دۆناڵد ترامپ سەرۆكە شێتەكە یان سەرۆكە ئازاكە؟

نەوزادی موهەندیس 15/12/2017

پاش ئەوەی چوار شەممەی هەفتەی رابردو 2017/12/6،   دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیارێكی زۆر هەستیارو گرنگ‌و  مەترسیداری دەركرد بە:
1-گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ شاری قودس.
2-داننان بە شاری قودس وەك پایتەختی هەتا هەتایی ئیسڕائیل.

ئەم بڕیارە، لە هەمان كاتدا مەترسیدار و لەهەمانكاتیشدا دەكرێت بڵێن گەلێك هەستیارە، چونكە لەساڵی 1948 وە كە ئیسڕائیل وەك دەوڵەتی جولەكە دامەزرا و بەشی ڕۆژئاوای شاری قودسی داگیر كرد، بەشی ڕۆژهەڵاتی قودسیش لە ساڵی 1967 داگیركرا و لەساڵی 1980وە بڕیاردراوە كە بلكێنرێتەوە بەبەشی ڕۆژئاواوە كەلەساڵی 1948وە داگیر كراوە. تائێستا ئیسڕائیلیەكان 69 ساڵە بوێری ئەوەیان نەكردوە كە قودس بكاتە پایتەخی خۆی، چونكە شاری قودس بەلای مسوڵمامانانەوە زۆر پیرۆزە و دەبوە هۆی شەڕ و كوشتار و توندوێژی زیاتر. بەڵام هەمیشە لەهەوڵدا بوە بۆ ئەو كارە.
لە كۆنگرێسی ئەمریكا لەساڵی 1995وە یاسایەك دەرچوە بۆ گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریكا بۆ قودس، بەڵام ئەوە 22 ساڵە سێ‌ سەرۆكی ئەمریكا (بیل كلنتۆن و جۆر بۆشی كوڕو  باراك ئۆباما) نەیانتوانی ئەو یاسایەیان جێبەجێ‌ بكەن لەبەر هۆكاری سیاسی و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا.
بەڵام لە ئێستادا ترامپ یان لە ئازایەتیەوەیەتی یان پیاوێكی شێت و نەزانە لە سیاسەت ئەم كارەی كردوو و بەم بڕیارەشی بۆ دووەم جار مسوڵمانان و عەرەب و فەلەستینی كوشتەوە و داگیری كردەوە، یەكەم جار لەساڵی 1948 دا بە ڕاگەیاندن و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل و ئێستاش 2017 بە دانانن بە شاری قودس بە پایتەخی ئەبەدی ئیسڕائیل.

ئەم هەنگاوەی ئەمریكا ڕێگا خۆش دەكات بۆ:
1-وڵاتانی تریش سەفارەتەكانیان بگوازنەوە بۆ شاری قودس.
2-بەمەش ئیتر عەرەبە فەلەستینییەكان ناتوانن چیتر دەست بەقودسەوە بگرن.
3-پرۆسەی وەدەرنانی ئەو عەرەبانەش دەستپێدەكات كە تائێستا لە قودسدا ماونەتەوە.
4-ئەم بڕیارە ئەو ڕاستیەش دەردەخات كە ماڵی عەرەب لە هەموو كات لاوازترو پەرتەوازەترە، بۆیە ئەمریكاو ترامپ بوێری‌و  ئازایەتیان نواند لە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەداو بەمەش فەلەستین‌و  عەرەبەكان بۆ هەتاهەتایە قودسیان لەدەستدا. كە هەموو خەبات‌و  ژیانی یاسر عەرەفات بۆ گەڕانەوەی قودس بوو.

وەك دەڵێن ئەم بریارە بە ئاگاداری سەرۆكە عەرەبەكانیش بوە، ئیدی چەند رۆژێك لە راگەیاندن و بەیان دەركردن و خۆپیشاندا بەولاوە هیچی تر ناكەن و بیدەنگی لێدەكەن.
بەو هیوای ئێمەی كوردیش ((كەركوكی قودسی كوردستانەكەمان)) بۆ هەمیشە لەدەست نەدەین و لەیادیشی نەكەین و خەبات بكەین بۆ گێڕانەوەی بۆ باوەشی كوردستان.