سیاسەت بەپێی «زەواجی یەك ساڵەكە»

وەلید عومەر 30/05/2019


هەموو ئەم ڕستەیەی ناو درامای سەمای تەرزەمان بیستووە، ڕستەی: «مەرجەكەم ئەوەیە بۆ یەك ساڵ ژن دەهێنم». لەڕاستییدا گەر ڕەگەزە هونەرییە فۆرماڵەكان(واتە دیوی تەكنیكی) و پەیامەكانی تری پشت دراماكە بخەینە ئەولاوە، ئەوا دەتوانین بڵێین ئیشەكە بۆ وتنی ئەم تاكە ڕستەیە بەرهەمهاتووە- ئەویش بەبێ ئاگایی سیناریست/دەرهێنەر. ئەم ڕستەیە ئەوكات نرخێكی تەواو وەردەگرێت كە لە كۆنتێكستی داببڕین و بیكەینە ڕستەیەكی سیاسی نەك درامایی و هونەری. باشترین وەفاش بۆ ئیشە لاوازەكان، ئەوەیە پارچەپارچەی بكەیت و لە سیاقی بخەیت.
ئاشكرایە ئەمڕۆ زۆرینەی شتەكان بۆ ئاستی «گرێبەست» كورتدەبنەوە، گرێبەستێكی وتراو و دركێنراو و پێوراو. واتە ڕیسك و نادیاری، وەك ڕەگەزێكی بنچینەیی پەیوەندییە مرۆییەكان فڕێدەدرێتە دەرەوە و «لۆژیكی قاپ و قاچاخی سەفەری» بەسەر پەیوەندییەكاندا دەسەپێنرێت كە جارێك بەكاریدەهێنیت و فڕێی دەدەیت. پێموایە ئەم لۆژیكە لە كۆمەڵگای ئێمەدا هێشتا بە نێوانگریی عەقڵە لۆكاڵییەكە كاردەكات. تۆ گەر گرێبەست لەگەڵ شتێكیش بكەیت، گرێبەستەكەیە لەگەڵ زیادەیەكی هەستیار و پاتۆلۆژیك. لە جیهانبینیی ئێمەدا، گرێبەست هێشتا پابەندبوون نیە بە شتێكی زۆر ڕوونەوە، بەڵكو پابەندبوونە هاوشان بە توخمێكی ناڕوونی تر كە جیایە لە ڕیسك و زۆرجاریش مانای گرێبەست هەڵدەوەشێنێتەوە.
گەر مەسەلەی عەشق و خۆشەویستییش بكرێتەوە بە گرێبەست، ئەوا دۆخی سیاسیی ئێمە، پێویستی بە گرێبەستە. تەرحكردنی پرسی گرێبەست لە كارێكی هونەریی عامیانەدا، دەبێت ئاماژە بێت بۆ پرسێكی سیاسییش. تووڕەبوونی توندوتیژانەی خەڵكیش دەرهەق بەو ڕستەیەی ناو دراماكە، لەبنەڕەتدا جووتدەبێتەوە لەگەڵ ئەو تووڕەبوونە سیاسییەدا كە لەم ڕۆژانەدا دەیبینین: هەردووكیان، تووڕەیین لە نەبوونی گرێبەستێك كە باوكەكان دەبنە ڕێگر(باوكی بایۆلۆژی، باوكی سیاسی، و هتد). شۆپنهاوەر پێش دوو سەدە پێی وابوو كاتێك ململانێكانی سەرووی كۆمەڵگا قەتیسدەبن و خەڵك ناتوانێت ڕۆڵێكی كارای هەبێت، ئەوا لە خوارەوە ململانێكە بەچڕی لە فۆرمی یاریی تاوڵە و دۆمینە و شەترەنج و ململانێی پاڵفتەكراوی تردا سەردەردەهێنێتەوە: ئێستای كۆمەڵگای ئێمە جیا لەو یارییانە، ململانێ ڕاستەقینە سیاسییەكەش شكاوەتەوە بۆ ناو پانتایی كۆمەڵایەتی و هەڵدڕینی ئەویتر و لە هەمووشی گرنگتر: "تێنەگەیشتن لە تووڕەییەكەی خۆیان". 
ڕستەی «مەرجەكەم ئەوەیە بۆ یەك ساڵ ژن دەهێنم»، ڕستەیەكی فۆرماڵی بەئیمتیاز سیاسییە. وەك بڵێی، سیاسەت زیاتر لەو شوێنانەدا خۆی دەردەخات كە وا دەردەكەون سیاسی نەبن. ژێستی بنەڕەتیی عەشق و پێكەوەبوون لای مرۆڤ هەمیشە بەو جۆرە كاریكردووە كە گەرچی دەزانن بۆ هەمیشە پێكەوە نین، بەڵام دەبێت وا خۆتان دەرخەن كە بۆ هەمیشە پێكەوەن. پێدەچێت لەمەودوا ئەم ژێستە یاساكانی خۆی بگۆڕێت: گەرچی ڕەنگە بۆ ماوەیەكی زۆریش پێكەوە بین، بەڵام دەبێت ژێستی یەك ساڵەكە بە ڕووی یەكتردا بدەینەوە: دەبێت لە دەرەوەی سیاسەتەوە یاساكانی یاریی سیاسەت بگۆڕدرێت و تەختی دەسەڵاتدارە ئەبەدییەكان بنكۆڵبكرێت