هەوڵێکی گەورەی بەقاچاخبردنی دەرمان شکستی پێ هێندرا

عێراق 17/10/2020

چاودێر

 

پۆلیسی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند، گەورەترین هەوڵی قاچاخچێتیی دەرمانیان لە نزیک شاری خانەقین پوچەڵ کردووەتەوە کە ویستراوە 19بارهەڵگر دەرمان لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق بکرێت.

بە پێی زانیاریی میدیا عێراقییەکان، ئەو دەرمانانە لە سنووری قەزای خانەقینەوە هێندراونەتە پارێزگای دیالە و بە وتەی پۆلیسی پاریزگای دیالە چەند بارهەڵگرێکیان خۆیان نەداوە بە دەستەوە و بە زەبری هێز وەستێندراون.

ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کردووە، پێشتر ئەو دەرمانانە لە ئێران کڕاون و خۆیان بە یەکەوە ڕەوانەی عێراقیان کردووە و نەیان ویستووە بەبێ گومرگ بچێتە ناو خاکی عێراقەوە.

بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی پارێزگای دیالە، بەهای ئەو 19 بارهەڵگرە دەرمانە سەدان هەزار دۆلار بووە و لە ڕێگەی گەیشتن بە خانەقین ئاشکرا بوون و دەستگیر کراون.

دەستبەسەرداگرتنی دەرمانەکان بەشێکی زۆر ئێرانییەکانی نیگەران کردووە، ئێرانییەکان دەڵێن حکومەت بە هاووڵاتییان دەڵێت بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکاوە ناتوانرێت دەرمانی پێویست دابین بکرێت، کەچی دەیان تۆن دەرمان لە ئێرانەوە دەبرێتە عێراق.