"هەرێمی کوردستان ١٢٨ ملیار دۆلاری وەرگرتووە و دیار نییە چی لێ کردووە"

عێراق 10/01/2021

چاودێر

 

هاوپەیمانیی فەتح هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە وەرگرتنی 128 ملیار دۆلار لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بەبێ‌ ئەوەی دیار بێت چیی لێ كردووە.


حامد موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە كردووە: لە نووسراوێكی دەستەی نەزاهە كە ئاڕاستەی حكومەت و پەرلەمانی كردووە وردەكاریی ئەو بڕە پارەیەی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا وەریگرتوە لە ناوەند ئاشكرا كراوە.


دەشڵێت: "لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێم 128 ملیار دۆلاری لە حكومەت وەرگرتووە، بەبێ‌ ئەوەی حساباتی كۆتایی ئەو پارانە دیار بێت. ئەوەش واتای ئەوەیە ئەو پارەیە هیچ شتێكی نەدراوە بە میللەت و هیچ پڕۆژەیەكیشی پێ نەكراوە، بەڵكو چووەتە گیرفانی حزبە گەندەڵە كوردییەكانەوە."