جەژن و بۆنە پیرۆزەکانی ئیسلام لە کاوێژی کەلتوری سیاسییەکانی شیعەو سوننەدا

ماجد خەلیل 08/06/2019

لە ئێران و هەندێک وڵاتی دیکەی ئیسلامیدا، سێ شەممە نەکرایە جەژن. ئێران جگە لەوەی دانووی هیچ بۆنەیەکی لەگەڵ سعودیەدا نەکوڵاوە، بەڵکو بەخوێنی سەری یەکتریش تینوون. قەتەریش هەرکاتێ ناکۆکی سیاسی لەتەک سعود تۆخبێ، جەژنێکی کاڵ کاڵ دەکا. زۆرجار لە ئێرانەوە فەتوا دراوە حەج حەرامە. ئەڤغان و پاکستانیش هەمان بەزم و بالۆرەی سیاسییان رقی خۆی بە بۆنەکان دەڕشت. بۆنەکان یەک پارچە تەزبیحی دەستی پیرە ساسییەکانن و خشەخشی شیرینیی و بۆنەکانیان لە مەجلیسێکا دێت کە پیاوی ورگ زلی سەرمایەداری تێدا بێت، نەک پیرێکی نورانی و پشتکۆماوی عیبادەت. سبەی لەبەر ئەوەی یادی سی ساڵەی کۆچی دووایی ئیمام خومەینییە، داواکرا لە لیژنەکانی بینینی مانگ مانگ نەبینن! لەم چەند ساڵەی تەمەنمدا هیچ شتێکم هێندەی ئایین وەکو گەمەی دەستی بەرژەوەندی و سیاسەت نەدیوە، هیچم هیندەی ئایین وەکو پەیژەو پردی پەڕینەوەی شەهوەتی دنیاگەرایی نەدیوە. 
جەژنێک لە قەڕەوڵی نیمنیگای ئاخوندو مەلایەکەوە جاڕبدرێ. جەژنێک جەبەڕوتی ڕۆژگار تێنەپەڕێنێ و جیا لەبۆنە سروشتییەکانی دی مەهزەلەی مەلای سونی و ئایەتوڵاکانی شیعە بێ. جەژنێک تارایەکی ڕەش بێ بەسەر سیمای سیاسەتەوە، چۆن دەتوانێ ببێتە پەیامی پێکەوەیی، چۆن دەتوانێ ببێتە گەردانەی گەردن ئازادیی. نەک تەنها جەژن، نەک تەنها تێکستی پیرۆزو تەراویح و تەهلیلەو پەرستشەکان، سەرلەبەری ئایین و مەزهەب، هەمووی ڕۆڵی بلوێری شوانێ دەبینێ بۆ ڕامکردنی ڕانەمەڕی ئاوەزی هەمووان. هەمووی ڕۆڵی حساببانقییەک دەبینێ بۆ پتەوکردنی سەرمایەو قازانج، هەمووی ڕۆڵی واژۆیەک دەبینێ بۆ سفتکردنی سەفقەیەکی ژێربەژێر، هەمووی ڕۆڵی قاقایەک دەبینێ بۆ تێپەڕاندنی شەوێکی سوور، هەمووی ڕۆڵی چەکوشێک دەبینێ بۆ تەپڵی سەری عەقڵی ئازاد. هەتاکەی لە حاڵی بەدحاڵی ئەم رۆژهەڵاتە وردنابینەوە. هەتاکەی تێناگەین کۆدی کەلتوری کەوتنمان لە کوێدایە. ئیسلام ئاینێکی بێ ڕیڤیونیزم و بێ ریفۆرمە، ئاینێکی شەکەتی بەر شەلاقی مەلاو موریدو سیاسییەکانە. ئاینێکی ڕاوکراوی دەستی ئیمپریالیزمی نوێ و کۆنە. ئەمڕۆ ئاین بەخۆی و هەموو میحرابەکانییەوە، بەخۆی و هەموو مەلاو مەلا ژنەکانییەوە، بەخۆی و هەموو مێژووی هەزار ساڵەیەوە، بەخۆی و هەموو شمشێرو جیهادییەوە، بەخۆی و هەموو عروبەو عوسبەی عەرەبییەوە، بەخۆی و هەموو ریش و سەرپۆشییەوە، بەخۆی و هەموو نزاو نەریت و خێرو ئیحسان و سونەت و فەلسەفەی فەرزەکانییەوە، لەلایەکەوە پرۆژەی هێزە لیبراڵ و دیموکراتەکانە، لەلایەکیترەوە پرۆژەی بێ چەندوچونی عەقڵی خەتاکاری مۆدێرنەیە، لەسەدان لای ترەوە پرۆژەی بازرگانە باوەڕدارە ئاینییەکانی خەلیج و حیجازە. ئایین تا نەبێتە ئایینی تاک، وەک چۆن ئازادی سەوز نەبوو تا نەبوویە ئازادی تاک، ناتوانێ ببێتە ئامانجێک کە فەلسەفەی مێژووی خۆی لە بەندایەتیدا دەبینێتەوە.