نەخشەڕێگەیەک بۆ چوونەدەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

جیهان 13/08/2023


دۆگ باندۆ
وەرگێڕان: سۆران جەلیل

لە کۆتاییدا ئەمریکا بڕیاری دا لە ئەفغانستان بێتە دەرەوە. سەرەڕای هەوڵەکانی لۆبی جەنگخوازان لە هەردوو حیزب بۆ فرەوانکردنی ڕۆڵی واشنتۆن، وا دیارە جۆ بایدن، سەرۆک کۆمار سوورە لەسەر ئەوەی کۆتایی بە ٢٠ ساڵ هەوڵی پڕخەرجی و شکستی خەمبزوێن بهێنێت.

هەروەها، نابێت لێرەدا بووەستێت. ئەمریکا دەبێت هێزە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێتە دەرەوە. گفتوگۆکانی دەیەکانی ڕابردوو بۆ مانەوەی ئەمریکا لەوێ تێپەڕیون. هاوسەنگی دروستکراوی هێز لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بووەتە هۆی ئەوەی لێکەوتەی مەترسیداری ئەخلاقی و سەربازی لێ بکەوێتەوە. لە کۆتاییدا دەبێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بگۆڕێت، تاکوو کاریگەری لەسەر باردۆخی نوێ دابنێت.

لە ساڵی ١٩٨٠، جیمی کارتر، سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداری لە جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بڕیارێک کە ئەوانەی لە دوای ئەو هاتن بەناچاری پەیڕەویان کرد. بایدن بەشێک بوو لەو کەسە شەڕخوازانەی لە خولی دووەمی ئەنجومەنی پیران (سینات)، کاتێک کە کارتر سەرۆک کۆمار بوو، پەیڕەوی لەم بیرکردنەوەیە دەکرد.

بەڵام ئێستە بایدن دەرفەتی بۆ دیارکردنی ڕێگەیەکی نوێ لەبەردەستە. ئەو دەبێت گرینگی ناوچەکە بۆ هەردەم کەم بکاتەوە و کۆتایی بە سەردەمی کارەساتباری "جەنگی بێکۆتایی" بهێنێت. ئەفغانستان دەبێت تەنیا دەستپێک بێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان بێ هیچ هۆکارێکی گونجاو لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەجەنگێت. هەروەها ئەرکی ئەمریکا لە سووریاش ڕوون نییە، لە هەمووی خراپتر ئەمریکا بەردەوامە لە هاوکاری سعوودیە لە جەنگی یەمەن و زۆر شتی دیکەی لەم جۆرە.

لەمێژە زێدەڕۆیی لە گرینگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە. لە کاتێکدا واشنتۆن خۆی بەوە هەڵدەکێشا کە دەستی بە وزەیەکی فرەوانی خۆبژێو گەیشتووە، بە شێوەیەکی گشتی دەستی لە بازاڕ وەردەدا و گەمارۆی لەسەر بەرهەمهێنەرانی نەوت دادەنا. دەستبەکاربوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕووی سەربازییەوە ناوچەکەی نائارام کردووە و بازاڕی نەوتیشی ناجێگیر کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، کە بازاڕی ئابووری جیهان هەردەم هاوئاهەنگ بوو. کوودەتا لۆکاڵییەکان گرینگی کەمتریان هەبوو، چونکە هەر کەسێک کە وڵاتێکی دەوڵەمەند بە وزەی کۆنتڕۆڵ دەکرد، بە شێوەیەکی گشتی پێوەندی بە بەردەوامی فرۆشتنی نەوتەوە هەبوو.

جەنگی سارد خزمەتێکی بێوەێنەی بەم باوەڕەی کارتەر کرد. پێیان وا بوو، کە ڕەنگە یەکێتیی سۆڤیەت ناوچەکە داگیر بکات، ڕێگە لە نەوتی ڕۆژئاوا بگرێت و ئابووری و سوپای ڕۆژئاوا پەک بخات. هەرچەندە ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام هێرشی مۆسکۆ بۆ ئەفغانستان بوو بە هۆی ئەوەی واشنتۆن ترسی لێ بنیشێت. هەڵبەتە، کابووسی بەدگومانی کارتەر ئێستە لە تەنەکەی خۆڵی مێژوودایە.

هێشتا ئەم نیگەرانییە بوونی هەیە کە لایەنێکی دیکە فرۆشتنی نەوت ڕاگرێت، لە هەموویان ئاشکراتر داخستنی گەرووەکانە. لەگەڵ ئەمەشدا، پاراستنی تەنگەکان لە ناوچەکەدا بۆ هەر لایەنێک سەخت دەبێت، زۆربەی ئەو وڵاتانە بەرهەمهێنەرانی نەوتن کە دەیانەوێت هاتوچۆ بۆ کەشتییەکانیان هەبێت. نەتەوە و گرووپە سەرکێشەکانی ئەمڕۆ - ئێران، حووسییەکانی یەمەن و سووریا - ئەو نەوتەی کە دەیانەوێت بیفرۆشن لەبەر دەستیاندایە یان لە هەوڵی بەدەستخستنین. تەنانەت دەوڵەتی ئیسلامی لە کاتێکدا خەریکی دروستکردنی خەلافەت بوو، نەوتی دزراوی دەفرۆشت. تەنیا تاران هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر داخستنی کەنداو بە ڕووی کەشتییەکاندا، بەڵام بەم شێوەیە ویلایەتە یەکگرتووەکان خۆی بە تاوانبار دەزانێت، چونکە ئەم جۆرە کارە بە ئەگەری زۆر هێرشی ئەمریکای بۆ سەر ئێرانی لێ دەکەوێتەوە. ڕاستییەکەی، سیاسەتە نادروستەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە گەورەترین هەڕەشە لەسەر بازاڕەکانی نەوت دادەنرێت.

لەگەڵ ئەمەشدا، گرینگی سووتەمەنی کەنداو بە بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو زۆر کەمی کردووە. سەرچاوەی دیکە پەیدا بوونە. بە هۆی دەرهێنانی گازەوە ئەمریکا بوو بە کەورەترین هەناردەکەری وزە. لە ئایندەدا داخوازی لەسەر ئەم جۆر سووتەمەنیانە بە هۆی گاریگەری لەسەر کەش‌وهه‌وا کەم دەبێتەوە. هەر وڵاتێکی بەرهەمهێن کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەبێت، بەڵام توانای وێرانکردنی ئابووری نێودەوڵاتی نییە، ئابووری نێودەوڵەتی تەنانەت گەمارۆ و جەنگە هەڵەکانی واشنتۆنیش نەیتوانیوە زیانی پێ بگەیەنێت.

وڵاتەکانی دی، زیاتر لە ئەمریکا بە نەوتی کەنداو وابەستەن، هێشتا نیگەرانی نەوتی نیازمەندی خۆیانن. ئەورووپا، هیندستان و چین هەموویان خوازیاری تابینکردنی سووتەمەنی خۆیانن. ئەگەر بەم شێوەیەیە، ڕێگەیان بدە پارێزگاری لە بەرژەوەندی خۆیان بکەن. ئەوان دەتوانن پێکەوە ڕێگە لە دزە دەریاییەکان بگرن کە کێشە بۆ کەشتییە نەوتییەکان دروست دەکەن.

هۆکارێکی دیکە کە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا باسی لێوە دەکرێت، ئیسرائیلە. سەرەڕای ئەمەش، سیاسەتی بەرگری واشنتۆن دەبێت بۆ پارێزگاری لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت، نە وڵاتانی دیکە. ئەگەرچی بەشێک لە ئەمریکایییەکان هاوسۆزییان بۆ ئیسرائیل هەیە، بەڵام بەرگری ئەمریکا پێوەندی بە باردۆخی ئیسرائیلەوە نییە. لە واقیعدا، سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەرابەر ئیسرائیل بە شێوەیەکی تەواو پێوەندی بە سیاسەتی ناوخۆوە هەیە، نەک هەڤبەندییە نێودەوڵەتییەکان.

ئیسرائیل زلهێزێکی هەرێمییە کە خاوەن چەکی ئەتۆمی و باشترین سوپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئیسرائیل نە پێویستی بە کۆمەکی دارایییە و نە بە تابینکردنی ئەمنییەتی واشنتۆن. دەتوانێت لە بەرابەر هەڕەشە دەرکییەکان بەرگری لە خۆی بکات. گەورەترین کێشە هەنووکەیییەکانی ئەو ناوخۆیییە: پارێزگاری لە دیموکراسێکەی و لە هەمان کاتدا ڕێگرتن لە دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، دەبێت ئیسرائیل ئاگای لەم دوو خاڵە بێت.

عەرەبستانی سعوودیە نموونەیەکی باشە، سەرەڕای نیشاندانی هاوپەیمانی بە شێوەیەکی ڕووکەش کە چۆن زیانی بە بەرژەوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکان گەیاندووە. لەژێر فەرمانڕەوایی محەممەد بن سەلمان، شای عەرەبستانی سعوودیە بە شێوەیەکی چالاک بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لاواز کردووە. سەرەڕای کارە ناڕەواکانی سعوودیە لە ناوچەکە وەکوو: دەستتێوەردان لە یەمەن، فڕاندنی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، پشتیوانکردن لە گرووپە چەکدارەکان لە سووریا و پەرەدان بە ستەمکاری. تەنیا کاری باشی ئەمریکا ئەوە بوو کە وەڵامی بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعوودیە نەبوو. ئەم خۆپارێزییەی ئەمریکا وای کرد کە ڕیاز لەگەڵ تاران دەست بە گفتوگۆ بکات.

هەندێ نیگەرانی دیکە لە چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، لە هەموویان گرینگتر تیرۆر و پشێوییە، ئەمانە هۆکاری دەستتێوەردانە دەرەکییەکان بووە. ئەگەر خەریکی تێکدانی لانە زەردەواڵە بیت، ڕۆژێک دێت پێتەوە دەدات.

سەرەڕای ئەمە، هێرشی سەر عێراق ناجێگیرترین ڕووداوی لانیکەم چوار دەیەی ڕابردوو بوو. دەستتێوەردانی ئەمریکا لە لیبیا، یەمەن و ئەفغانستانیش کاریگەری زۆری لەسەر هاتنەئاراوەی پشێوی لە ناوچەکەدا هەبووە. ڕاستییەکەی، لەسەر بنەمای هەر پێوەرێک، ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکەم هێزە کە دەستێکی باڵای لە ناجێگیرکردنی ناوچەکەدا هەیە.

بێگومان، هاتنەدەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسە و باسی زۆر لەبارەوە دەکرێت. یوجین گۆڵز، بابەتێکی تازەی بۆ ئینستتیوتی کوینسی نووسیوە و باس لە داماڵینی چەک دەکات: کاری زۆری ناوێت، چونکە ئەمریکا دەتوانێت هەموو هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکشێنێتەوە. ئەگەر پاشەکشێی تەواو بێ کاردانەوە و کێشە نابێت، گۆڵز نیشانی دەدا کە چۆن هێشتا باشترین سیاسەت و ڕێگە بۆ ئەمریکا دەبێت.

گریمانەکەی سادەیە: بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە زۆربەی کاتدا بە شێوەیەکی فرەوان پێناسە دەکرێت، کە زیاد لە قەبارەی پێویستی خۆی گەورە کراوە و یارمەتی دەستتێوەردانە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات. لە کاتێکدا بەڵگەهێنانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەرگری لە ئیسرائیل، ڕێگەگرتن لە چەکی ئەتۆمی و پشتیوانی لە مافی مرۆڤ، بەڵام هیچ یەک لەمانە شایانی ئەو هەموو هێزە بەربڵاوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نییە. لە هەندێ بارودۆخدا، بوونی هێزی سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەم نیگەرانییانە لاواز دەکات.

بێگومان پێشنیازەکانی گۆڵز هاتوهاواری زۆری لە واشنتۆن لێ کەوتەوە. چی ڕوو دەدا ئەگەر ڕووسیا و چین بە دوای ڕۆڵی گەورەترەوە بن؟ ئەوان ڕەنگە بیانەوێت، بەڵام بە چ مەبەستێک؟ وا دیارە مۆسکۆ وانەی لە شکستی خۆی لە ئەفغانستان وەرگرتووە و دەستتێوەردانە دەرکییەکانی خۆی سنووردار کردووە. بۆ نموونە، پێوەندی مۆسکۆ لەگەڵ سووریا بۆ چەند دەیەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.

پەکین لە پلەی یەکەمدا سوودە بازرگانییەکانی لەبەرچاوە. شی جینپینگ، لەگەڵ کێشە ناوخۆیییەکاندا، هیچ ئارەزوویەکی بۆ بەشداری لە جیهانی ئیمپریالیستی بێئەنجام بە شێوازی ئەمریکایی کە خەرجی زۆری هەیە و هیچ سوودی نییە، نیشان نەداوە. باوەڕتان بە چین هەبێت: ئەوان زۆر لە ڕێبەرەکانی ئەمریکا، کۆماریخواز و دیموکراتەکان ڕێکوپێکترن و بەڕاستی ئاگاداری ئەوەن کە چی لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیانەدایە.

بەهەرحاڵ، واشنتۆن پێویستی هەژموونی ناوچەکە بە یەک یاری دۆڕاو دادەنێت. لەوانەیە؛ پەکین و مۆسکۆ لەمە باشتر نەبن. گۆڵز بە بیرمان دەهێنێتەوە: "هیچ یەکێک لەوانە توانایی سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر سەرچاوەیەکدا نییە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تا ئەم ڕادەیە سەخت و پڕخەرجی کردووە."

یوجین گۆڵز، پێی وایە کە ڕەنگە چوار وڵات لە ناوچەکە - ئێران، عێراق، سعوودیە و تورکیا - بە دوای دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە بن، بەڵام بێگومان ئەمەیان بۆ ناکرێت. ئێستە ئەم وڵاتانە بە ڕێگەی ئاڵۆز هاوسەنگی خۆیان ڕادەگرن. هەوڵدان بۆ فەرمانڕەوایی ئەوانی دیکە، جەنگی زیاد لە پێویستی لێ دەکەوێتەوە. گۆڵز دەڵێت: "هیچ یەکێک لەو چوار کێبەرکێ بەهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین توانای تەواویان نییە و هیچ یەکێکیان هێزێکی وایان بۆ دەستگەیشتنی خێرایان بەم لێهاتوویییە نییە کە ئەم لەچاو دوژمنەکانی بکات بەهێزێکی باڵاتر."

هەروەها هیچهاوپەیمانییەکی ئاشکرا بۆ بەرهەمهێنانی دەستبەسەرداگرتن بوونی نییە. عێراق و ئێران، دوو وڵاتی زۆرینەی شیعەن، پێوەندی فرەوانیان هەیە، بەڵام زۆر جیاوازن. بەغدا لەناوخۆدا کراوەترە و زیاتر ئارەزووی بەلای ڕۆژئاوادا هەیە. زیادبوونی هەستی نیشتمانپەروەری لە عێراق داواکاری بۆ لادانی سیاسەتی گرووپی و سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە. ئەگەرچی هەر دوو وڵات پێوەندی بەربڵاویان هەیە، بەڵام هەر دوو دەوڵەت هاوبەشی کەمیان هەیە.

عەرەبستانی سعوودیە و تورکیا هەر دوو وڵات سوننی مەزهەبن، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا نەیاری یەک بوون. ڕاستییەکەی، ئەنقەرە لە ناوەڕاستی ٢٠١٧ هێزەکانی خۆی لە قەتەر جێگیر کرد، تاکوو ڕێگە لە هەڕەشەکانی سعوودیە بۆ هێرشکردنە سەر قەتەر بگرێت. ناسەقامگیری دۆستایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە داڕووخانی ئەم دواییەی پێوەندی نێوان ئیمارات و سعوودیەدا بەڕوونی دەبنیرێت، کە زەمانێک بە هۆی پێوەندی کەسی وەلیعەهد بەدەست هاتبوو. لەگەڵ ئەمەشدا، کاتێک کە ئیمارات پێچەوانەی سیاسەتەکانی ڕیاز جووڵایەوە و بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە بوو، پێوەندییەکە نەما.

ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕاستی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوێت، دەبێت دەست لە گرفتاربوون لە دەرگیرییە تاڵەکان، بەڵام لە کۆتاییدا بێواتا هەڵگرێت. کێشەکان بۆ دەیەکانی ڕابردوو دەگەڕێنەوە. لە ساڵی ١٩٨٣، سەرۆک ڕۆناڵد ڕێگن، گەورەترین هەڵەی خۆی کرد و هێزی ناردە جەنگی ناوخۆیی لوبنان و بوو بە میوانی کۆمەڵێ لایەنی دژبەیەک.

دەوڵەتەکانی بۆشی یەکەم، کلینتۆن و بۆشی دووەم دژی عێراق شەڕیان کرد و ئێرانیان بەهێز کرد. ئەمە بووە هۆی هەڕەشە و گەمارۆی تاران و بە دوای ئەوەشدا گەڕانەوەی ئۆباما بۆ گفتوگۆکردن. سەرەڕای ئەمەش، لە دوای ئەمە دەوڵەتی ئۆباما و ترامپ، گوێڕایەڵییەکی زۆری ڕیاز بوون و پشتیوانییان لە جەنگی مەرگباری ئەوان دژی یەمەن کرد، تاکوو قەرەبووی ئەو هەستە بریندارەی کە بەر خانەوادەی شا لەبەر هەڵسوکەوتی ئەمریکا لەگەڵ ئێران کەوتبوو، بکاتەوە. تەنانەت دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆمار و مایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوە کاتێک ڕەخنەیان لە محەممەد بن سەلمان لەسەر کوشتنی بێڕەحمانەی جەمال خاشوقچی دەگرت، بەردەوام باسیان لە سوودەکانی ڕژێمی سعوودیە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکرد، گەورەکردنێکی بێشەرمانەیان نیشانی سعوودییەکان دا.

ڕەفتاری دەوڵەتی ترامپ کە بانگەشەی "یەکەم ئەمریکا"ی دەکرد، ئەوەندە بێشەرمانە بوو کە ڕەخنەگران پێیان وا بوو کە ڕەنگە پێوەندی بە گەندەڵی شەخسییەوە هەبێت. وا دیارە سعوودییەکان هەرچییەکیان ویست، لەوانە؛ هێزی سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدەستیان هێنا. لەگەڵ ئەمەشدا، هیچ شتێک لە سەردەمی جۆ بایدن نەگۆڕاوە. حکوومەتەکەی بایدن بەڵێنی داوە وەکوو بەدفەڕێک هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕژێمی سعوودیەدا بکات، ڕێگەی خۆی گۆڕی و وا دیارە گەڕاوەتەوە سەر شێوازە گشتییەکە بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ بنەماڵەی شا سعوودییەکە. لەگەڵ گفتوگۆکاندا بۆ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت بەرگری لە بنکەیەکی ناپێویست لە عێراق بکات، کە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران مووشەکباران دەکرێت. واشنتۆن ناتوانێت براوەی ئەم یارییە تایفییە بێت.

ئەزموونی ئەمریکا خزمەتی بۆچوونەکەی گۆڵز کە باس لە هەڵە ستراتیجییە هەنووکەیییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات، کردووە. وەکوو چۆن ڕوونی دەکاتەوە: چەندان دەیە ئامادەیی سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە یارمەتی بە هاوسەنگنەبوونی دەسەڵاتی دروستکراو کردووە. وڵاتانی کە هاوبەشییان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە وا هەست دەکەن دەتوانن پشت بە دەستەبەری توانای هێزی سەربازی ئەمریکا ببەستن، لە کاتێکدا ئەوانەی کە بە دژ دادەنرێن دەبێت ترسیان لە هێرش و گۆڕانی ڕژێم هەبێت. ڕۆڵی ئەمریکا کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتی هەردوولا دادەنێت: هاوبەشەکانی ئەمریکا پارێزراوانە ڕەفتار دەکەن، لە کاتێکدا کە دوژمنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دوای ڕێگەیەکەوەن بۆ بەرگری لەخۆکردن، لەوانە پڕچەککردنی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان و هێزە بەوەکالەتەکان. بوونی بەربڵاوی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان لەجیاتی خزمەت بە سەقامگیری، خزمەتی ناسەقامگیری دەکات و بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لاواز دەکات، کە بە جۆرێک دەتوانێت ئەمریکا دەرگیری کێشە لاوەکییەکان بکات.

دیارە کە کشانەوەکە بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێت، گۆڵز پێشنیازی ئەوە دەکات، ئەو وڵاتانەی کە هێزی ئەمریکای لێیە ئاگادار بکرێنەوە خۆیان بۆ دوای دەرچوونی ئەمریکا ئامادە بکەن، بەڵام نابێت کشانەوە بەند بکرێت بە سەقامگیرییەکەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەگمەن هەیبووە، بە تایبەت کە ئەو کاتە دەوڵەتە هاوپەیمانەکان هاندەرێکیان دەبێت بۆ وروژاندنی ململانێ بۆ ئەوەی واشنتۆن بمێنێتەوە. لە کاتێکدا کە توانای دەریایی بۆ مامەڵەکردنی سەربازی دەپارێزێت، ئەگەر بەڕاستی پێویست بوو، دەبێت ئەمریکا هانی لایەنەکانی ناوچەکە بدات، تاکوو گەشە بە سیستەمی ئەمنییەتی خۆیان بدەن. کە لە ئێستەدا دژی یەکتر کار دەکەن.

هەڵبەتە ئەمە کارێکی ئاسان نابێت. پێوەندییەکانی ئێران و سعوودیە و هەوڵی دەوڵەتەکانی کەنداو بۆ سووریا، بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئەگەر واشنتۆن لەسەر ڕێگەکە لاچێت، چ ڕوو دەدات. سەقامگیری و ئاشتی بەبێ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا. گۆڵز دەڵێت: "ئامادەیی بەرپێگر نییە و پێشگیری تەنیا ڕێگەی پارێزگاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە. ئەگەر بایدن بتوانێت کۆتایی بە بەشداری ٢٠ ساڵەی ئەمریکا لە جەنگێکی ناپێویست بهێنێت، بۆچی ناتوانێت کۆتایی بە داگیرکاری ٤٠ ساڵەی ئەمریکا لە ناوچەیەک کە گرینگییەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە کەمبوونەوەیە، بهێنێت؟"

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە دۆگ باندۆ نووسیویەتی و بە ناونیشانی (A Blueprint For Getting Out Of The Middle East)، ٨ی جوولای ٢٠٢١، لە سایتی ئەمریکان کۆنسەرڤاتیڤ بڵاو کراوەتەوە.

•• دۆگ باندۆ (Doug Bandow)، ئەندامی باڵای ئینستیتیوتی کاتۆیە، شارەزای سیاسەتی دەرەوە و ئازادییە مەندەنییەکانە. یاریدەدەری تایبەتی ڕۆناڵد ڕێگن، سەرۆک کۆمار بووە. نووسینەکانی لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە بەناوبانگەکانی وەکوو؛ گۆڤاری فۆرچن، ناشناڵ ئینترێست، واڵ ستریت جۆرناڵ و واشنتۆن تایمز بڵاو کراوەتەوە. خاوەنی کۆمەڵێ کتێبە یەکێک لە کتێبە گرینگەکانی؛ گەوجییەکانی دەرەوە: ئەمریکا ئیمپراتوری جیهانی نوێیە، ساڵی ٢٠٠٦ بڵاو کراوەتەوە.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Doug Bandow, ‘A Blueprint For Getting Out Of The Middle East’, The American Conservative, 8 July 2021