شەوی جۆزەردان هەڵبژاردەیەك لە شیعری فرانسی

رۆشنبیری 10/12/2023




موحسین ئەحمەد عومەر

 وەك ئەنجامی مۆدێرنیتێ، ڕاستەوخۆ هەر لە ساڵانی پێش شۆڕشی فرانسییەوە، كە بە سەردەمی ڕۆشنگەری یان ڕۆشنایی ناسراوە، شیعری فرانسی بە تایبەتی و ئەدەبی فرانسی بە گشتی، لە كۆت و پێوەندی كلاسیكی و ئەریستۆكراسییانە ڕزگاری دەبێ، بە هۆی ئازادیی ئەقڵی و ئازادیی مرۆڤەكان شیعری ئازادیش لەدایك دەبێ، ئەم ئازادییە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شیعری ڕۆمانتیكی كە مرۆڤ بەرەو سروشت و گەردوون و بەرەو خودی خۆی دەگەڕێنێتەوە، وای لێ دەكا بە چەشنێكی دی و بە وێنایەكی شیعری دی لەم جیهانە ئاڵۆز و پڕ لە پەنهانە بڕوانێ، سەرەنجام ئەم هەڵكەوتە بەردەوام دەبێ، دەگەینە ناوەڕاستی نیوەی یەكەمی سەدەی نۆزدەم، كۆمەڵی فرانسی لە دەیان جەنگ و ململانێ و سەركێشییەكانی ناپۆلیۆن ڕزگاری بووە، حكوومەتێكی كەمێك ئاقڵتر وڵات بەڕێوە دەبا، ئەنجام وڵات دەبووژێتەوە.
  زۆری پێ ناچێ، كۆمەڵی فرانسی سەردەمی ڕۆمانتیكی بەجێ دەهێڵێ، لێرەوە بە هۆی وەرچەرخانە كۆمەڵایەتی و سیاسييەكان، سەرەتاكانی كۆمەڵی پیشەسازی و سەرەتای كۆلۆنیزاسیۆن و مۆدێرنیزمی ئەدەبی و هونەری دەردەكەوێ. هەر لەناو ئەم هەڵكەوتەش كۆتایی بە ڕۆمانسیزم دێ، دەچینە ناو سەردەمی ئەدەبی ڕیالیزم و دواتر شیعری پەرناسیزم، كە بە چەشنێك دەتوانین بڵێین كوودەتایەكی ڕیالیستییانە بوو دژ بە ڕۆمانسیزم. ڕوخسارە گرینگەكانی ئەم سەردەمە بریتیین لە دەیان شاعیر و نووسەر، وەك لامارتین، ئەلفرێد دو مووسێ، ڤیكتۆر هوگۆ، ستەندال و بەلزاك و لۆكۆنت دولیل و پاشان فلۆبێر و بۆدلێر، تا دەگەینە ئەزموونی مەزنی ئارتور ڕامبۆ لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم، وەك ڕوخسارێكی مەزنی شیعری سەمبۆلیزم، كۆتایی بە هەموو ئەو ئەزموونە مەزنەی پێش خۆی دەهێنێ، یان بە چەشنێكی دی، وەك لووتكە و دوندێك بۆ ئەو ئەزموونە خۆی دەنوێنێ.
لێرەوە ئێمە لەناو كۆمەڵی نوێین، لەنێو پەیوەندييە كۆمەڵایەتييەكانی سەردەمی مۆدێرنین، زۆر شت گۆڕاوە، ئەزموونێكی ئەدەبی و بە تايبەتی ئەزموونی شیعریی زۆر دەوڵەمەند لە ئارادایە، ڕاستەوخۆ لە كۆتایی سەدەی نۆزدەم تا سەرهەڵدانی سوریالیزم، كۆمەڵی فرانسی لەناو دەوڵەمەندییەكی زۆر ناوازە دەژیێ، كۆلۆنیزاسیۆن و هەڵكشانی زمانی فرانسی لەوپەڕی بەهێزییە، فرانسا وەك وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمڕۆیە، زلهێزێكی سەرمایەداری گەورەیە و نیوەی گۆی زەوی لە بەردەستە، نیوەكەی دیكەش لە بەردەستی ئینگلستانە، ئەو سەردەمە بە "سەردەمی جوان"ی فرانسی ناسراوە، لەم سەردەمەش ڕاستەوخۆ ئەدەبیات و شیعری فرانسی دەكەوێتە ناو نوێبوونەوەیەكی دیكەی سەرسوڕهێنەر، لێرەوە ئێمە ئەزموونی ئەدەبی پروست و ئەناتۆل فرانس و مالارمێ و ئەپۆلینێر و ئەزموونی شیعری دانسقە و هەرە پوختەی پۆل ڤالیری-مان هەیە، كە یەكێ لە تێكستەكانی ئەو لەناو ئەم كۆمەڵە شیعرە دەخوێنينەوە.
پاش جەنگی دووەمی جیهانی، وەرچەرخانێكی دیكە لە ئەدەب و هونەر و شیعری فرانسی ڕوو دەدا، ئەمەش وەك شۆڕشێكی نوێ بوو، نوێ لە هەموو ڕووێكەوە، وەك شێواز و بابەت و ئایدیا، وێنای شیعری و زۆر لایەنی تر، ئەمەش لە دادایزم و سوریالیزم و ئەدەبی پێشەنگ ڕەنگی داوەتەوە، كە كاریگەری خۆیان بە هەموو جیهان بڵاو دەكەنەوە، لە كۆتایی سەدەی بیستەم ئەم كاریگەرییانە لە ئەدەب و شیعری كوردی دەردەكەون.
 لەوساوە ئەم ئەزموونە ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵكشان و نوێبوونەوە و دەوڵەمەندییە، تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە سەدەی بیستەم، وەرچەرخانە‌ هونەری و ئەدەبی و فەلسەفییەكان، بە تایبەتی فەلسەفەی فينۆمينۆلۆژی و وجوودی و تەندانسی بنیاتناسی و پۆست بنیاتناسی و ڕەخنە و تیۆری نوێی ئەدەبی و ئەدەبی ئەبسێرد و كاریگەریی نووسەری مەزن ئەلبێر كامو، هەموو ئەمانە ئەزموونی شیعری فرانسییان زۆر دەوڵەمەند و زۆر جۆربەجۆر كردووە.
لەم كۆمەڵە شیعرە، كە ئێمە بە عەشقەوە وەرمانگێڕاوە، ئەوپەڕی وردەكاریی زمانەوانی، كاری شێوازناسی و ڕوونبێژی و ڕەوانبێژی لێ بەكار هاتووە، فۆرم و ناوەڕۆكی شیعرەكان پارێزگارييان لێ كراوە، تا ڕادەیەكی زۆریش زۆربەی وەرگێڕانەكان هەمان ژمارەی وشەی كوردییان وەك فرانسییەكە هەیە. ئەم كۆمەڵە شیعرە، لە بەراییەكانی هەندێ شیعری ڕۆمانتیكی لامارتین و ئەلفرێد دو مووسێ و ڤیكتۆر هوگۆ-ی تێدایە، لەگەڵ شیعرێكی پارناسی لۆكۆنت دولیل، ئەوانی دی، هەموو شیعری نوێی سەدەی بیستەمە. شيعری فرانسی دەوڵەمەندە بە شێوازی هونەریی جۆربەجۆر و فۆرم و ئايديا و وێنا و چەشەی ناوازەی گەڕان لە جوانی و هەقيقە