لەساڵیادی كوشتنی ژینا ئەمینیدا ئەمریكا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

جیهان 16/09/2023

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی تەسنیم، فەرمانگەی كۆنترۆڵكردنی سەروەت و سامانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا (OFAC) لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، هەندێك سزایی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووە ئەویش بەهۆی كوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئەو وڵاتەوە كە بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئەم دامەزراو و ناوەند و كەسانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ڕووداوی كوشتنی ژینا ئەمینی لەو وڵاتەوە بووە.

 لە بەیاننامەی ئەم وەزارەتەدا هاتووە، كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزاكانی لەدژی ١٨ ئەندامی سەرەكیی هێزە ئەمنییەكانی ئێران، سوپای پاسداران، هێزەكانی پۆلیسی زیندانەكانی ئێران و سێ كەسایەتی و كۆمپانیای پەیوەنددار بە دەستڕاگەیشتن بە تۆڕی ئینتەرنێت لەو وڵاتە و سێ دامەزراوەی میدیایی، لەوانە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، فارس و پرێس تیڤی و هەروەها سێ دەسەڵاتی دیكەی سەرەكی لەو وڵاتە جێبەجێ دەكات.

 بەیاننامەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا جەختیشدەكاتەوە، كە ئەمریكا ئەم سزایانەی بە هاوكاری وڵاتانی بەریتانیا، كەنەدا، ئوسترالیا و هاوبەشەكانی دیكەی جێبەجێ دەكات كە ئەوانیش لەئاستی خۆیاندا سزایان بەسەر كارمەندانی دیكەی سەربازی لەو وڵاتەدا سەپاندووە.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەسزایەكی تردا سنوورداركردنی ڤیزەی بەسەر ١٣ بەرپرس و كەسایەتی ئێراندا سەپاندووە بەهۆی تێوەگلانیان لە ڕووداوەكانی ساڵی ڕابردووی وڵاتی ئێراندا.

 ئەم سزا نوێیانە لەكاتیكدایە ئەمە سیانزەیەمین خولی سزاكانی وەزارەتی خەزنەداری ئەمریكا دوای نائارامییەكانی وڵاتی ئێران پاش كوشتنی ژینا ئەمینی بەهەژمار دێت و سبەینێش بەبۆنەی ساڵوەگەڕی كوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە چالاكوانان و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بانگەشەی خۆپیشاندانی جەماوەری لەدژی دەسەڵاتی ئێران دەكەن و دۆخی ئەمنی وڵاتی ئێران لەحاڵەتی ئامادەباشی پلە سووردایە و سوپاو هێزی سەربازی ئەو وڵاتە  لەهەموو شارەكانی ئێران بەتایبەت ناوچەكوردییەكان بۆ ڕوونەدانی دۆخی نەخوازراوی هاوشێوەی ساڵی ڕابردو بڵاوەی پێكراوە.