مینا دریس ئەو هونەرمەندە ئێرانیەی بە عەرەبی گۆرانی دەڵێت، ئێرانی جێهێشت

رۆشنبیری 26/04/2023

مینا دریس، ژنە گۆرانیبێژی ئێرانی کە بە زمانی عەرەبی گۆرانی دەڵێت، دوای راپەڕینی (ژن-ژیان-ئازادی)  ئێران بەجێدەهێڵێت و ئێستا لە ئەمریکا دەژی.
مینا دریس، دوای راپەڕینەکانی (ژن-ژیان- ئازادی) دەچێتە ئەمریکا و لەوێ بەشداریی پرۆژەیەک دەکات کە چوار دەیەی  زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران دەخاتەڕوو. هەرلەوێ لە زانکۆی بۆستن بۆ یەکەمینجار لەگەڵ (witness  Mattlu)  و پیام یوسف چوە سەر تەخەتی شانۆ و گۆرانی پێشکەش کرد. لە ئێستاشدا لەگەڵ ئیحسان مەتوری و مەلیحە مورادی پرۆژەیەکیان دەستپێکردوە بە ناوی (Voices Unveiled ) کە چیرۆکی ئاڵۆزی ژیانی دوو ژن دەگێڕێتەوەو تا ئێستاش لە شارەکانی پەنسلیڤانیا و سان دیگۆ و نیویۆرک پێشکەش کراوە.
مینا دریس پێش ئەوەی ئێران بەجێبهێڵێت،  ساڵی پار بەشداری بیست و پێنجەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژی کردوە لە شاری سلێمانی، ناوبراو لەوبارەیەوە بە سایتی چاودێر-ی راگەیاند: لەکاتی بەشداریکردنم لە فێستیڤاڵی بابل لە عێراق، خاتوو د. ئیبتیسام سەرۆکی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژم ناسی، ئەوەی جێگای سەرنجە چەند ماگێک دواتر لەڕێگەی بەڕێز فەرید ئیلهامی و لەگەڵ گروپی (ئاوای شرق) چوین بۆ شاری سلێمانی و لەوێ بەشداری بیستوپێنجەمین فێستڤاڵی گەلاوێژمان کرد، لەوێ زانیم کە خاتوو ئیبتیسام سەرۆکی بنکەی گەلاوێژەو کارەکتەری سەرەکی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکەیە.
ناوبراو لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم کارکردنی ژنێکی هونەرمەند لە ئێران، ئاماژە بەوە دەکات: سەخترین شت ئەوەیە لە ئێران جگە لەوەی لەلایەن دەوڵەتەوە رێگری لە ژنان و کچانی هونەرمەند دەکرێت، هاوکات ژنان لە کۆمەڵگەی باشوری ئێراندا لەژێر فشاری نەریتی باوکسالاریەکی توندان، کە هیوادارم نەوەی نوێی ئێران و باشوری وڵات، ئەم نەریتانە بشکێنن و بە ئازادی و سەرفرازی کار بکەن.

مینا دریس، ژنە گۆرانیبێژی عەرەبی ئێرانی، ساڵی 1981 لەدایکبوە. کۆلێژی ئەندازیاریی مادەی تەواوکردوە.  ئەو لە 15 ساڵیەوە کاریگەریی موزیک و ئاوازی عەرەبی لەسەر بوە بە تایبەتی زۆر لەژێر کاریگەری هەردوو گۆرانیبێژی عەرەب ئوم کەلسوم و فەیروزدا بوە.  هاوکات زیاتر پەیوەست بوە بە موزیکی کلاسیکی عەرەبی و زۆر سودی لە گۆرانیبێژانی کلاسیکی عەرەب وەرگرتوە لەوانە محەمەد عەبدولوەهاب، فەرید ئەترەش و نازم غەزال و چەندانی تر.
مینا تەنیا بە موزیک و ئاوازی عەرەبی  نەوەستاوەتەوە کە زمانی دایکیەتی، بەڵکو دوای کۆتاییهاتنی خوێندنی زانکۆ،  دەستی بە فێربون و خوێندنی موزیکی کلاسیکی فارسی کردوەو لە لای ماۆستایانی موزیک خاتوو (هەنگامە اخوان) و مامۆستا فەرهەنگ شەریف وانەی خوێندوە.
ناوبراو، بە هاوڕێیەتی چەند گروپێکی موزیکی، بەشداری لە چەندنین کۆنسێرت و فێستیڤاڵ کردوە لە ئێران و وڵاتانی دیکە لەوانە: قەتەر، تورکیا، هەرێمی کوردستان، عێراق، ئیتاڵیا، ئەڵمانیان و فەرەنسا.