چین و دەستتێوەردانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

جیهان 04/07/2023


دەیڤید گۆڵدمان

چین پەرە بە بەرژەوەندییەکانی لە ئێران‪، ئیسرائیل و ناوچەکانی دیکە دەدات، لە کاتێکدا دەوڵەتی بایدن لەم ناوچانەدا دووچاری کێشە بووەتەوە.

دەسەڵاتی ئەمریکا لە چەندان ناوچەی گرینگی ئۆراسیا تێکشکاوە و چین توانای ئەوەی هەیە تۆڵە لە ئەمریکا کە خەریکی دروستکردنی هاوپەیمانییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی، بکاتەوە و زیان بە ئەمریکا بگەیەنێت.

میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند دەوڵەتی ئێران ڕۆژی ٢٨ی مارچ چین و ئێران بە شێوەیەکی فەرمی ڕێککەوتننامەی هاوبەشی ستراتیجی گشتگیریان ئیمزا کرد، کە تێیدا ئاماژە بە پێوەندی ئابووری، سیاسی و بازرگانی هەردوولا تا ٢٥ ساڵی ئایندە دراوە.

سەعید خەتیب‌زادە، گوتەبێژی وەزاەتی دەرەوە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتوویەتی: "ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت پێوەندی هەردوولا بە ئاستێکی ستراتیجی نوێ بگەیەنێت." ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ساڵی ٢٠١٦ قسەی لەسەر کرابوو کە هەردوولا لەژێر ئابلۆقەی ئەمریکادا بوون، ئەم ڕێککەوتنە لە داهاتوودا خزمەتێکی زۆر بە ڕێگەی ئاوریشمی چین دەکات.

لە کاتی پێشنیازکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ئۆگەستی ٢٠٢٠، نووسیم: "ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران جووڵەیەکە لەسەر گۆڕەپانی جیهان لە وەڵامی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کێشە دروستکردنە بۆ چین وەکوو وڵاتێکی بەهێزی تەکنەلۆجی."

ماوەیەکی زۆرەقسە لەڕێککەوتننامەی چینو ئێران دەکرێت، بە ڕێکەوت نییە کە وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، هەفتەیەک دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین لە ئینکۆرەیجی ئەلاسکا، چووە تاران بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە ئیمزا بکات.

چین پەیامێکی ڕوونی بە دەوڵەتی بایدن داوە کە بەرنامەی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران پێوەندی بە هاوکاری چینەوە هەیە.

هەر وەکوو ئەوەی لە ٤ی فێبریوەری لە بابەتی (پاکس سینیکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک دێت)[١] نووسیم، چاودێرانی چینی پێشوازییان لە چاوپێکەوتنی ١٣ی جەنیوەری وەزیرانی دەرەوەی پاکستان و تورکیا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی کرد و گوتیان: "ئێران هیچ چارەیەکی نییە جگە لەوەی ڕێگەیەک بۆ چوونەناو هاوپەیمانی تورکیا و پاکستان بدۆزێتەوە."

چاودێران ولێکۆلەرەوانی سەربازیی چینی پێشبینی ڕێککەوتنی تورکیا، ئێران و پاکستانیان لەژێر دەسەڵاتی چین کردووە، ئەم سێ وڵاتە ژمارەی دانیشتوانیان ٣٠٠ ملیۆن دەبێت و زۆرینەی هێزی کار و هونەری جیهانی ئیسلام لەخۆ دەگرن.

ئامانجی گرینگی چین ئەوەیە، هیندستان لە هاوکاری لەگەڵ (QUAD)[٢] دیالۆگی ئەمنی چوارقۆڵی ئەمریکا، ئوسترالیا و ژاپۆن دوور بخاتەوە. ئەگەر ئێران بەلای تورکیا و پاکستان بڕوات، خزمەت بە ستراتیجیی چین دەکات و هیندستان گۆشەگیر دەکرێت. هیندستان هەوڵی داوە پێوەندی خۆی لەگەڵ ئێرانی شیعە بۆ هاوسەنگی خۆی بەرانبەر بە پاکستانی سوننە بەهێز بکات.

چین هاوردەی نەوتی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، کەشتییەکانیش بە ناوی هاوردەی مالیزی یان بێناونیشان نەوتەکە دەگوازنەوە. ساڵی ڕابردوو هاوردەی چین لە ئێران بە سفر گەیشتووە، بۆیە پەکین لە چەند مانگی ڕابردوودا بڕیاری داوە پێوەندی خۆی لەگەڵ ئێران فرەوان بکات.

لە هەمان کاتدا، تورکیا لەگەڵ هاتنەخوارەوەی بەهای پارەکەی و کەمبوونەوەی پارەی بیانی ئەم وڵاتە، زیاتر مەیلی بەلای چیندا هەیە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەم وڵاتەی لە پۆستەکەی لابرد و لە ئەنجامدا لیرەی تورکی لە سەددا دەی نرخی خۆی لەدەست دا.

لە ٢٦ی مارچ، بانکی چینی قەرزی ٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری بە تورکیا بۆ پڕۆژەی لە کارکەوتووی پردێک لە ئیستەنبووڵ داوە، ئەمە گەورەترین هاوکاری سەرمایەی چینە بۆ تورکیا.

تورکیا داواکاری زۆری لە ئەمریکا هەیە لەوانە؛ دەیەوێت ئەمریکا لە کڕینی (S‪-400) ناڕازی نەبێت و چاوپۆشی لە مامەڵەی هاڵک بانک لەگەڵ ئێراندا بکات.

چین پێشنیازی کۆنفڕانسێکی لە پەکین بۆ نوێنەری ئیسرائیل و فەلەستین کردووە، پێشتر چین گرینگی کەمتری بەم بوارە دەدا و پێشنیازکردنی ئەم کۆنفڕانسە نیشاندەری جددیبوونی چینە لەم بابەتەدا.

ڕەنگە ئامادەیی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیان بە تیمی بایدن بگەیەنێت. بایدن، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیای بە "بکوژی بێگیان" تۆمەتبار کرد، ئەمە ترسناکترین تۆمەتە کە لە لایەن سەرۆکێکەوە دەدرێتە پاڵ سەرۆکێکی دیکە. چین و ڕووسیا خەریکی هاوئاهەنگی سیاسی دژی ئەمریکان.

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، دەڵێت:"ئێمە باوەڕمان بە هێرشکردن یان سوودوەرگرتن لە چەک بۆ لەناوبردنی ڕژێمێک یان کوشتاری خەڵکی وڵاتێک نییە، چونکە هەموو ئەمانە تەنیا دەبنە هۆکاری پشێوی و ناجێگیری لە جیهاندا. لە کۆتاییشدا، هەموو ئەمانە بەباشی خزمەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکان ناکەن."

چینش دەتوانێت توندوتیژانە یاری بکات.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە دەیڤید گۆڵدمان نووسیویەتی و بە ناونیشانی (China shows it too can play rough in the Middle East)، ٢٧ی مارچی ٢٠٢١، لە سایتی ئاسیا تایمز بڵاو کراوەتەوە.

•• دەیڤید گۆڵدمان (David P. Goldman)، لەساڵی ٢٠٠١ەوە گۆشەی سپینگلری لەسایتی ئاسیا تایمز دەنووسێت. یەکێکە لە بەڕێوەبەرانی هۆڵدینگ ئاسیا تایمز وسەرۆکی کۆمپانیای (Macrostrategy LLC)ە کەکۆمپانیایەکی ڕاوێژکارییە و خزمەت بەسەرمایەداران دەکات. هەروەها سەرپەرشتیاری گرووپی تووێژینەوە لە (Bank of America) دەکات.

[١] پاکس سینیکا (Pax Sinica): ئاشتیی چینی؛ دەستەواژەیەکی مێژوویییە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، باکوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست، بە ڕابەرایەتی چین. دەگەڕێتەوە بۆ پێش دوو هەزار ساڵ. یەکەم پاکس سینیکای جیهانی ڕۆژهەڵات لە سەردەمی حکوومەتەکانی هان دەرکەوت، هاوکات لەگەڵ پاکس ڕۆمانای جیهانی ڕۆژئاوا کە بە ڕێبەرایەتی ئیمپراتۆری ڕۆم بوو. هەردووکیان لەدەوروبەری ساڵی٢٠٠ی زایینی لەناو چوون. زیندووکردنەوەی ئەم دەستەواژەیە لەم ساڵانەی دوایی بەتایبەتی دوای ساڵی ٢٠١٠ ڕووی دا. بەشێک لە چاودێران دەرکەوتنی خێرای چین گەڕانەوە بۆ پاکس سینیکا دادەنێن، چونکە ئابووریی چین بەهێزترین ئابووریی نەتەوەیییە. پێشبینی ئەوە دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٨، بە پێش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەوێت و بە یەکەم هێزی ئابووری جیهان دابنرێت.

[٢]دیالۆگی ئەمنی چوارقۆڵی (Quadrilateral Security Dialogue - QUAD): گفتوگۆیەکی ستراتیجییە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا، ژاپۆن و هیندستان. لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن شینزۆ ئابێ، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، بە پاڵپشتی دیک چینی، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا، جان هەوارد، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا و مانمو هان سینگ، سەرۆک وەزیرانی هیندستان دەستی پێ کرد. ئەم هاوپەیمانییە بە مەشقی سەربازی هاوبەش و دامەزراوەیی دیپلۆماسی بۆ ڕێگری لە توانای ئابووری و سەربازیی چین پێک‌هێنرا. جارێکی تر لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، ئەم چوار لایەنە کۆ بوونەوە، کێشەکانی نێوان ئەم چوار وڵات و چین لە دەریای چین، بووەتە هۆی هاتنەکایەوەی جەنگی ساردی نوێ لە ناوچەکەدا. چین دژی ئەم هاوپەیمانییە وەستاوەتەوە و دەڵێت؛ کێشەی زۆری لە نێوان وڵاتانی ئاسیا دروست کردووە.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

David P. Goldman, ‘China shows it too can play rough in the Middle East’, Asia Times, 27 March 2021