لەپەراوێزی تۆبەکەی (هێڤیدار)دا

ماجد خەلیل 30/07/2020

کەلتوری کەپت و کینە و تەراتێنی تیرۆری ئاوەز
لەپەراوێزی تۆبەکەی (هێڤیدار)دا

یان لە پەراوێزی ئەو هەموو جنێوە جەرگبڕە، بۆ بەرگریکردن لە (خەلیفەی سێهەم)، کە پەیامبەرو مەلائیکە شەرمیان لێکردووە، مایەی تێڕامانە!
ئایا ئەمانە شوێنکەوتووانی کەسێکن، کە نەیارەکانی شمشێریان خستەگەردنی، وەلێ ئەو وتەیەکی نابەجێی پێنەوتن!

هەمووان هێزێک تاویان دەدا، هێزێکی چنگ بە چەکوشی کۆمێنتی کینە، رێک قەسدی تەوقی سەری بەرانبەرییەتی. هێزێکی تەوروەشێنی لایک، رێک مەبەستیانە بەرانبەر بە لایکێکی لاقرتێ قاژبکەن. هێزێکی تونچی، باوەڕتان بێ، بەدەستیان بێ، واڵەکانیان وەک تونی حەمام دادەخەن و ئێسکو پروسکی بەرامبەر پێوەدەنێن.

نازانم، تۆبڵێی زیادەڕەوی بکەم یان نا؟ چەندجارێ بەخۆمم وت تۆبڵێی هێزێکی وا هەبێ؟ تۆ بڵێی دەمارێکی وەها ڕەپڕەپ لەناو هێڵ و ئانتینی ئۆنلایندا ڕاستبووبێتەوە؟
نەخێر شتی وەهانییە، گەر داوای لێبوردن قەبوڵ بکرایە، داوای لێبوردنم دەکردو پۆستەکەم دەسڕییەوە.

بەڵام گرفتە گەورەکەی ئەم نەژادو نەریتەی ئێرە لەوەدایە کە لێبوردن هێندە نەبووەتە نەریت، کەسێکیش بیریلێبکاتەوە لێی قەبوڵناکرێت.
کابرا تۆبەو ئیستیغفاریکرد، هێشتا دەڵێن نا. کابرا کاڵەک و خەربزە نەما بە ئەژنۆ نەیشکێنێ، هێشتا هەردەڵێن بێدین و ئیمانەو هێشتا هەر کۆنگرەی رۆژنامەنوسیی دژ دەکرێ.

پردی سیرات بەدەست مرۆڤ بووایە نەیاندەهێڵا کەس پەڕێتەوە ئەوبەر پردەکە. خودا خۆی دەڵێ تۆبەکارم خۆشدەوێ، وەلێ خەڵکی ڕقیانلێیەتی.
خەڵک پێیخۆشە سوربێ لەسەر بۆچوونەکەی، بۆ ئەوەی بواری جنێویان بێت.

لە راستیدا ئەمە راسانە، راسان دژ بە هەموو ئیرادەیەک کە بیەوێ زەفەر بە زەڕەیەک مێژووی ئەم ئیسلامە بەرێ.
پێویستە ئەم وزەیەی خوێنە وشکنەبێتەوە، دەبێ لەدەمارەکانیاندا خوێنی شۆڕشگێڕیی بێت و بچێت، چون جێگەی سوپڕایزێکی گەورەیە، کە میللەتێکی بندەست، داگیرکراو، مافزەوتکراو، ملکەچ، مردوو، زمان دزراو، نەوتفرۆشراو، پۆشاک داکەنراو، چۆن و بەچ پڕەنسیپێکی ئیسلامیی دەبێ قەبوڵیبکات وەها چارەنوسێک لەچاڵینێت؟ گەر ئەم جنێودەرانە لە سەر لەکەدارکردنێی وەها ئەو هەموو شمشێری پۆستەیان ڕاکێشابێ، ئێستە چۆنە بۆنی مووچەکانیان رۆژە ڕێیەک لێیانەوەدوورە؟
بۆچی ڕەزالەتیی و رەعیەتداریی تا سەرئێسقانیان رۆچووە؟

پەیامبەر سازشی بۆ مانگ و خۆر نەدەکرد، گەر لەدەستی راست و چەپیدا دابنرایە. چلۆن دەبێ شوێنکەوتووانی لە دوو هەزارو بیستدا سازش بۆ بەرنامەی نەوت بەرانبەر بەخۆراک بکەن، کە پێشیان نادرێت هههههه.

بەڵێ بەدڵنیاییەوە لە گێژاوێکی گەورەداین. بەدەم خەوەوە ڕێدەکەین و هەرتاوێک لە چاڵێکی حیکایەتی حارسێنەکەداین!
نە لە دین راماوین و نە لەدونیا دەورێکمان هەیە.
گیرۆدەی گەمەی کلکە قرتاوەکەین و مارمێلکەکە بۆخۆی میراتەکە دابەشدەکات.

برا بە قورئانی نگڵ، موستەهەقی فەلاقەیەکی باشین. فەلاقەیەک ئەم بەرچاو سورییەمان، شینومۆربکاتەوە.
ئەم کابرایەی کە وەک خوێندکارێکی تەمبەڵ چەند دێڕێکی لە بەرکردبوو، لەکاتی وتنەوەدا زووزوو دەوەستاو باش بۆی نەدەهات، بچوکترین هەڵەی نەکردووە.
من بوومایە تۆبەو لێبوردنم نەدەکرد، وەلێ وتەکانی سەید قوتبم دەهێنا کە لەبارەی خەلیفەی سێهەمەوە کردوونی، کە بەدڵنیاییەوە وەردی خاتری زۆری ئیدارەی خوێناوی خەلافەتی راشدینی گرتووە.

ئاخر گەر دەوڵەتداریی غەرقی گەندەڵی و گەمەی ئیتنی و هۆزایەتی و ئەرستۆقڕاتییەتی ئەمو ئەو نەبووایە جەنگەکانی جەمەل و سەفین روویاندەدا؟

بەهەرحاڵ حونجە کردنەکەی هێڤیدار هیچ نییە لەچاو هەموو ئەو مێژوونوسە مەردو مەوزوعیانەی دنیای ئیسلام کە بە جورئەت و جوامێرییەوە هەڵەو پەڵەی قۆناغەکەیان خستووەتەڕوو.

میللەتی مەزن دەبێ گوێ راگرێ بۆ بۆچونی جیاواز، بۆ سەرنجی نەخوێندەوار، بۆ لێبوردن و پەشیمانی، بۆ ئازادی بیروڕا.
هەزاران مزگەوت مەدحی مێژووی مەزنی ئیسلام دەکات و ئازادن، چیتێدایە بابایەکی هەر پەروەردەی مزگەوتەکان لە پەرلەماندا سەرنجی خۆی بخاتەڕوو، ئەم هەموو تەوهین و تیرۆری فیکرە بۆ؟
ئەوێک کەبۆخۆی واعیزی سوڵتانە لێگەڕێن بابە خەیاڵیش بووە ئێرەبچوێنێ بە فەسادو فەوزای سەردەمی خەلیفەی سێهەم.
ئەوێک خەلیفەی یەکەمودووەمی پەسەندە، بۆ کەسێ نەیوت دەستتخۆشبێ. وەلێ بۆ سێهەم کە مەگەر یەکێ دەبەنگبێ تێنەگەیشتبێ، دنیا وتی دەستت بشکێ.

کەواتە لێرە بە جوان ناوترێ جوان، بەس بەناشیرین دەوترێ ناشیرن! تەنانەت جوانیش بە ناشیرین دەبینرێ.
کێشەکەش لەوەدایە هەندێ جار بەناشیرینیش دەوترێ جوان! وەک هەموو ئەو ناشیرینانەی کە هوتافی جوانیان بۆ دەکێشین!

ئێمەیەک ئەردۆگان بە ئاشکرا (میساقی میللی) بە شێوەی ئێجدی پیشانمان دەدا، کە خاکی ژێرپێمان بە هی خۆی دەزانێ. کەچی وەختێ خانمی ناو یانەی شەوانەکان پێش بە دەبابەکانی کۆدەتا دەگرن تا نەڕووخێ، ئێمە سوجدەی شوکری بۆ دەبەین! ئیتر دەبێ چیبین؟
دەبێ لە بێستانی ئەندێشەماندا چ گیاوگژێکی هۆشبەر و ژەهراوی سەوزبووبێ؟
دەبێ تلوبەردی دەستمان چەندە گەورەبێ بۆ پڕکردنەوەی ئەو کانیاوانەی کە ئاویان تێدا دەخۆینەوە؟

تێبینی: ساڵێک پێش ئێستا ئەو کابرایە بابەتێکی وروژاندو وتی: دەبێ خێزانی کورد منداڵی زۆر بێت، تا بەشە بوجەی بەغدادمان زیاتر بێ، بۆیە منیش ئەمەم لەسەر نوسی:

لەنێوان موعەریی و هێڤیدار دا

موعەری واوەیلای وەسیەتێکی بوو، وەسیەتێ لەسەر گۆڕەکەی نوسرا(هژا جناه أبی علی وما جنیت علی أحد). ئەم تاوانە لە بابمەوەیە، تاوانی بوون، تاوانی بینینی دەیان ساڵ ژیان بەتاریکی، تاوانی کەپتی و کەئیبی. ئاخر ئەوێک کە پاروی گۆشتی گوێلکێکی بۆ هەزم نەدەکرا، ویژدانی لە مەتەرێزی هەر چێژو خۆزگەیەکیدا بوو، هیچ پارویەکی چەوری نەبوو لە پشتیدا نەچنەخوارێ. بۆیە هێندەی بۆ کرا بۆخۆی ئەو تاوانەدەرهەق بە کەس نەکا. زوڵم و زیانی هاتنە ژیانی کەسی هەڵنەگرت و ژنی نەهێنا. وا هەزار ساڵ تێپەڕی، کەس گوێی بۆ نەگرت. وا هەزار ساڵ تێپەڕی هێشتا ئێرە مەملەکەتی زاوزێ و مەرگە، هێشتا گەمەی ئەو زانا جووانەین کە سەدا هەشتایان زاڕۆیان نییە، هێشتا سوریا و بەغدا بوونەتە گۆمی خوێن، بونەتە تەراتێنی نەوەکانی تاوان، زاڕۆی بێ فەرهەنگ و پەروەردەیە، ئەوەی دەستی تفەنگ دەیگرێ نیشانی لەسەر سنگی ئەوی دی داناوە، هێشتا هەوێنی ژیان لە نا باوەکاندایەو باوەکان جگە لە لایەلایەی خەوبردنەوەمان هیچی تر نین، هێشتا حافز راست دەفەرموێ:(این خرقه که من دارم در رهن شراب اولی, وین دفتر بی معنی غرق می ناب اولی)
چەند ساڵێ لەمەو پێش و لە هەڕەتی داعشدا، پەیکەرەکەی موعەرییان روخاند، پەیکەرێکی دیکەی موعەری بووە مشتو مڕی سەلەفی و ئیخوانەکان و ئەویشیان دا بە زەویدا. موعەری، وشەیەک نەبو لە زمانی عەرەبیدا ئەو بەکاری نەهێنابێ، یانی لە زاریدا زەریای وشەو وێنەی زمان دەڕژایە دەوروبەرەوە. کەچی، بەڵێ کەچی ئێستا هێڤیدار، پەیامنێری پێشوی روداو، پەرلەمانتاری پاشوی کوردستان، بەڵێ پەرلەمانتار، ئەوەی لەڕۆژانی شازدەی ئۆکتۆبەردا گریا. گریاو گەمەی هەڵبژاردنی بردەوە، گریا، چون بەناهەق گەشبین بوو، چون پێی وابوو شام شەریفەو دەوڵەتی کوردی لەسەر سینی زێڕدایە، گریا چون پێی وابوو لە هەلورمەلور کەتامەی ریفراندۆمدا، پای ئیستیعمارو پای عروبە لەسەر نەخشەی کوردستان هەڵدەگیرێ. گریا چون چۆڕێ زانیاری، مشتێ مێژووی نایاب، نەختێ نەریتی سیاسەت، لۆچێ مەراقی نەدیبوو، نەیدەزانی و نازانێ هاوکێشەکان چۆنن، وەک موعەری نابینا نییە تا ببینێ دەرونی سیاسەت چۆنە، تا ببینێ بەڵێنی چارەنوس لە چ جەوەڵێکی گومەساری مێژودایە، تا تێبگا تینویەتی لەکوێی گەروی ئەم میلەتەدایە. ئەو گریا، چون پێی وابو ژیان پێکەنینە، چون پێی وابو پەسنی سوڵتان سیاسەتەو چون پێی وابو نان لە قوڕگی کراسێکی سپی و چاکەتێکی تاتڵیسازدایە.
ئەو ئێستایش لەم پێنجەم جیلەی دانەمەزرانی یەک خوێندکاری زانکۆدا، لەم هەزاران مارە رەشانەی زەهری نەوتدا، لەم بێکارییەی تاسەر ئێسقانی جەوانانی ئاواییەکاندا، لەم کەلتورە کۆمەڵایەتیەی کەمی پەروەردەو پێناوی ئازادیدا، گەرەکیەتی تاوان بکرێ، تاوانی منداڵبوون. تۆ سەیری فەلسەفەی پشت خستنەوەی منداڵی کورد، تۆ سەیری فەلسەفەی شەڕی بوجەو موچە، تۆ سەیری هێنانە حاجەتی منداڵدانی ژنانی رەنگپەڕیوی ئەم وڵاتە. تۆ سەیری عەقڵی پەرلەمانتار لە ژانی لە دایکبونی دەستورو یاسا، تۆ سەیری میراتی سەدان ساڵ شۆڕشی کورد کێ کاوەی ئاسنگەریەتی، تۆ سەیری گۆڕانکاری گەورەی کراس و کەواو کێبڕکێی کەلتورەکان!، تۆ سەیری جەنگاوەری ڕۆژی تەنگانەو ڕۆستەمی زۆرانبازی شارەکەی مەنسور، تۆ سەیری عەقڵی بیرکاریانەی حساب و کیتابی سەندنەوەی موچەی دزراوی کورد. تۆ سەیری عەقڵی هەزار ساڵ پێش ئێستای موعەری و هەزار ساڵ دووای ئەوسای هێڤیدار