تەڵەکەی حەلبوسی

عێراق 20/11/2023

 

نوسینی: سەردار عەبدوڵڵا

دوور لەو هەڵڵا و جەدەلە یاساییەی بڕیارەکەی دادگای فیدرالی دژ بە محەمەد حەلبووسی ناویەتیەوە، لایەنێکی دیکەی ئەم مەسەلە هەیە کە زۆر گرنگیی هەیە و تاوانباری سەرەکی تێیدا خودی حەلبووسییە بەڵام بەداخەوە کەس باسی لێوە ناکات.
لەبنەڕەتدا ئەو جەدەلەی دەیەوێ نایاساییبوونی بڕیارەکە بەهۆی ئەرگیۆمێنتی یاسایی و دەستوورەییەوە بسەلمێنێت، تێگەیشتنێکی سەقەتە وبێئەوەی بەخۆشی بزانێت شەرعیەتی یاسایی و دەستووریی دەبەخشێتە داگاکە.
سەقەتە چونکە کردار و ڕەفتاری ئەو دادگایە ئەوەی تێپەڕاندوە.
شەرعیەتیش دەبەخشێتە دادگاکە: وەک ئەوە وایە بڵێت ئەمە یەکەم بڕیاری گوماناویی نایاسایی و نادەستووریی دادگاکەیە.
لە دووهەمین خولی پەرلەمانی عیراق، ئێمە ڕامان وابوو کە کورد و سوننە بەهیچ جۆرێک لە بەرژەوەندیماندا نیە عیراق دادگای فیدرالی هەبێت، هەر ئەو کاتەش لەگەڵ فراکسیۆن و سەرکردە کورد و سوننەکاندا بەووردیی ئەوەمان خستەڕوو، کە وا باشە، کار بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی دەنگدان لەسەر یاسای دادگای فیدرالی بدەین کە بەپێی دەستوور دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی پێویستە، درێژە بەم ڕەوتە بدەین هاوکاتیش کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دادگاکەی ئەو کاتە بکەین بەو پێیەی کە نادەستوورییە.
ئەم کارە هەر وا ئاسان نەبوو، دەبوو کار بۆ شکاندنی نیسابی کۆبوونەوەی دەنگدان بە یاساکە بکەین، بەبێ ئەوەی لەگەڵ مەرجیعیەدا ڕووبەڕوو ببینەوە، هەڵبەتە ئەو کاتە مەرجیعیە زۆری پەلە دەکرد بۆ دەرکردنی یاساکە، بۆیە ناچار دەبووین زۆر بەووردیی ئەو کەیسە ئیدارە بدەین، واتا نیساب بشکێت بەبێئەوەی وا دەربکەوێت کە ئێمەین. بۆیە هەندێک جار یاریمان لەسەر دڕدۆنگی نێوان مەرجیعیە مالکی و گرووپەکەی دەکرد، ئاخر ئەوێ ڕۆژێ سەرباری هەموو ناکۆکییەکان کورد لەبەغدا لەمەسەلە چارەنووسسازەکاندا یەکهەڵوێست و یەکڕیز بوین. هەندێک جاریش دەنگدانمان بەیاساکە دەبەستەوە بە دانانی زەمانات سەبارەت بە مافەکانی هەموو کوردستان و گەلەکەی.
بەهەرجۆرێک بێت، بە زانین یان بە ڕێکەوت توانیمان درێژە بەو دۆخە بدەین، تا گەیشتە بەهاری ساڵی ٢٠٢١. لەو کاتەدا حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان بوو، کازمی سەرۆکوەزیران، بەرهەم ساڵحیش سەرۆککۆمار بوون. تاوانە گەورەکەی کە کردیان، ئەوە بوو کە بەشێوازێکی نادەستووریی و نایاسایی، ئەمری ژمارە (٣٠) سالی ٢٠٠٥ یان هەموار کرد، بەوەش ئەم دادگایەی ئێستا دامەزرا. ئەو کاتە ئێمە و خەڵکی دیکەش هاوارمان کرد کە ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە و ملی خۆمان تەسلیم بە وڵاتێکی دراوسێ و ملیشیاکانی لەناو عیراقدا دەکەین، بەڵام بەداخەوە غروور و تاکڕەویی حەلبووسی گەیشتبوە ئەوپەڕی. حەزی کوێرانەشی بۆ دەسەڵات و ئیمتیازەکان گەیشتبوونە ئەوەی دۆخی ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار بقۆزێتەوە و داوای پۆستی سەرۆککۆمار بۆ شەخسی خۆی بکات.
لە سیاسەتدا هەڵپە ملشکانی بەدواوەیە. کورتبینییش دەیان کارەساتی جۆراوجۆر دەخاتە سەر ڕێگەت. ئاخر ئەوەیە جیاوازیی نێوان ئەزموون و هەڵپە و هەڵەشەیی، جیاوازی نێوان سیاسییەک کە قەزیەی گەورەی هەیە لەگەڵ کەسانی مشەخۆر کە بۆ بەرژەوەندی تایبەت و حەزی دەسەڵات هاتوونەتە کایەکەوە.
ئەگەر حەلبووسی ئەو هەموارە نایاسایی و نادەستوورییەی هەمواری یاسای دادگاکەی نەسەپاندایە و بەرهەم ساڵحیش ڕێگریی لێ بکردایە ئەوا، ئەو هەموو بڕیارە نادەستووریی و زاڵمانە دژ بە کوردستان و گەلەکەی دەرنەدەچوون، خودی حەلبووسیش دوچاری ئەم چارەنووسە تراژیدییە نەدەبوو. حەلبووسی تەڵەیەکی نایەوە، ملی خۆی پەڕاند.