یەکێتی بگەڕێتەوە سەر رێبازی مام، سەردەکەوێت!

سامان سنجاوی 29/05/2019



ئەم دۆخەی یەکێتی لەگەڵ پارتی دەگوزەرێ، پارتی دەیەوێت یەکێتی بخاتە گۆشەیەکەوە، کە پەیوەندی راستەوخۆی بە کەرکوکەوە هەیە، ئەویش وا لە یەکێتی بکات بەر لە هەرلایەنێکی عیراقی و کوردستانی، یەکێتی، خۆی لەسەر ئێران یا ئەمریکا ساغ بکاتەوە.
لە ١٦ ئۆکتۆبەر، هۆکاری جێبەجێکردنی پرۆسە سەربازییەکە، ریفراندۆم بوو، بەڵام هۆکاری سەرەکی سەندنەوەی کەرکوک لە کوردو یەکێتی هەناردەی نەوت بوو، داگیرکردنی کەرکوک بۆ دورخستنەوەی رۆزنەفت و گازپرۆم ی روسی لە بەرامبەردا جێگرتنەوەی کۆمپانیای بریتش پێترۆلیۆم ی بەریتانی لە کەرکوک، بە هاوکاری سەربازی هێزەکانی حشدی شەعبی، جێبەجێکرا.
یەکێتی، بەبێ پارتی گەر هەوڵی بەدەستهێنانەوەی کەرکوک بدات، دەبێت لە پێشدا یان لەگەڵ کەسە باڵەدەستەکانی هێزەکانی حشدی شەعبی رێکبکەوێت یانیش ململانێکان لەگەڵ حشدی شەعبی بگەیێنێت ئاستێکی باڵاتر لە رێگەی فشاری سیاسی و دبلۆماسی، یان جەماوەری بە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگە..
لە هەردوو باردا، و لەبەردەوامی ئەم دۆخەدا گەر یەکێتی سیفەتی ئۆپۆزسیۆنی بێت لە هەرێمی کوردستان، فشاری پاشکەوتی موچەو خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی لەسەر کەمتر دەبێتەوە و باشتر دەتوانێ جوڵە بکات، بەڵام لەبەرامبەردا ئەگەر لەگەڵ پارتی ململانێکان قوڵتر بکاتەوە، ناتوانێ لەیەککاتدا لەگەڵ پارتی لەلایەک و وڵاتانێ هەرێمی و حشدی شەعبی لەلاکەیتر ململانێکانی قوڵ بکاتەوە، ئەگەر لەگەڵ حشدی شەعبی ململانێکان قوڵ بکات، ئەوا لەگەڵ ئێرانیش دوچاری ئاستەنگی نوێ دەبێتەوە، لەبەرامبەردا، ئایا ئەمریکا بەسەرکردایەتی ترامپ، لە جەوهەردا پاڵپشتی یەکێتی بۆ بەدەستهێنانەوەی پارێزگای کەرکوک دەکات؟ ئەمەش گومانی تێدانیە ئەمریکا دوچاری بارودۆخت دەکات، وەک کاڵایەکی بەردەست چوڕنقوت پێدەهاوێت! بەڵام لەناوەڕۆکدا نایەتە پێشەوە، هەروەک ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٦ لەبەرامبەر یەکێتی ئەنجامیدا.
هەتا ئێستا پارتی توانیویەتی باڵانس لەنێوان ئەمریکاو ئێران رابگرێت، چونکە کێشەی کەرکوک لە بنەڕەتدا کێشەی پارتی نیە، پارتی پەیوەنییەکی باشی لەگەڵ هێزە عیراقیەکان و تورکیاو ئێران و ئەمریکاش هەیە؛ بە پرۆسەیەکی هەڵبژێردراوی بڕواپێکراوی یەکێتی، پارتی ٤٥ کورسی هەیەو بە زۆرینە کورسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سەرۆکی هەرێم و حکومەت دادەنێت، ئەم زۆرینەیەش جێگای متمانەو دانپێدانانی وڵاتی هەرێمی و دەرەوەیە.. پارتی خوێندنەوەی وردی بۆ بارودۆخەکە لە ناوچەکەو عیراق و کورستان بە کەرکویشەوە هەیە.
کێشەی یەکێتی، بە کەرکوک و پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی هەرێم، لە بەزینی یەکێتی نیە بەرامبەر پارتی، بەڵکو کێشەی یەکێتی ئەو یارییە قێزەونە بۆگەنەیە، کە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و لە دژی یەکێتی و پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک، لەگەڵ پارتی ئەنجامی دەدات.
بەردەوامی ئەم بارودۆخە، لەدوای پێکهێنانی کابینەی نوێش، تەمێکی تاریک بەسەر باشوری کوردستان چڕ دەکاتەوە، پێویستە سەرکردایەتی یەکێتی، شکست بە گۆشەپێکردنی یەکێتی بهێنێت، هەوڵی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە کوردستانیەکان و بەتایبەت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان فشار و ئاکامەکانی ئەم بارودۆخە بخاتە سەر پلێتی لەیەکگەیشتن و هەوڵە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ عیراق و ئەمریکاو ئێران، هەروەها سەفارەت و کونسڵخانەکانی وڵاتان لە عیراق و هەرێمی کوردستان بباتە پێش؛ و لە باشوری کوردستان کۆبونەوەی جەماوەری و خۆ ڕیخستنەوەی رێکخستنەکان .. هاوتەریب بەیەکەوەیی ئەنجامبدات. 
یەکێتی دەتوانێ ئەم بارودۆخەش بە پشتو پەنای جەماوەر و کادرو ئەندامانی تێبپەڕێنێت، ئیدی کاتی ئەوەیە واز لە پشک پشکێنەو پیاو پیاوێنەو دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان تەکەتول و کوڕانی سەرکردەکان و پلەبەرزکردنەوە بەمەرامی تەکەتول بهێنێت. 
چونکە، کە یەکێتی پشت بە کادرو جەماوەرەکەی ببەستێت، یەکێتی، نەشکست دەهێنێت، نەدەشکێت، چونکە ترسناکە پڵنگ کە گەمارۆ بدرێت خراپ دەقەومێ!