زیارەت و توجارەت؛ گواستنەوەی تەرم لە ئێرانەوە بۆ عێراق

جیهان 05/09/2023

شەهرام سابتیان
وەرگێڕان: سۆران جەلیل

گواستنەوەی تەرمی شیعەکان و ناشتنیان لە نزیک گۆڕی ئیمامەکانیان لە شوێنە پیرۆزەکان (عَتَبات عالیات)*، ئەو شارانەی ژمارەیەک ئیمامی شیعەیان تێدا نێژراوە، زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی دەوڵەتی یان شانشینی بوەیھی شیعە دەستی پێ کرد؛ لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەویدا دامەزراوە و لە سەردەمی قاجاردا گەیشتە لووتکە. ئەم دابونەریتە بەدرێژایی سەدەکان، لێکەوتەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی گرینگی هەبوو. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەم دابونەریتە بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە؛ گۆڕینی بارودۆخی ناوخۆی ئێران و ئیمپراتۆری عوسمانی، باڵادەستی بەریتانیا بەسەر شوێنە پیرۆزەکان و دانانی ڕێوشوێنی تەندروستی بۆ پێشگرتن لە پەتاکان، ڕاگیرا.

سی و شەش ڕۆژ بوو کاروانەکە بەڕێەوە بوو. لێوەکان هەمووی وشک، لەشەکان دەردەدار، گیرفانەکان بەتاڵ، پارەی ڕێبواران وەک بەفر لەبەر تیشکی خۆردا دەبووە هەڵم، بەڵام ئەمڕۆ کاتێ سەردەستەی کاروانچییەکان چووە سەر "گردی سەلام" و بەخششی لە زیارەتکەران وەرگرت، گومبەزە زێڕینەکان دەرکەوتن و هەموو ڕێبوارەکان سەڵاواتییان لێ دا؛ وەک ئەوە وابوو گیانێکی نوێ بە بەر لەشە ماندووەکاندا بکرێتەوە. خاتوو گلین و عەزیز ئاغا بە چارشێوە ڕەنگ زەرد و تۆزاویییەکان لە قەزوینەوە تا ئێرە لەناو کەژاوەکە بەملاو بەولادا دەهاتن. بەلایانەوە هەر ڕۆژێ بە ساڵێ بوو. عەزیز ئاغا ماندوو و شەکەت بوو، بەڵام لەبەرخۆیەوە دەیگوت: "وەلێ قەینا، چونکە دەچمە زیارەت."[١]

تەرمی زیارەتکەران

بۆ خاتوو گلین و عەزیز ئاغای چیرۆکەکەی سادق هیدایەت، سەردانی شوێنە پیرۆزەکان هێندە گرینگ بوو پڕ بەدڵ ئارەزووی ئەوەیان دەکرد لە تەنیشت مەزارگەی ئیمامەکەیانەوە بنێژرێن یان ئەگەر بگەڕێنەوە ئێران، دوای مردنیان، تەرمەکانیان بهێنرێتەوە بۆ عەتەبات؛ چونکە لە لایەک ئیمامە شیعەکان و گۆڕەکانیان بۆ ئەوان پیرۆز بوون و لە لایەکی تریشەوە بەپێی فەرموودە شیعییەکان، ناشتنی تەرمی ئیمانداران لە نزیک گۆڕی ئیمامەکانەوە، دەبێتە هۆی لێخۆشبوونی گوناهەکانیان.

خەمڵاندنی جیاواز بۆ ژمارەی زیارەتکەرانی عەتەبات و ئەو تەرمانەی کە براونەتە ئەودیوی سنوور لەبەردەستە - ساڵانە لە نێوان ١٠٠ هەزار[٢] بۆ ٤٠٠ هەزار[٣] کەس سەردانی مەزارگەکانیان کردووە و ساڵانە نزیکەی ١٠ هەزار[٤] بۆ ٢٠ هەزار[٥] تەرم لە سنوور دەپەڕێندرانەوە.

ڕێبوارانی ئەم کاروانانەی بەرەو عێراق بەڕێوە بوون، یان زیارەتکەری کەربەلا و نەجەف بوون یان حاجییانی مەککە و مەدینە کە لە ڕێگەدا ماوەیەکی کورت لەم شارانەدا دەمانەوە. ڕێبوارانی دیکە، بازرگانانی زەعفەران، فەرش و بەردی بەنرخ بوون، یان بازرگانانێک کە کاریان تەنیا گواستنەوەی تەرم بوو.

ئەم شارە پیرۆزانەی شیعەکان، پێشوازییان لە تەرمی زۆرێک لە پاشاکانی ئێرانیش کردووە؛ ئەو پاشایانەی خۆیان بە پارێزەری "شەرەفی خەڵکی شیعە" دەزانی، نەک لەو وڵاتەی کە حوکمڕانییان تێدا کردبوو، بەڵکوو لە تەنیشت مەزاری ئیمامەکانیان لە خاکێکدا نێژران کە لەژێر سەرپەرشتی ڕکابەرە سوننییەکانیان بوون.

ئەحمەد شا یەکێکە لەو شایانەی ئێران کە لە مەزارگە پیرۆزەکان بە خاک سپێردراوە. هەروەها تەرمی شای لە دەسەڵاتلادراو و بەرغەزەبکەوتووی شۆڕشگێڕانی مەشرووتە، محەممەد عەلی شایش، دوای مردنی لە دەربەدەری، لە ئەورووپاوە ڕەوانەی کەربەلا کرا و لەوێ ناشتیان.

ئەمیر کەبیر سەرەتا لە کاشان نێژرا، دوای چەند مانگێک تەرمەکەیان دەرهێنا و بردیانە کەربەلا و لەوێ بە خاک سپێردرا. میرزا ئاغاسییش کە دوای مردنی محەممەد شا، لە دەسەڵات لابرا و بە نێوەندگیری ڕووسیا و بەریتانیا دوور خرابووە بۆ کەربەلا، لەوێ بە خاک سپێردرا.

دوای سەرهەڵدانی نەخۆشییە درمییەکان و دانوستاندنی درێژخایەن، دەوڵەتانی ئێران و عوسمانی ڕێک کەوتن کە ئەگەر بڕیار بێت تەرمی مردووەکان بگوازرێنەوە بۆ عێراق، سەرەتا مردووەکە لە زێدی خۆی بنێژرێت و دوای سێ ساڵ لە گۆڕ دەربهێنرێت و ڕەوانەی عێراق بکرێت، بۆ ئەوەی پاشماوەی تەرمەکە هەڵگری کێم و نەخۆشی نەبێت، بەڵام بەرپرسانی سیاسی و خاوەن دەسەڵات دەیانتوانی دەستبەجێ تەرمی کەسانی نزیک لە خۆیان ڕەوانەی شوێنە پیرۆزەکان بکەن. بۆ نموونە؛ تەرمی ئەنیس دەولە، هاوسەری ناسرەددین شا، بەبێ بە خاکسپاردن لە زێدی خۆی و پابەندبوون بە ڕێوشوێنە گومرگی و تەندروستییەکان، ڕەوانەی عێراق کرا.

ژمارەی ناشتنی ئێرانییەکان لە کەربەلا لە سەردەمی قاجاریشدا بە هەمان شێوە بووە، جۆن ئاشەر، ڕۆژهەڵاتناسی ئینگلیزی، لە ڕاپۆرتێکدا لە کەربەلاوە لە ساڵی ١٨٦٤دا نووسیویەتی: "شارێکی پڕ لە جووڵە و بازرگانی بوو کە بە هیچ شێوەیەک پشووی نەبوو. هەموو کات بازاڕەکان پڕ بوون لە زیارەتکەران… لە شارە دوورەکانەوە تەرمی مردووەکان دەبرێنە شاری کەربەلا، سەرەتا بە دەوری گۆڕی حوسێن تەوافیان پێ دەکرا و دواتر بە خاک دەسپێردران. هەروەها حکوومەتی تورک [عوسمانی] بۆ هەر تەرمێک بڕێک پارەی وەردەگرت. هەندێکجار لافاوێک لە تەرم بەرەو شار دەهات و بەرپرسانی دەروازەکان بە هاتنەژوورەوەیان ناڕەحەت دەبوون؛ چونکە هاتوچۆی گشتی شار تێک دەچوو و زیاتر لە هەموو شتێک ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، حکوومەتی دەترساند. هەندێکجار لە وڵاتی ئێرانەوە لە یەک کاتدا هەزار تەرم دەگەیشتن و هەر تەرمێک لانیکەم یەک یان دوو کەس لە کەسوکاری مردووەکەی لەگەڵدا بوو."

ئاشەر، لە کۆمیسیۆنی حکوومەتدا سەرپەرشتی گواستنەوەی تەرمی مردووەکانی دەکرد، لە یادداشتەکانیدا لەسەر گواستنەوەی تەرمی کچەکەی عەبباس میرزا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پلەباڵا و ڕێوڕەسم و ڕێوشوێنەکانی مەزارگەکان دەنووسێت و باس لە بەسەرهاتی پیاوێکی هەژار دەکات کە بۆ دەربازبوون لە باج، ئیسکوپروسکی باوکی لەناو گوونێیەکی جۆ شاردبووەوە‪.[٦]

گیروگرفتەکانی سەفەر


کاروانەکانی هەڵگری تەرمی مردووەکان بۆ گەیشتن بە مەزارگەکان، جگە لە دووری ڕێگە، گەرما و ڕێگرەکان، ڕووبەڕووی کێشە و ناڕەحەتی دیکەش بوونەتەوە، لەوانە؛ ناکۆکی مەزهەبی سوننە و شیعە و ململانێ سیاسییەکانی حکوومەتەکانی ئێران و عوسمانی کە هەندێکجار بۆ چەندان ساڵ دەبووە هۆی داخستنی سنوورەکان، هەروەها تێچووی گواستنەوە، گومرگ و باج، ملهوڕی چەکدارانی عوسمانی؛ هەڵسوکەوتگەلێکی نەشیاو کە هەندێکجار ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی حکوومەتی ئێران دەبووەوە.

باڵیۆزی ئێران لە ئیستەنبووڵ لە نامەیەکدا بۆ دەسەڵاتدارانی عوسمانی، ناڕەزایی دەربڕیوە و نووسیویەتی: "لە خاکی عێراق لە دەوڵەمەند و هەژار، پیادە و سوار نەفەری هەشت قرۆش وەردەگرن و لەو نێوەندەدا بە بیانووی سەیرکردنی ناسنامە، زیارەتکەران لە ڕێگە ڕادەگرن و کەم و زۆر پارەیان لێ وەردەگرن و بەریان دەدەن، سەفەرەکان پڕ لە ئازار و ڕووداون."[٧]

تەرمی مردووەکانیش لەم خەرجییە قورسانە بێبەش نەبوون؛ لە دوای پەیماننامەی ئەرزەڕۆمی دووەم، کواستنەوەی تەرم لە ئێرانەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکان زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی کاربەڕێکەری ئێران لە بەغدا لە ساڵی ١٢٩٠ شەمسی، ئەو ساڵە ٢٠ هەزار تەرم براوەتە عێراق، زیارەتکەران بۆ گواستنەوەی تەرمەکان لە مەرزی خانەقین دەبوو ١٢ قران بدەن و پاشان بۆ ناشتنی تەرمەکان لە کەربەلا و نەجەفیش ٨ تا ١٤ قرانیان لێ وەردەگیرا.[٨]

دوای پەسندکردنی یاساکانی تەندروستی، کێشەیەکی دیکەش زیاد بوو: مەئموورانی عوسمانی بڕێک پارەیان بە ناوی "باجی تەندروستی" وەردەگرت؛ باجێک کە بەکردەوە بە ویستی مەئموورانی عوسمانی، کەم و زیاد و بە بیانووی جۆراوجۆر چەند جار وەردەگیرا. باڵیۆزی ئێران لە ئیستەنبووڵ سکاڵایەک دەنووسێت: "لەگەڵ ئەوەوی تەرمەکان لە کرماشان بە مۆری پزیشکی تەندروستی عوسمانییەوە بەڕێ دەکرێن و ٢١ قرانیش دەدەن، دووبارە لە خانەقین تەرمەکان سەیر دەکرێن و بەوپەڕی بێڕێزییەوە، مۆر و تابووتەکان دەکەنەوە و بۆ هەر جەنازەیەک ٢٥ هەزار وەردەگرن. جارێکی دیکە مۆریان دەکەنەوە. بەهەمان شێوە لە دەروازەی کەربەلا ئەم زەحمەتە بەسەر زیارتکەران دەهێننەوە و ٢٥ هەزاری تریش وەردەگرن."[٩]

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، زۆرێک لە ئێرانییەکان تەرمی کەسوکارەکانیان ڕاستەوخۆ دوای مردن، بە ڕێگەی نایاسایی و بەبێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی تەندروستی بۆ ئەم شارانە دەگواستەوە. کاتێک پزیشک و مەئموورانی عوسمانی پێیان دەزانی، ڕێگەیان بە گواستنەوەیان نەدەدا و ئەمەش دەبووە هۆی سەرچاوەی ناکۆکی و مشتومڕ.

ئەو تەرمانەی پێش کاتی دیاریکراو لە گۆڕ دەرهێنرابوون، دەگەڕێنرانەوە و لەناو تابووتدا دادەنران بۆ ئەوەی یان مۆڵەتی پێویست وەربگرن یان بە کۆمەڵ بنێژرێن. هەروەها ئەو تەرمانەی گومانی نەخۆشییان لێ دەکرا جیا دەکرانەوە و دەسووتێنران.[١٠]

لە یادداشتی شایەدحاڵێکدا، سەبارەت بەو کێشانەی کە لە کاتی کەرەنتینەدا ڕووبەڕوویان دەبووەوە لە دەستی عوسمانییەکان، هاتووە: "لەبەر بەرژەوەندی و داوای خاوەن تەرمەکان، بە بزماری تیژەوە دەهاتە سەر تەرمەکە… بەتوندی قسە دەکات و دواتر تەرمەکەی لە کفنەکە هێنایە دەرەوە و چەند جار بە بیانووی ئەوەی دەرکەوێت بە هۆی نەخۆشی یان بەئاسایی مردووە، بزمارەکەی بە تەرمەکەدا دەکرد، ئەگەر خاوەنی تەرمەکە ئامادە بێت، بەنهێنی پارەیەک بدات، ڕێگەیان پێ دەدەن؛ ئەگەرنا سی چل تەرمیان فڕێ دەدایە ناو چاڵێکەوە و خۆڵیان بەسەریاندا دەکرد."

هەندێکیش هەبوون کە دوای ناشتنی کەسوکاریان لە کازمییە و سامەڕا، جارێکی تر شەوانە و بەنهێنی گۆڕەکەیان هەڵدەدایەوە، بۆ ئەوەی لە خاکە پیرۆزترەکانی کەربەلا و نەجەف، لە نزیک مەزاری ئیمامە گەورەکانی شیعە، بنێژرێن.

کاتێک تەرمە تازەکان و ئێسکوپروسکە کۆنەکان دەگەیشتنە شوێنی مەبەست، دەبوو تێچووی کۆتایییش بدرێت. ڕێوڕەسمی ناشتن و کڕینی زەوی بۆ گۆڕ، بەپێی خواستی مەلاکانی ئامادەبوو لەم شوێنانە، لە ١٠ تا ٢٠ تۆمان و هەندێکجار زیاتر بوو.[١١]

بە گەیشتنی باری ئەم کاروانە شیعییانە لە ئێران، هیندستان و قەوقازەوە بۆ کەربەلا، نەجەف، سامەڕا و کازمییە گیرفانی سەردەستەی کاروانچییان، تەرموشککەرەوان، کفندووران، گۆڕهەڵکەنەکان و خزمەتکاری مەزارگەکانی بە بێبەشی نەدەهێشتەوە.[١٢]

بەشێک لە کەسوکاری کۆچکردووەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم خەرجییانە، لەگەڵ ئەو تابووت یان لبادەی تەرمەکەی تێدا بوو، کەلوپەلی وەکوو زەعفەران و فەرشیان بە قاچاخ لە مەرز دەپەڕاندەوە.

دەزگەی ئەوقافی عوسمانی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قازانجەی لەم بازرگانییە دەست دەکەوت، گواستنەوە و ناشتنی تەرمی مردووەکانی دەخستە مەزاتەوە. ئەو بازرگانەی لە زیادکردنەکەدا سەرکەوتنی بەدەست دەهێنا، بە ناردنی کرێکارەکانی بۆ گوند و شارەکان، هەوڵی دەدا تا تەرمی زیاتر کۆ بکەنەوە و بگوازنەوە.

سەختی و زەلیلی و سووکایەتییەکانی سەفەرێکی لەم شێوەیە بۆ ئێرانییەکان ئەوەندە گەورە بوو کە زۆرێک ئاواتی ئەوەیان دەخواست ڕۆژێک ئەم نەریتە مەزهەبییە کۆتایی پێ بێت.

"نەهامەتی و سەختییەکانی خەڵکی ئێران لەم سەفەرانەدا، جگە لە لەدەستدانی گیان و ماڵ، لە توانای باسکردن و نووسین بەدەرە و بەم نووسینەش چارە ناکرێت. نە خوا ڕەحمێ بە کارگێڕ و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عوسمانی دەکات کە دەست لەم نادادپەروەری و دڕندەیییە بەرانبەر بە زیارەتکەران و شوێنە پیرۆزەکان هەڵگرن و نە جوامێرییەک بە خەڵکی ئێران دەبەخشێت کە واز لەم سەفەرە بهێنن و بە گوتەی نووسەر، بەهەشتی ئەبەدی شایانی ئەم چەند ڕۆژە سەفەرە پڕ سووکایەتییە نییە."[١٣]

تابووت، تاعوون و کۆلێرا


ڕۆژهەڵاتناسانی ڕۆژئاوا لە سەفەرنامە و بیرەوەرییەکانیاندا ئاماژەیەکی فرەوانیان بە کاروانی تابووتەکان کردووە. ماری شەیڵی ئێرلەندی، هاوسەری جەستن شەیڵ، باڵیۆزی بەریتانیا لە سەردەمی ناسرەددین شا، سەبارەت بە ئەزموونی بینینی کاروانی تەرمەکان نووسیویەتی: "دوای چەند ڕۆژێ لە گەیشتنمان بە تاران، ڕۆژێک کە سەرقاڵی ئەسپسواری بووین لە دەرەوەی شار، لەگەڵ کاروانێک کەوتین کە بەرەو بەغدا دەڕۆیشت و لەناو ئەم کاروانەدا، هەندێ هێسترمان بینی سندووقی داری بچووک، باریک و درێژ لە هەردوو لای هێسترەکان بە شێوەی ئاسۆیی بەسترا بوون و لەم سندووقانەوە بۆنێکی قێزەون دەهات. دوای پرسیارکردن لە کاروانچییەکان دەرکەوت ئەم سندووقانە تەرمیان تێدایە کە لە کاتی بەڕێکەوتنی کاروانەکە لە شارە جیاجیاکانی ئێران کۆ کراونەتەوە و ئێستە بە مەبەستی ناشتن بەرەو کەربەلایان دەبەن. جگە لەوەی ئەم کارە لەڕادەبەدەر وەڕەزکەر بوو، بە هۆی بێباکی لە داخستن و داپۆشینی تەرمی مردووەکان و نەبوونی وردبینی لە دروستکردنی تابووتەکاندا، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی دەردانی چڵک و کێم و لە ئەنجامیشدا پیسبوونی ژینگە."[١٤]

تەرمی ڕزیو و شیبووەوە کە پێشتر جارێک نێژرا بوون، پێچراوە لە گوونییە و کیسە یان لە تابووتی داری ڕزیو، دوو دوو یا چوار چوار لە هێستر و ئەسپ بار کرابوون و هەڵگری نەخۆشییە درمییەکان بوون.

گواستنەوەی تەرمی مردووەکان بۆ کەربەلا بەبێ ڕێوشوێنی پێویست کێشەی زۆری هەبوو، هینری بایندەر، گەشتیاری فەرەنسی لەبارەیەوە نووسیویەتی: "بۆ گواستنەوەی تەرمەکان هەزاران کاروان لە دوورترین شوێنەکانی ئێرانەوە بەڕێ دەکران. تەرمەکان یان لەناو تابووتی دار دانرابوون یان تەنیا بە پارچەیەک قوماش یان فەرش دەپێچران، هەر دوو سێ یان چوار تەرم پێکەوەبەستراو لەسەر پشتی ئەسپێک بار دەکەن. لەژێر ئەم هەتاوە سووتێنەرەدا، بۆنێکی قێزەون لەم تەرمانەوە بڵاو دەبووەوە و لە ماوەی گەشتێکی چەند هەفتەییدا بەردەوام بۆنی دەهات."[١٥]

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تاعوون و کۆلێرا، شارەزایان ئەو نیگەرانییەیان وروژاند کە هەڵگرتنی کۆمەڵێ تەرم، ئەویش پێچراوە لە لباد یان تابووتی داری شکاو، لە ڕێگە دوورودرێژەکان و لە کەشوهەوایەکەی گەرمدا، دەتوانێت نەخۆشی مەترسیدار بگوازێتەوە. کاتی بوو کە دەسەڵاتدارانی عوسمانی و ئەورووپایییەکان بۆ ڕاگرتن یان لانیکەم کۆنتڕۆڵکردنی ئەم کاروانی لاشانە کارێک بکەن.

لەگەڵ وەدیهاتنی یەکەمین ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان، چاودێری سنوورەکان و کەرەنتینەکردنی ڕێبواران دەستی پێ کرد. لەو ماوەیەدا ناوەندە تەندروستییەکان لە ئێران بە شێوەیەکی ناتەواو و پەرشوبڵاو و لە عوسمانی بە شێوەیەکی جددیتر و بەرفرەوانتر بە هاوکاری ئەورووپایییەکان دامەزران. ڕێبواران ناچار کران بۆ ماوەی پێنج تا پازدە ڕۆژ کەرەنتینە بکرێن. بڕە پارەیەکی زۆر، هەم لە لایەن ڕێبواران و هەم لە لایەن حکوومەتەکانەوە خەرج کرا و دواجاریش نەیانتوانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان بکەن. بۆ نموونە؛ هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە کەربەلا لە ساڵی ١٨٦٧ی زایینی، ناسرەددین شا فەرمانی دا گواستنەوەی تەرم لە ئێرانەوە بۆ مەزارگەکان بۆ ماوەیەکی کورت قەدەغە بکرێت.

قوم و مەشهەد، لە جیاتی کەربەلا و نەجەف

لەگەڵ ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی و باڵادەستی بەریتانیا بەسەر کەربەلا و نەجەف و شوێنە پیرۆزەکانی تری شیعە و سەرهەڵدانی حکوومەتی پەهلەوی، دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە گۆڕا. لەگەڵ بووژانەوەی حەوزەی قوم، حەوزەی نەجەف کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی شای شیعە بوو، ڕکابەرێکی جددی بۆ پەیدا بوو. زۆرێک لە زانایانی باڵای شیعە پێیان باش بوو لەجیاتی عێراق لە قوم نیشتەجێ ببن و دوای مردنیانیش لەوێ بنێژرێن. ئەم پیاوە ئایینییانە لەژێر فشاری حکوومەتی نوێی ئێران و بە بیانووی هەژموونی ئینگلیزە ناموسڵمانەکان، فەتوای قەدەغەکردنی گواستنەوەی تەرمی مردووەکانیان بۆ عێراق دەرکرد.[١٦]

لە دوای ئەوە، قوم و مەشهەد کە لەوەوپێشیش پێشوازییان لە تەرمی شیعەکان کردبوو، بوونە تاکە بژارە بۆ خەڵکانی مەزهەبی کە لەسەر وەسیەتی خۆیان دەبێت لە شوێنێکی پیرۆزدا بنێژرێن.



-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە شەهرام سابتیان نووسیویەتی و بە ناونیشانی (زیارت و تجارت جسد از ایران به عراق)، ٣ی جوونی ٢٠٢٢، لە سایتی (آسو) بڵاو کراوەتەوە.

* عَتَبات عالیات، دەستەواژەیەکە کە شیعەی دوازدە ئیمامی بۆ ئاماژەدان بە گۆڕی ئیمامەکانیان لە عێراق بەکاری دەهێنن. وشەی "عَتَبَة" لە زمانی عەرەبیدا بە واتای بەردەرگە و دەرگە دێت. ئەم مەزارگانە لە شارەکانی کەربەلا، نەجەف، سامەڕا و کازمییە هەڵکەوتوون و گۆڕی ژمارەیەک لە ئیمامەکانی شیعە لەخۆ دەگرن؛ (علی بن ابی طالب: نجف، حسین بن علی: كربلا، عباس بن علی: كربلا، علی‌اکبر: كربلا، موسی کاظم: کاظمیه، محمد تقی: کاظمیه، علی نقی: سامرا، حسن عسکری: سامرا). ئەم شارانە ڕێز و پیرۆزییەکی تایبەتیان هەیە لای شیعەکان و هەر بۆیەش پێیان دەوترێت شوێنە پیرۆزەکان.

سەرچاوە:

١- شهروز ماشینچی ماهری، تأثیر کاروان‌های زیارتی و دفن مردگان در عتبات عالیات بر مناسبات ایران و عثمانی، پژوهش‌نامه‌ی تاریخ تمدن اسلامی ۱۳۹۲، ص۹۳-۱۰۸.
٢- داریوش رحمانیان و ثریا شهسواری، جایگاه عتبات عالیات در مناسبات ایران و عثمانی عصر قاجار مطالعه موردی: "زوار و حمل جنائز"، فصلنامه مطالعات تاریخ فرهنگی ۱۳۹۱.

پەراوێز:

[١] صادق هدایت، سه قطره خون، داستان طلب آمرزش، انتشارات گیوا، تهران ۱۳۹۸.
[٢] چارلز عیسوی، تاریخ اقتصادی ایران، ترجمە یعقوب آژند، نشر گستره، تهران ١٣٨٩.
[٣] او‌ژن اوبن، ایران امروز، ترجمە علی‌اصغر سیدی، نشر علم، تهران ۱۳۹۱.
[٤] پیر پونافیدن، زندگی در شرق مسلمان، ترجمە عباس جوادی.
[٥] داریوش رحمانیان و ثریا شهسواری، جایگاه عتبات عالیات در مناسبات ایران و عثمانی عصر قاجار مطالعه موردی: "زوار و حمل جنائز"، فصلنامه مطالعات تاریخ فرهنگی ۱۳۹۱.
[٦] جان آشر، از لندن تا پرسپولیس: داغستان، گرجستان، ارمنستان، کردستان، میسوپوتامیا و ایران، لندن ١٨٦٥.
[٧] مرکز اسناد و تاریخ دیپلماسی وزارت امور خارجه، کارتن ١، پروندە ٨، سال ١٣١٦.
[٨] مرکز اسناد و تاریخ دیپلماسی وزارت امور خارجه، اسناد مکمل، کارتن ١١، سند شمار ١٦٢، سال ١٢٩٠ هیجری قمری.
[٩] مرکز اسناد و تاریخ دیپلماسی وزارت امور خارجه، کارتن ٧، پروندە ٢٣، ٢٢ ربیع‌الاول ١٣٢٠.
[١٠] گزیدە اسناد سیاسی ایران و عثمانی، ج ٥، ص ٤٠، تاریخ سند ١٣١٧ هجري قمری.
[١١] صبری آتش، نعش‌کشی به عتبات: رقابت ایران و عثمانی در عراق سده‌ی ١٩ میلادی، ترجمە نازلی کاموری، سال بیست و ششم، شماره ۱ و ۲، بهار ۱۳۹۰.
[١٢] هەمان سەرچاوە.
[١٣] محمد رئوف توکلی، جغرافیا و تاریخ کردستان (حدیقه ناصریه و مرآت الظفر)، تهران ١٣٨١.
[١٤] لیدی مری شیل، خاطرات لیدی شیل، ترجمە حسن ابوترابیان، نشر نو، تهران ۱۳۶۸.
[١٥] هنری بایندر، سفرنامە: کردستان، بین النهرین و ایران، ترجمە کرامت‌اللە افسر، فرهنگسرا، تهران ١٣٧٠.
[١٦] اسحاق نقاش، تشیع در عراق، المترجم عبدالاله النعيمي، دار المدى، دمشق ١٩٩٦.