاوی نوێ وەک ھۆکارێکی بەھێز و کاریگەر بۆ نوێبوونەوە و بەهێزبوونەوەی (ی. ن. ک)، لە پاڵ تێکەڵکردنی حیکمەت و ئامۆژگاری و ئەزموونی نەوەی پێشوو، ئەوانەی لە پڕەنسیپ و بەھا بەرزەکان لایەن نەداوە.
- ھاوکاریکردن و بەرزکردنەوەی گیانی خۆ بەختکردنی ڕۆڵە و نەوە و کەس و کاری شەهیدان بۆ کوردستان و بۆ (ی. ن. ک)، ھەروەھا سازدانیان و پەروەردە کردنیان بە شێوەیەکی یەکێتیانە و بۆ پێشکەوتنی یەکێتی وزە و ھەوڵەکانیان بخرێتە گەڕ.
- پاککردنەوەی (ی. ن. ک) لە کەسانی بەرژەوەندیخواز و گەندەڵ و مشەخۆر، کە بوونەتە هۆکاری بێهێزبوونی گیانی کاری ڕێکخراویی، کە ئەمەش بە هۆکارێکی دەزانین بۆ بێ ئومێد کردنی کادیران و ئەندامان لە چاکسازی و پاکسازی و نوێبوونەوە.
- کارکردن و گەڕانەوە بۆ پێڕەو و پڕۆگرامی (ی. ن. ک) کە لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی بڕیاری لەسەر دراوە.
- کار کردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوەخۆییەکانی (ی. ن. ک) و کەمکردنەوەی هەژموونی تەکەتول و دەستەگەری و باڵباڵێن کە ئەم حیزبەی داڕزاندووە، بەمەش خەریکە هیچ هێلێکی هەڤاڵانە و یەکێتیانەی لە ناو نامێنێت و هەموومانی لاواز کردووە.
- کار کردن بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، بە شێوەیەک کە هاوسەنگی دەنگ و ڕەنگە جیاکان ڕابگرێت و لە ژێر تێزی چەپکە گوڵەکەی پێشەوامان جەنابی مام جەلال بنەما بنەڕەتیەکانی کۆنگرە دابڕێژرێت و کەس پەراوێز نەخرێت.
- هێنانە پێشەوەی گەنجی بە توانا و دەم و چاوی نوێ لە ناو حیزب و نوێنەرانی یەکێتی لە ناو حکومەت، بە تایبەت ئەوانەی کە ڕۆڵیان هەبوو لە سەرکەوتنەکانی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا.

- کارکردن بۆ بە دەستهێنانى کورسى بۆ نەوە و کەس و کارى شەهیدان، لە مەکتەبى سیاسیى و ئەنجومەنى سەرکردایەتى و ئەنجومەنى ناوەند و مەڵبەند و مەکتەبەکان و ئۆڕگانەکانیترى یەکێـتى و هەروەها لە ناو حکومەتیش.

- لە کاتى خۆ پاڵاوتنى کاندیدان بۆ هەڵبژاردنەکان و ئۆڕگانەکانی حیزب و پۆستەکانی حکومەت، پشکى تایبەت بۆ نەوە و کەس و کارى شەهیدان تەرخان بکرێت.