ئەمریکا لەحكومه‌ته‌كه‌ى سودانى نیگەرانە

عێراق 16/09/2023

سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامریی ئاشکرایکرد، ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لەهەوڵەکانی حکومەتی محەمەد شیاع سودانی بۆ چەککردنی هێزە کوردییەکانی ئێران لەناو خاکی هەرێمی کوردستان نیگەرانە.

جەبار عەودە سەرکردەی سەر بەهاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوه‌، "دەستوری عێراق ڕونە کە ڕێگە بەچالاکیی دوژمنکارانە دژ بەوڵاتانی دراوسێ نادات، بەڵام دۆخی نائاسایی وڵات‌و شڵەژان‌و لاوازی حکومەتی ناوەند بونەتە هۆی دەرکەوتنی چەندین پارت‌و ڕێکخراوی نەیاری ئێران لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا".

هەروەک دەشڵێت، "مەترسیی ئەو هێزانە لەوەدایە کە خاوەنی چەکن‌و بونیان لەناو هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەنەخشەی عێراق قۆستۆتەوە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، ئەمەش پێچەوانەی دەستورەو ناوچەکە بەرەو ململانێی هەرێمیی‌و نێودەوڵەتیی دەبات".

بەوتەی عەودە، ئەمریکا بەوپێیەی نەیاری ئێرانە، بەپارەو چەک هاوکاریی زۆرینەی پارتە بەرهەڵستکارەکانی ئێران دەکات، هەربۆیە بڕیارەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ چەککردنی پارتە کوردییەکانی ئێران لەناو خاکی هەرێمی کوردستان واشنتۆنی زۆر نیگەرانکردوە، بەتایبەت کە واشنتۆن وەک کارتێکی گوشار بۆسەر تاران سەیری ئەو هێزانەی دەکرد.