کورد دارێکی بەدەستەوەیە هەردوو سەرەکەی یەڵدرم و ئیمام ئۆغڵووە!

ماجد خەلیل 23/06/2019



پاش ئاگربەستی مۆدرۆس، ژینگەیەکی ژاوەژاوی سیاسی لە تورکیادا هاتە پێشەوە. دووساڵ پاش ئەوە کورد کەوتە نێو بەرداشێکەوە. لەلایەکەوە سێ تەرزی بەرسیلەکە، لە سێ بەندی سیڤەردا شۆڕببوویەوە، بەرسیلەی ترش ترش، چلۆن کوردەکان دەمیانبگاتە ئەو بەندوباوە دژوارەی سیڤەر، چلۆن بە واژۆیەکی سوڵتانی دۆڕاو، چەپۆکی پێنج سەدە حوکمی عوسمانی لە چارەی کورد دەبێتەوە، چلۆن سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی دەگاتەدەمی وردەبۆرجوای کورد؟ لەلایەکیترەوە، ئەتاتورک و ئینۆنۆ، بە کەواو کەمەری زوننارەوە،بە مێزەرەی میراتی مەکراوی مەلاکانەوە،دێ بەدێی کوردستان، بەرسیلەکانی سیڤەری لەپێشچاوی کورد ڕەشکردن و بەجۆرێک فریویدان کە هەرگیس موردو بەو پوختییە نەشۆراوە. لێرەوە کورد دابەشبوون، بەشێک دەمیان ئاوی کردبوو بۆ بەرسیلەکانی سیڤەر، بەشێکیش بەرماڵەکەی ئەتاتورک وەک بەرماڵێکی بارگاوی رۆحی دەکێشان بۆ قیبلەگای تۆرانیزم. فریودران و توڕدرانە ناو تونیبابای لۆزانەوە. واتە کورد بەشوێن دوو کەروێشکی شومدا رایدەکرد، کە هیچیانی بۆ نەیگیرا، نەنزایەکی سەربەرماڵەکەی ئەتاتورکی بۆ گیرا بوو، نەیش واژۆکەی سوڵتان شەفاعەتی بۆکردن. بۆیە شۆکێک رووبەڕوی باکوری کوردستان بوویەوە، شۆکێک شادەماری کوردایەتییەکەی تەقاندو سەدەیەکە خوێنی لەبەردەڕووا. ئەمڕۆ هەمان وێنە، هەمان کەروێشکی شوم و هەمان دانی رۆکراوی سیاسەتی تۆرانیزم لە سندوقەکانی دەنگدانی شارەوانی ئەستەمبوڵدا جمەیان دێ. کورد بەشوێن یەڵدرمدا راکا یان بەشوێن ئیمامدا، کورد دەست بەسوچی کەواکەی جەهەپەوە بگرێت، کە لە دەرقاچەکانییەوە خوێنی وشکەوەبووی دەرسیمە تا تەوقی سەری، کە سیخناخە لە سیناریۆی لەخاچدانەوەی پیرانەکان. یاخود بەشوێن کڵاوی بابردووی یەڵدرمدا راکا، کە لەناو دەمامکی ئایەتولکورسیدا غەرقی شەهوەتی کورسییەکەی بووە. کورد چی بکا؟ دیسانەوە جەهەپە جێکاتەوە، کە لەم گیانەڵای دەرنەچونەوەدا چئێکی بۆ پرسی کورد نەکردووە. ئەو غرورەی جەهەپە لە دەماخیدایە، هەمووی غروری ئەو کاتانەیە کە لەسەر لاشەی ژنانی ماردیندا ئۆزۆیان دەخواردەوە. جەهەپە ئێستەیش ئەو بەدمەسییەی زیادەخۆری مەززەی کوردەکان بەرینەداوە. ئێستەیش لە میتۆدیدا بۆنی مەرگی کورد، ئەو بۆنەیە کە مۆسۆلۆنی لە جەنگی جیهانی دووەمدا دابووی لەیەخەی خۆی. ئەی کورد چی بکا؟ یەڵدرم سەرخا یان چی؟ وەک ئەوەی ئۆجەلان مەبەستییەتی بیڵێ، بەڵام ناراستەوخۆ، ئاخر رێگەی سێهەم، یانی دەرچوونی یەڵدرم، کورد دەنگ نەدا ئەکەپە دەردەچێ. ئەوکات رووگیری کوردیش نابن، ئەوکات منەتیان بە هەدەپە نییە. دەنگیش بدات بە جەهەپە، ئیمام دەردەچێ، بەڵام نابێ بزانین بۆچی دەربچێ؟ کەواتە، هەڵوێستی جوان ئەوەیە کە دەنگ نەدەن بەکەس، بەڵام هەڵوێستێکی سیاسیی نییە. چون لە هاوکێشەکەدا قسەت نابێ، بەڵام سودت دەبێ. پێمان وایە، وەک رۆژی رووناک، یەڵدرم دەردەچێ. بەڵام پێویستە کورد کارێ بکات بە مننەتی کورد دەربچێ. هیچ نەبێ زیندانەکان هەناسەیەک بدەن، هیچ نەبێ پیری زیندان و رابەری دۆزەکە کە ئۆجەلانە سۆراخێکی دەکرێ، هیچ نەبێ بە جەهەپە دەوترێ ئێمە نەبین، حزبێکی ناو مۆزەخانەکانی سیاسەتی تورکیای، هیچ نەبێ بە ئەکەپە دەوترێ، ئێمە داتدەگرین و ئێمەیش سوارت دەکەین. هیچ نەبێ کورد خۆی تێدەگا دەتوانێ پارتەکانی تورکیا ئاڕاستەبکاو ئیتر ئەو قۆناغە تێپەڕیوە کە ئەوان کورد بدەنەبەر. لەگەڵ ئەوەیشدا دەزانین کورد لە دۆخێکایە رەورەوەی مێژوو بەکامی ئەو ناسوڕێ، بەڵێ ناسوڕێت. وەک چۆن نەسوڕاوە.
ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی نابێ. هەڵبژاردنێکی شەرمنانەیە، وانازانرێ خەڵکی ئەستەمبوڵ پەرۆشی چونە سەر سندوقی دەنگدانبن، واش نازانرێ ئیمام دەربچێتەوە. چون کاری زۆر لە گەلێ ناوچەی ئەستەمبوڵ کراو بەشێکی مەزنی خەڵکی هەژاری لێواری شار بەسەرکراونەتەوە. هەروەها زۆرێک لە کادیرەباڵاکانی جەهەپە رامکراون و لەم چەند مانگەدا دانیشتن، هاوکات ئەکەپە بەچڕی هەر ئەوە ماوە جاڕی خەلافەت بکات هێند پرۆژەی ئیسلامگەرای لە ئەستەمبوڵ دەستداوەتێ. جگە لەوەیش بەشێک لە هەوادارانی گولەنی ئازادکردوو و بەپێی حساباتەکانی تا پەنجا هەزار دەنگێکی کڕیوەتەوە. بۆیە کورد دەنگ بدات و دەنگ نەدات ئەوان دەردەچن،باشتر وایە، بەڵێ باشتر وایە یەڵدرم بە منەتی دەنگی کورد دەربچێت. ئەمە هەڵوێستێکی سیاسیانەیە، نەک هەڵوێستێکی جوانی مێژوویی.