ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مۆدێلی چینی

جیهان 26/07/2023

جۆن ئاڵتەرمان
وەرگێڕان: سۆران جەلیل

لەگەڵ گەشەکردنی ئابووریی چین و پێویستی زیاتر بۆ سووتەمەنی، چین جگە لە دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ چارەیەکی دیکەی نییە. ستراتیجی چین، دروستکردنی پێوەندییە لەگەڵ وڵاتانی جیاواز، نەک لەگەڵ هەموو ناوچەکە. چین بە دوای شتی جیاوازەدا دەگەڕێت لە هەر یەک لە وڵاتە هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچەکە، هەروەها بە پارێزگاری لە پێوەندی دوولایەنە، بەرژەوەندی ناوچەیی خۆی بەدەست دەهێنێت. بە شێوەیەکی گشتی، ئەوان بەرنامەی ویلایەتە یەگکرتووەکان بۆ ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری دەکەنەوە.

چین پێنج هاوبەشی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. یەکەمیان عەرەبستانی سعوودیە. سعوودیە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی چینە لە ڕۆژئاوای ئاسیا و چینیش گەورەترین هاوبەشی بازرگانی سعوودیە لە سەرانسەری جیهاندا. کۆمپانیاکانی بیناسازی چینی ڕۆڵێکی باشیان لە گەشەپێدانی ژێرخانی سعوودیە بینیوە. لە هەمان کاتدا، سعوودیە بەتایبەتی ویستی زۆری بۆ دروستکردنی پاڵاوگە و دامەزراندنی بەرهەم‌هێنانی پترۆکیمیایی لە چین هەبووە کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ سوودوەرگرتن لە نەوتی سعوودیە دروست کراوە. وا دیارە سعوودیە چینی بە جێگرەوەی ڕۆژئاوا داناوە کە ئێستە کەمتر نەوتی لێ دەکڕن، هەروەها چین بە پێچەوانەی ڕۆژئاوا حەقی بە ستەمکاری و مافی مرۆڤەوە نییە.

پێوەندییەکانی چین لەگەڵ نیمچەدوورگەی عەرەبی زیاترە لە پێوەندی چین لەگەڵ سعوودیە. چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییە و بەندەری دوبەی ناوەندێکی گرینگ و جیهانییە بۆ گواستنەوەی کاڵای چینی. زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی چینی لە ئیمارات دەژین، بووە بە ناوەندێکی گرینگ بۆ بازرگانانی چینی کە بە دوای پەیداکردنی بازاڕن بۆ کاڵاکانیان لە دەرەوەی چین. ئیمارات ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێگەی ئاوریشم هەیە کە لەسەر پێوەندی بازرگانی بەهێزە.

لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانی چین لە گواستنەوەی شمەک لە ڕێگەی کەناڵی سوێسەوە، چین ملیاران دۆلار سەرمایەی لە میسر وەگەڕ خستووە. کۆمپانیا چینییەکان یارمەتی میسر لە دروستکردنی پایتەختێکی نۆێی کارگێڕی لە بیابانەکانی درەوەی قاهیرە دەدەن و هەروەها خەریکن پەرە بە بەندەرێکی دەریای سوور و ناوچەیەکی پیشەسازی لە عەین سوخنە دەدەن. عەبدولفەتتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر، لە دوای دەستبەکاربوونی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، شەش جار سەردانی پەکینی کردووە، کەچی تەنیا دوو جار گەشتی بۆ واشنتۆن کردووە.

چوارەمین وڵات ئیسرائیلە. دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی هێنا بە هاوکاری ئیسرائیل لەگەڵ پەکین لە بواری تەکنەلۆجیای سەربازی کە بنچینەکەی ئەمریکایی بوو، ئیسرائیل بایەخی ستراتیجی خۆی بۆ چین لە ڕێگەی پێوەندی بازرگانی لە بواری تەکنەلۆجی پێشکەوتوو و هاوکاری دەوڵەت بۆ دەوڵەت لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دروست کرد. جێی سەرنجە کە چۆن ئەم پێوەندییانە بەخێرایی گەشەیان کردووە. بە گوتەی ڕۆیتەرز، وەبەرهێنانی چینی لە ئیسرائیل لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ دە بەرابەر زیادی کردووە و کۆی گشتی زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلار بووە. کۆمپانیا چینییەکان خەریکی بونیادنانی ژێرخانی ئیسرائیلن و تونێل بۆ هێڵی ئاسنی دروست دەکەن، خەریکی بونیادنانی بەندەر لە ئەشدود و حەیفان و ڕێککەوتنیان لەسەر بەڕێوەبردنی بەندەرەکان بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ کردووە.

پێنجەم وڵات بۆ چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێرانە. ئێران ئامانجی جۆراوجۆر بۆ چین بەدی دەهێنێت: ئەم وڵاتە بەرهەمهێنەری وزەیە و لە ناوچەی هاوپەیمانانی ئەمریکا دوژمنی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، هێزێکی زەمینییە لە بەرانبەر ئاسیا کە هاوکاری چین دەکات ڕێڕەوی بازرگانی دروست بکات کە هێزی دەریایی ئەمریکا ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەریدا هەبێت. بە تێڕوانینی چین ئێران جیایە لە وڵاتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێوەندی لەگەڵ ئێران یارمەتی چین دەدات تا لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گوشار خستنەسەری دوورەپەرێز بێت. لە ڕووی ئابوورییەوە، ئێران لە ناوچەکەدا دەرفەتی بە بایەخ بۆ چین دەڕەخسێنێت، کە بۆ گوشارە بازرگانییەکان لە سیاسەتی دەرەوەی چین جێی سەرنجە.

بەڵام ڕەنگە لە هەمووی گرینگتر ئەوە بێت، ئێران خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی چین دەکات. بوونی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن دەکێشێتەوە و سەروەت و سامانەکانی بە ڕۆژئاوای زەریای هیندی دەبەستێتەوە. بەتایبەتی لە ئیدارەی ترەمپدا، ململانێی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، ئەمریکا لە هاوپەیمانەکانی جیا دەکاتەوە و یارمەتی دروستکردنی سیستەمێکی نێودەوڵەتی ڕێکخراوتر دەدات کە دوولایەنەتر بێت، چین لە هەموو وڵاتێک باڵاتر بێت جگە لە وڵاتێک و تێیدا پلەی زاڵی ئەمریکا بەسەر نەیارەکانیدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

کەواتە ستراتیجی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا ستراتیجی ناوچەیی نییە، بەڵکوو کۆمەڵی کاری وەبەرهێنانە. ئاواتە نەتەوەیییەکانی چین لە هەر وڵاتێکدا بە شێوەیەکی سنووردار لەسەر پێوەندییە ئابوورییەکان چڕ بوونەتەوە و کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەت لە نزیکەوە پەیڕەوی لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەت دەکەن. ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی لە هەر وڵاتێکدا بە ڕواڵەت پلانی گشتکیری هەیە، بەڵام سەرچاوەیەکی کەمی هەیە، بازرگانانیش بە دوای قازانجدا دەگەڕێن، لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت بەدەست بهێنرێت.

گەورەترین جیاوازی نێوان ئەم دوو تێڕوانینە بەڵێندانەکانیانە. چین بەڵێنی گەشەسەندنی ئابووری فرەوان بەبێ گۆڕانکاری و هەڵچوونی کۆمەڵایەتی دەدات. ئەمریکا بەڵێنی چاکسازی گشتی لە کۆمەڵگە دەدات، کە هەم گەشەپێدان و هەم توانای گۆڕانکاری و ئازادبوون لەخۆ دەگرێت.

ڕێبازی ئەمریکا لە کۆریای باشوور، ژاپۆن، تایوان، ئەڵمانیا و شوێنەکانی دیکە ئەنجامەکانی بەدەست هێناوە، بەڵام زۆربەی بنەماکانی لە ژینگەی جەنگی سارد لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا بەدی هات. دۆزینەوەی نموونەی نوێتر ئاسان نییە. دەیان ملیار دۆلار و دەیان هەوڵدان نەیانتوانیوە میسر دەوڵەمەند بکەن، جیهان پڕە لەو نموونانەی کە هەوڵەکانی پەرەپێدانی ئەمریکا نەیتوانیوە ئامانجەکانی بەدی بهێنێت.

ئەرکی بەردەم ئەمریکا ئەوەیە کە وڵاتان لە باڵادەستی ڕێبازە گشتگیرترەکەی بۆ گەشەپێدان ڕازی بکات. ئەوەش تا ڕادەیەک بەشێکی پێوەندی بە نیشاندانی بەرەنجامە ئەرێنییەکانی هەوڵەکانی ئەمریکاوە هەیە و بەشێکیش پێوەستە بە تیشک خستنەسەر کەموکوڕییەکانی ڕێبازی چینەوە.

تەنیا بەشێک لە ڕێبازی چینی کە شایەنی پەیڕەولێکردنە، ئاوێتەکردنی پێداگری و جددییەتییە. چین ئامانجی جددی هەیە و پلانی جددیشی بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە هەیە. زۆرجار وا دیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وابەستەی هێڵێکی بنەڕەتی چالاکییەکانە کە ڕەنگدانەوەی ئەوەی کە کردوویەتی نەک ئەوەی کە پێویستە بیکات. پێداچوونەوە لە کارە لەپێشینەکان، ئامانج و ئامرازە سیاسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر دەمێکە کۆتایییان پێ هاتووە.



-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە جۆن ئاڵتەرمان نووسیویەتی و بە ناونیشانی (China's Middle East Model)، ٢٣ی مای ٢٠١٩، لە سایتی (CSIS) بڵاو کراوەتەوە.

•• جۆن ئاڵتەرمان (Jon B. Alterman)، جێگری سەرۆکی باڵایە و خاوەنی کورسی زبیگنیو برێزینسکییە لە بواری ئاسایش و جیۆستراتیجی جیهانی، هەروەها بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە سەنتەری تووێژینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی (CSIS). وەک ئەندامی ستافی پلاندانانی سیاسەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و وەک یاریدەدەری تایبەتی وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک کاری کردووە. وەک ڕاوێژکاری شارەزا لە گرووپی تووێژینەوەی عێراق (کە بە کۆمیسیۆنی بیکەر - هامیلتۆن ناسراوە) کاری کردووە، وەک پڕۆفیسۆر لە قوتابخانەی جۆنز هۆپکینز بۆ تووێژینەوەی نێودەوڵەتی پێشکەوتوو لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن کار دەکات.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Jon B. Alterman, ‘China's Middle East Model’, CSIS, 23 May 2019