كازمی هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەنێت

عێراق 27/09/2020

چاودێر

 

دانانی چەند بڕگەیەك لە پڕۆژەی بودجە لەلایەن حكومەتەكەی مستەفا كازمییەوە بە هەنگاوی سەرەتا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دادەنرێت، وەك ئەوەی میدیایەك لەسەر زاری شارەزایانەوە بڵاویكردوەتەوە.


سایتی (عەرەبی 21) ڕاپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا دەڵێت، هەنگاوەكانی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە لێبوردنی ژمارەیەك لە سەركردە دیارەكانی حەشدی شەعبی و داخستنی نوسینگەكانی لە فڕۆكەخانەی بەغداد و دەروازە سنورییەكان بووەتە مایەی گومان دەربارەی ئاماژە و ئامانجی ئەو بڕیارانە.

سایتەكە ڕای شیكەرەوە و سیاسیەكانی بڵاوكردوەتەوە و دەڵێت، هەندێكیان پێیانوایە هەوڵی حكومەتە بۆ لاوازكردنی حەشدی شەعبی، لەكاتێكدا هەندێكی تر جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە هەڵوەشاندنەوەی حەشد پرسێكی ئەوەندە ئاسان نییە.

سایتەكە لەسەر زاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە دەڵێت، بڕگەیەك لە پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن حكومەتی مستەفا كازمییەوە دانراوە و بووەتە هۆی نیگەرانی هێزە سیاسیە شیعیەكان و زیادبوونی توڕەییان.

بەپێی سەرچاوەكە، وێنەیەكی دزەپێكراوی پڕۆژەیاساكە بڕگەیەكی تیایە كە تایبەتە بە دابەشكاری دارایی لەنێو پێكهاتە وەزارییەكاندا، كە هێزە سیاسیە شیعییەكان بە هۆكارێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و دابەشكردنی چەكدارەكانیان لەنێو پێكهاتەكانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ ناویدەبەن.

دروستکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، کاتێک داعش بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی عێراق کۆنتڕۆڵکرد، ئەوکات ئەم هێزە لەسەر فەتوای مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنرا.