چۆن قەیرانی ئۆکراینا کۆتایی دێت؟

جیهان 07/12/2023




هێنری کیسینجەر
و: سۆران جەلیل

هەموو هەڤپەیڤینە گشتییەکان لەبارەی ئۆکرایناوە ئاماژە بە ڕووبەڕووبوونەوە دەکەن،بەڵام ئایا ئێمەدەزانین بەرەو کوێ هەنگاودەنێین؟لەژیانمدا،چوار جەنگم بینیوە کە بەگوڕوتینێکی زۆرو پاڵپشتییەکی جەماوەریی گەورە دەستیانپێ کردووە، لەهەموویاندا نەمانزانیوە چۆن کۆتایییانپێ بهێنن و لەسێ جەنگیشیاندا تاکلایەنە کشاوینەتەوە. شارەزایی لەسیاسەتدا ئەوەیە کەچۆن کۆتایی [بە جەنگەکە] دەهێنیت، نەک چۆن دەست پێ دەکەیت.

زۆرجار پرسی ئۆکراینا وەکوو ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەخرێتە ڕوو: ئایا ئۆکراینا پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتەوە دەکات یان ڕۆژئاوا، بەڵام ئەگەر ئۆکراینا بیەوێت بمێنێتە و گەشە بکات، نابێت بنکەی لایەنێک بێت لە دژی لایەنەکەی تر - پێویستە وەک پردێک لە نێوانیاندا کار بکات.

ڕووسیا دەبێت ئەوە قەبووڵ بکات ئەگەر بیەوێت دەسەڵات بەسەر ئۆکراینادا بسەپێنێت و جارێکی دیکە سنوورەکانی خۆی بگۆڕێت، ئەوە مۆسکۆ دووچاری هەمان چارەنووسی پێشتر دەکاتەوە و مێژووی ناچاری بازنەی فشارە بەرانبەرییەکان لەگەل ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان دووبارە دەکاتەوە.

ڕۆژئاوا دەبێت لەوە تێبگات، بۆ ڕووسیا، ئۆکراینا هەرگیز ناتوانێت تەنیا وڵاتێکی بیانی بێت. مێژووی ڕووسیا لە شوێنێکەوە دەستی پێ کرد پێی دەگوترا کییڤەن-ڕووس (Kievan-Rus). ئایینی ڕووسیا لەوێوە بڵاو بووەوە. ئۆکراینا بۆ چەندان سەدە بەشێک بووە لە ڕووسیا و لەوەوپێشیش مێژووەکەیان تێکەڵاو بوو. هەندێک لە گرینگترین جەنگەکان بۆ ئازادی ڕووسیا، بە جەنگی پۆلتاڤا (Poltava) لە ساڵی ١٧٠٩ دەستی پێ کرد، لەسەر خاکی ئۆکراینا بەڕێوە چوون. کەشتییە جەنگییەکانی دەریای ڕەش - ئامرازەکانی ڕووسیا بۆ هەژموونی دەسەڵات لە دەریای ناوەڕاست - لەسەر بنەمای بەکرێدانی درێژخایەنی بەندەری سیڤەستۆپۆل (Sevastopol) لە کریمە دامەزراوە. تەنانەت ڕووناکبیرە جیابیرە بەناوبانگەکانی وەک ئەلیکساندەر سۆلژەنیتسین (Aleksandr Solzhenitsyn) و جۆزێف برۆدسکی (Joseph Brodsky)، پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئۆکراینا بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژووی ڕووسیا و لە واقیعدا ڕووسیایە.

یەکێتیی ئەورووپا دەبێت ددان بەوەدا بنێت، دواکەوتنی بیرۆکراتی لەسەر ستراتیجی سیاسەتی ناوخۆیی بۆ دانوستاندن لەبارەی پێوەندی ئۆکراینا بە ئەورووپاوە، وای کردووە دانوستاندن بە قەیران بگۆڕێت. سیاسەتی دەرەوە هونەری دەستنیشانکردنی ئەرکە لەپێشینەکانە.

ئۆکراینییەکان توخمی یەکلاکەرەوەن. ئەوان لە وڵاتێکدا دەژین کە مێژوویەکی تێکەڵا و پێکهاتەیەکی فرە زمانی هەیە. بەشی ڕۆژئاوا ئۆکراینا لە ساڵی ١٩٣٩دا خرایە سەر یەکێتیی سۆڤیەت، ئەویش کاتێک کە ستالین و هیتلەر دەستکەوتەکانی جەنگیان دابەش کرد. کریمە، لەسەددا ٦٠ی دانیشتووانەکەی ڕووسین، لە ساڵی ١٩٥٤ بوو بە بەشێک لە ئۆکراینا، کاتێک نیکیتا خروشچۆڤ (Nikita Khrushchev)، بە ڕەچەڵەک ئۆکرانی، لە ئاهەنگی یادی ٣٠٠ ساڵەی ڕێکەوتننامەی ڕووسەکان لەگەڵ کازاکەکان (Cossacks)، وەکوو دیارییەک پێشکەشی ئۆکراینای کرد. ڕۆژئاوای وڵاتەکە زۆرینەیان کاسۆلیکین؛ ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرچاو ئۆرتۆدۆکسی ڕووسین. دانیشتووانی ڕۆژئاوا بە زمانی ئۆکراینی قسە دەکەن؛ دانیشتووانی ڕۆژهەڵات زیاتر بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن. هەر هەوڵێک لە لایەن باڵێکی ئۆکراینا بۆ زاڵبوون بەسەر باڵەکەی دیکەدا - وەک ئەوەی ئاماژەی پێ درا - لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆ یان جیا بوونەوە. ئەگەر ئۆکراینا وەک بەشێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا دابنێین، ئەوە بۆ دەیان ساڵ هەر ئاسۆیەک بۆ هێنانەناوەوەی ڕووسیا و ڕۆژئاوا - بەتایبەتی ڕووسیا و ئەورووپا - بۆ ناو سیستەمێکی نێودەوڵەتی هاوکار دوا دەخات.

ئۆکراینا تەنیا ٢٣ ساڵە سەربەخۆیە؛ پێشتر لە سەدەی ١٤ەوە لەژێر جۆرێک لە دەسەڵاتی بیانیدا بووە. شتێکی سەیر نییە سەرکردەکانی فێری هونەری دانوستاندن نەبوون، لانیکەم لە ڕوانگەی مێژوویییەوە. سیاسەتی دوای سەربەخۆیی ئۆکراینا بەڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە ڕیشەی کێشەکە لە هەوڵی سیاسەتمەدارانی ئۆکراینادایە بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بەسەر بەشە یاخیگەرەکانی وڵاتەکەدا، سەرەتا لە لایەن لایەنێکەوە، پاشان لە لایەن لایەنەکەی دیکەوە. ئەوە کڕۆکی ململانێی نێوان ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ (Viktor Yanukovych) و ڕکابەرە سیاسییە سەرەکییەکەی، یولیا تیمۆشینکۆ (Yulia Tymoshenko)یە. ئەوان نوێنەرایەتی دوو باڵی ئۆکراینا دەکەن و ئامادە نەبوون دەسەڵات دابەش بکەن. سیاسەتێکی ژیرانەی ئەمریکا بەرانبەر بە ئۆکراینا بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەردوو بەشەکەی وڵاتەکە هاوکاری یەکتر بکەن. ئێمە پێویستە بەدوای ئاشتەواییدا بگەڕێین، نەک باڵادەستی لایەنێک بەسەر لایەنەکەی دیکەدا.

ڕووسیا و ڕۆژئاوا و کەمترین لایەنە جیاوازەکانی ئۆکراینا، کاریان لەسەر ئەم پرەنسیپە نەکردووە. هەریەکەیان دۆخەکەیان خراپتر کردووە. ڕووسیا ناتوانێت چارەسەرێکی سەربازی بسەپێنێت بەبێ ئەوەی خۆی پەڕگیر نەکات لە کاتێکدا زۆرێک لە سنوورەکانی لە ئێستەوە ناجێگیرن. بۆ ڕۆژئاوا، هەڕەشەکانی ڤلادیمێر پووتین سیاسەتکردن نییە؛ بەڵکوو دەرخەری نەبوونی توانای سیاسەتکردنە.

پووتین دەبێت درک بەوە بکات، جا گلەیییەکانی هەرچییەک بن، سیاسەتی سەپاندنی هێزی سەربازی شەڕێکی ساردی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لای خۆیەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستی بەوەیە خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیا وەک وڵاتێکی ڕیزپەڕ بەدوور بگرێت، بە سەبرەوە فێری ڕەچاوکردنی ئەو قانوونە بکرێت کە لە لایەن واشنتۆنەوە جێگیر کراون. پووتین ستراتیجیستێکی جددییە - لە چوارچێوەی مێژووی ڕووسیادا، بەڵام تێگەشتن لە بەها و سایکۆلۆجیای ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکێک نییە لە لێهاتوویییەکانی. هەروەها تێگەیشتن لە مێژوو و سایکۆلۆجیای ڕووسیا خاڵێکی بەهێزی سیاسەتداڕێژەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان نەبووە. پێویستە سەرکردەکانی هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ لێکۆڵینەوەی بەرەنجامەکان، نەک کێبەرکێکردن لەسەر هەڵوێستەکان.

لێرەدا بیرۆکەی من بۆ بەرەنجامێک کە لەگەڵ بەها و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هەموو لایەنەکاندا بگونجێت دەخەمە ڕوو:

١- ئۆکراینا مافی ئەوەی هەبێت ئازادانە هاوبەشە ئابووری و سیاسییەکانی خۆی هەڵبژێرێت، لەوانەش لەگەڵ ئەورووپا.

٢- ئۆکراینا نابێت بچێتە ناو ناتۆوە، هەڵوێستێک کە حەوت ساڵ لەمەوبەر وەرمگرت، کاتێک دواجار ئەم پرسە وروژێنرایەوە.

٣- ئۆکراینا ئازاد بێت لە دروستکردنی هەر حکوومەتێک کە لەگەڵ ئیرادەی دەربڕینی گەلەکەیدا بگونجێت. پاشان سەرکردە ژیرەکانی ئۆکراینا سیاسەتی ئاشتەوایی نێوان بەشە جیاوازەکانی وڵاتەکەیان هەڵبژێرن. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پێویستە هەڵوێستێکی هاوشێوەی فینلاند پەیڕەو بکەن. ئەو وڵاتە هیچ گومانێک لەسەر سەربەخۆیی خۆی نەهێڵێتەوە و لە زۆربەی بوارەکاندا هاوکاری ڕۆژئاوا بکات، بەڵام بەوریایییەوە خۆی لە دوژمنایەتی ڕێکخراوەیی لەگەڵ ڕووسیا بەدوور بگرێت.

٤- لکاندنی کریمە لە لایەن ڕووسیا لەگەڵ ڕێساکانی سیستەمی جیهانی ناگونجێت، بەڵام دەشێت پێوەندی کریمە لەگەڵ ئۆکراینا لەسەر بنەمایەکی هەمەلایەنە نەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش ڕووسیا ددان بە سەروەری ئۆکراینا بەسەر کریمەدا بنێت. ئۆکراینا پێویستە لە هەڵبژاردنەکاندا کە بە ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت، ئۆتۆنۆمی کریمە بەهێزتر بکات. ئەم پرۆسەیە ڕەواندندنەوەی هەر ناڕوونییەک سەبارەت بە دۆخی کەشتیگەلی دەریای ڕەش لە سیڤەستۆپۆلیش لەخۆ دەگرێت.

ئەمانە بنەمان، نەک فەرمان و ڕاسپاردە. ئەوانەی شارەزای ناوچەکەن دەزانن، هەموو ئەمانە بۆ هەموو لایەنەکان دڵخۆشکەر نین. تاقیکارییەکە ڕازیکردنی ڕەها نییە، بەڵکوو هاوسەنگکردنی ناڕەزایییەکانە. ئەگەر هەندێک چارەسەر لەسەر بنەمای ئەم توخمانە یان هاوشێوەکانی بەدەست نەهێنرێت، ئەوا جووڵە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە خێراتر دەبێت.

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە هێنری کیسینجەر نووسیویەتی و بە ناونیشانی (How the Ukraine crisis ends)، ٥ی مارچی ٢٠١٤، لە سایتی واشنتۆن پۆست بڵاو کراوەتەوە.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Henry A. Kissinger, ‘How the Ukraine crisis ends’, The Washington Post, 5 March 2014.