مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران ئامادەیە

عێراق 13/09/2020

چاودێر

 

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی گشتیی 2020ی عێراق بەم نزیکانە دەنگی لەسەر دەدرێت، ئەوەش وا دەکات مووچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی عێراق مسۆگەر بێت، ئاماژەی بەوە کرد، هیچ مەترسییەک لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئارادا نییە.  

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئەیلولی 2020، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەی"سەباح"ی نیمچە فەرمیی   عێراقی ڕایگەیاند: "پەرلەمان لە سەرەتای مانگی داهاتوو بودجەی گشتیی  2020 عێراق پەسەند دەکات و هیچ مەترسییەک لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئارادا نییە".  

جەختیشی کردەوە : "پەسەندکردنی یاسای بودجە لە لایەن پەرلەمانەوە دەبێتە هۆکاری مسۆگەرکردنی مووچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی عێراق".   

لەبارەی ئەوەی جارێکی دیکە حکومەت پەنا بۆ قەرز دەبات بۆ مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەران، سەفار وتی: "پێکهاتەکانی بودجە لە ڕێگەی قەرزی ناوخۆ و دەرەکییەوە بە پێی یاسا دابین دەکرێت، هیچ قەرزێک لە دەرەوی یاسا ناکرێت، ئەوەی پێشتر ڕووی دا بۆ مسۆگەرکردنی مووچەی مانگەکانی تەموز، ئاب و ئەیلول بوو، حکومەت  ناچار بوو بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمیی تەمویلەوە ئەو ڕێکارەی گرتەبەر".